کورد لە نێو گەمە نێودەوڵەتییەکاندا

کورد لە نێو گەمە نێودەوڵەتییەکاندا

پێش چەند ساڵَێک سیاسەتمەدارو رۆژنامەنۆسی بەناوبانگی ئێرانی دکتۆر "عەلی ڕەزا نوری زادە" لە بەرنامەیەکی تلەفزیۆنیدا وتی : تا ڕوسیا پێی بکرێ سود لە سەروەت و سامانی ئێران وەردەگرێت، بۆ پێکاندنی ئەم ئامانجەش بە گشتی لە ناوچەکەدا پشتگیری لە سیاسەت و کردارەکانی ئێران دەکات، بەڵام ئەگەر روسیا لە نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و ئێراندا کەوتە سەرەتای دوو ڕییانێکەوە، دڵنیام لەوەی روسیا ڕێگای ھاوپەیمانێتی وڵاتانی رۆژئاواو ئەمریکا ھەڵدەبژێرێت و ھەرگیز بەشێوەیەکی ستراتیژی پشتگیری لە سیاسەتەکانی ئێران ناکات. ئەگەر سەرنج بدەینە سەر ڕووداو و پێشھاتە نوێ سیاسیەکانی وڵاتانی جیھان، کۆبوونەوە نھێنی و لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکاو نەرمی نواندنی روسیا، دیارە لێک تێگەیشتنێکی باش لە نێوانیاندا ھەیە، یەکێکی دیکەی ئەو خاڵانەی کە ئاشکەرایە ئەمریکاو ڕوسیا لەسەر نەخشەی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێکھاتوونە کە گەورەترین زیان بە شکۆ و سەروەری وڵاتی ئێران دەگەیێنێت لە ناوچەکەدا، دۆسیەی کوردەکانە، ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانیان سەر لە نوێ دەستکاری سنورەکانی ھەندێک وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکەن بە تایبەت وڵاتە پولیسی و سەربازییەکان، سەر لە نوێ پلان دادەنێن بۆ کونترۆل کردنی باردۆخی ناوچەکە لە ھەموو لایەکەوە بەتایبەت ئەو لایەنانەی بەمەترسی دەزانن لە سەر ئایندەی ئاسایشی وڵاتانی خۆیان، بۆ ئاسان پێکاندنی ئەم ئاماجانەش ھیچ میکانزمێک وەکو پشتگیری کردن لە دۆزی نەتەوەیی کورد (وەکو خاوەن خاک و کەلتور و زمان و مێژووی تایبەت بەخۆیان) گۆنجاوتر نییە تاکو شەرعیەت بدەن بە دەستێوەردانەکانیان و ئەو وڵاتانە بێ ھێز بکەن کە لە دواڕۆژییان ڕەش بینن، بۆیەش رۆژئاوا بڕیاری داوە دەوڵەتی باشوری کوردستان دابمەزرێنێت وەکو یەکەم ھەنگاوی پراکتیکی و بناغەی گۆرانکارییەکان (ئەمەیە ئێرانی تەنگاو کردووە)، سەربەخۆ کردنی رۆژئاواو رۆژھەڵاتی کوردستانیش بەدوایدا دێن، ئەگەر تورکیا لەو ڕێڕەوە دەرچوو کە لە لایەن رۆژئاوایەوە بۆی دیار کراوە ئەوا سەربەخۆیی کوردستانی باکوریش دێتە ئاراوە، بۆیەش تورکیا لەم سیاسەتە ئاگادار کرایتەوەو ئەو کاتەی ھاوکار بوو لە دروست کردنی ژێرخانی ئابووری و سیاسی ھەرێمی کوردستان دانی بە دروست بوونی دەوڵەتی باشور ناوەو لە پارچەکانی دیکەش ناچارە ئەم دیفاکتۆیە قبوڵ بکات تاکو باجی گەورە نەدات، ئەگەر تورکیا جارجار لە بەرامبەر ستراتیژییەت و سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاواش بوەستێت تەنھا سیناریون بۆ بابەتی تەکنیکی و کاتی.
روسیا تەنھا وڵاتێک بوو کە دەیتوانی کوسپ لەبەردەم ستراتیژییەت و بەنامەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی دابنێت لە ناوچەکەدا، بەڵام روسیا دەزانێت سیاسەتەکانی ئێران لەسەردەمی نوێدا کە پلان بۆ دروست کردنی ھیلالی شیعە دادەنێت و لە وڵاتانی ناوچەکەش گرۆپ و میلیشیای تۆندڕەو دروست دەکات، مەبەستییەتی سەردەمی خەلافەتەکانی عەباسی و ساسانی بگەڕێنێتەوەو لە رێگای بیروباوەری تۆندڕووی ئاینییەوە ھەژموونی خۆی زیاد بکات و رۆژێک حوکمی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکات، ھەرچەند روسیا دەزانێت ئەمە کارێکی ئەستەمە سەربگرێت بەڵام ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا رێکنەکەوێت، ئەوە باجی رێگیری کردنی ئێران لەم سیاسەتە مەترسیدارە لەسەریان قورس دەوەستێتەوەو لەوانەیە نەتوانن کونترولیشی بکەن، ھەر بۆیەش روسیاو ئەمریکاو وڵاتە زلھێزەکانی دیکە لەسەر نەخشەی نوێی رۆژھەڵاتی نێوەڕاست رێککەوتوون و تەنھا کات گورانکارییەکان بەدیار دەخات، سەرەڕای بوونی ئیکسون موبیل لە کوردستاندا گرێبەستەکانی نەوتی ئەم دواییەی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا روسیەکانیش ئەمە دەسەلمێنێت.
لە کوردستان ھاوپەیمانەکانی ئێران ڕوو لە کەمبوونن، چونکە ھەندێک لایەن لە سیاسەتی ناوچەکە تێگەیشتوون، کورد وەکو کاراکتەرێکی سەرەکییەو تیشکی خۆڕی ئازاد بوونی بەدیار کەوتووە، لەوانەیە ھەندێک لایەنی سیاسی کوردستان نەتوانن ئەمە ھەزم بکەن بەڵام دەیان ساڵن لە کوردستان ھیچ ھێزێک وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وڵاتانی رۆژئاوا جێگای بڕوا نین و بۆیان ئەستەمە سیاسەتی پارتی لە ھەرچوار پارچەی کوردستان ئەلتەرناتیڤی ھەبێت، تاکو پارتی لەم سیاسەتەی بەردەوام بێت کە نزیکە لە سیاسەتەکانی رۆژئاوا، ھەرگیز لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە ناپاکی لە گەڵ دوستەکانی ناکات و نزیکە سەدەیەکە بۆ ڕۆژئاواییەکان ئەمە دەسەلمێنێت، ھەروەھا ھەمیشە پەرۆشی خۆی بۆ پاراستنی مافی ھەموو نەتەوەو ئایین پەرستێک دەربریوە.
ئەوانەی دژایەتی کردنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، ھیچ لە جەوھەری سیاسەت تێناگەن و تەنھا وەکو ڕاگەیاندنکار لە سیاسەت دەڕوانن، بۆیەش خەریکە گڕەو بە ژیانی خۆیان لەسەر ئەسپی تۆپێو دەکەن!، دژایەتی کردنی سەربەخۆیی کوردستان دژایەتی کردنی ستراتیژییەتی وڵاتانی زلھێزی جیھانە کە گەر ناچار بوون سەری رێگیرەکان لە پێشیان پان دەکەنەوە، لە سیاسەتیشدا بۆ ئەم جۆرە کارانە تەکتیک زۆرن.
Top