دەوڵەتی سەربەخۆ سەرفرازیی نیشتیمانیی و تۆمارٍكردنی مێژوویی پر شانازییە...

دەوڵەتی سەربەخۆ سەرفرازیی نیشتیمانیی و تۆمارٍكردنی مێژوویی پر شانازییە...
هەرێمی كوردستان نموونەی ئاشتی و پێكەوەژیان و ئاسایشە، هیوادریشم حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستا بەرەو دەوڵەتبوون هەنگاو بنێن و هیوای لەمێژینەی گەلەكەمان بهێتەدی لە خزمەتی كوردستاندا بن و بەرژەوەندی حزبییان بەلاوە بنێن و پێش كوردستانی نەخەن، كورد لەوەتەی هەیە لە خەباتی بەردەوام و چەوساندنەوەی بێ حەسانەوەدا بووە، لە راستیدا هەرێمی كوردستان خۆی لە چوارچێوەیەكی یاسایی و رامیاری و ئابوری و كۆمەڵەیەتی نوێدا دەبینێتەوە و پەیوەندیەكی بەهێزی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆربەی دەوڵەتانی جیهاندا بنیات ناوە و رۆژ لە دووای رۆژ پشتیوانی زیاتری بۆ پەیدا دەبێت. لەم كاتەشدا كۆمەڵێك لایەنی بەهێز هەن بۆ راگەیاندن و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كە لە ژمارەیەكی كەم لەم ووڵاتانەدا هەبووە لە كاتی راگەیاندن و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان و یان تائێستایش هەندێكیان لێ بەهرەمەند نین، كە لە هەمووی گرنكگتر بەرێز سەرۆك بارزانی بە سوور بوونی لەسەر سازدانی راپرسی و پێكهێنانی دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆیی كوردستان و مانەوە لە ناوچە دابراوەكان خزمەتێكی گەورەی بە كورد گەیاند، سەركەوتنی مرۆڤیش لەوەدایە كە ڕێز لە خۆیی و ئیرادەی گەلەكەی بگرێ، پێویستە كورد بەراشكاوی بریاری لە ئایندەی خۆیان بدەن و سەرخەرانی ئایندەش بكەنە سمبولی خۆیان نەفرەتیش لەو كەس و لایەنانەی دژی ئەو دەسكەوتە مێژووییە دەوەستنەوە.

هەرێمی كوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە كردووە كە حكوومەتی عێراقی هەرگیز ریفراندۆمی سەربەخۆیی پێی باش نەبووە ، هەربۆیە هەرێمی كوردستان ئەو مافە بەخۆی دەدات كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەبێ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدات ، بۆ ئەم مەبەستە دەست بە دانووستان لەگەڵ بەغدا ، وڵاتە زڵهێزەكان و وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكاتە.بۆ ئەم مەبەستە لێژنەیەكی ئاستبەرز لە زۆرینەی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە كە بە كۆمیتەی ریفراندۆم بەناوبانگە.بارزانی لە هەموو كۆبوونەوەكانی خۆیدا لەگەڵ بەرپرسانی رۆژئاوایی ، عێراقی و هەرێمی دووپاتی لە سەر ئەوە كردووە كە هاوبەشی لەگەڵ بەغدا شكستی خواردووە و ئەوان پاشكۆی بەغدا قبۆڵ ناكەن و خۆی لەرێگەی ریفراندۆمەوە بڕیاری جیابوونەوە لە عێراق دەدات . ریفراندوم گوزارشت لە دەنگی سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكات.هەروەها ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمیش دامەزراوە و ئەندامانی سەردانی بەغدا و وڵاتە جیاجیاكانی جیهان دەكەن بۆ ئەوەی بەربەستەكانی بەردەم بەرێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەڵگرن و مەرامی كوردستان بۆ هەموو لایەك روون بكاتەوە.بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زۆرتر لە ریفراندۆمدا پێویستە كێشەكانی پەیوەست بە پرۆسەی سیاسی لە كوردستان چارەسەر بكرێن و هەنگاوی جددی هەڵبگیرێت بۆ باشتركردنی باری گوزەرانی هاوولاتیانی هەرێمی كوردستان.

گشت شۆڕشەكانی كوردستات هەڵگری بیری نەتەوایەتی بوون، بەڵام تا رادەیەك ناوچەیی بوون و بۆ دەربازبوون بووە لە ژێردەسەڵاتی داگیركەر و چەوسانەوە و زەبرو زەنگ، ئەو شۆڕشانە هاوئامانج بوون لە بیری نەتەوایەتی و كوردایەتی، بەڵام دەنگەكانیان وەكو پێویست نەگەیشتۆتە هەموو ناوچەكانی كوردستان، ئەمە درێژەی هەبووە تا سەرەتای سەدەی بیست كە ئاستی هۆشیاری و دەرفەتەكان زیاتر بوو، هەربۆیە شۆڕشی بارزان و دەركەوتنی مەلا مستەفا بارزانی وەكو رێبەرێكی گەورەی كورد و سەركردەكانی دیكەی وەك قازی محەمەد و شێخ مەحموود كاریگەری لە گۆڕانگارییەكی چۆنایەتی لە شۆڕش و خەباتەكان كردو قۆناغێكی نوێ دەستی پێكرد، تەنانەت لەساڵی 1920 دەردەكەوێت كە برایم خانی دەلۆ كە من نەوەی ئەوم، شۆڕشی كردووە و شاری كفری لەژێر دەستی ئینگلیزەكان رزگار كردووە، ئەو كاتە داوای مافی گەلی كوردی كردووەو حكومەتێكی كاتی دامەزراندووەو، لەگەڵ ئینگلیزەكان دانوستاندنی كردووە بۆ ئەوەی شێخ مەحمود لە مەنفاوە بگەڕێننەوە. بەڵگەنامەیەكیش هەیە كە ناوی برایم خانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی و سەرۆك هۆزو پیاوماقووڵانی تێدایە كە داوای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییان كردووە، لەو بەڵگەنامەیە لە راستیدا 62 كەسن داوای دروستبوونی دەوڵەتی كوردیان لە ئینگلیزەكان كردووە، بەداخەوە تەنیا 57 ناویان تۆمار كراوە. بەمشێوەیە سەردەمی میرنشینەكان قۆناغێكە لە مێژووی كورد تا دوا میرنشینی كورد كە میرنشینی بابان بوو لە ساڵی 1851، دوای ئەم سەردەمە سەردەمی خەباتی كورد بووە خەباتێكی دیكە وەكو شۆڕشەكانی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفید و شۆڕشەكانی شێخ ئەحمەدی بارزان و شۆڕشەكانی ناوچەی بارزان و شۆڕشی برایم خان و شۆڕشی حاجۆلە لە سووریا ئەمانە هەمووی بوونە بنەما بۆ داكۆكیكردن لەمافی نەتەوەیی كورد، ئەم شۆڕش و راپەڕینانە بەردەوام بوو تا گەیشتە دەركەوتنی كەسایەتیەكی كاریزماو رابەری گەورەی وەكو مەلا مستەفا بارزانی كە نەك تەنیا لە باشووری كوردستان بەڵكو لە هەرچوارپارچەی كوردستان توانی بیری نەتەوایەتی زیندوو بكاتەوەو خەبات و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد لەپێناو مافی چارەی خۆنووسین بگەشێنێتەوە.
Top