١٦ی ئاب، پارتی و کار و کاردانەوە

١٦ی ئاب، پارتی و کار و کاردانەوە
1_ پارتی دیموکراتی کوردستان بەرهەمی یەکگرتنی کوردستانیانە، پارتی بە پێچەوانەی حیزبەکانی دیکەی باشوری کوردستان بەرهەمی ئینشقاق و پارچە بوونی کۆمەڵگای کوردستان نییە .
پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکگرتنی حیزبی هیوا و شۆڕش و ڕزگاری و لیژنەی ئازادی و کەسایەتییە دیار و بەرچاوەکانی وەک شێخ لەتیف شێخ مەحمود و کاکە زیاد ئاغای کۆیە، پێک هات .
بە پێچەوانەی نزیکەی هەموو حیزبە دیارەکانی باشوری کوردستان کە بوونە هۆی پارچە کردنی تەونی کۆمەڵگای ماندووی کوردستان و لاواز کردنی حیزبێکی دیکە . حیزبە لادەرەکانی ناو گۆڕەپانی کوردستان هەر لە بەیانی ئینشقاق و لە یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی خۆیان داوای یەکگرتن و یەک ڕیزی گەلی کوردیان کردووە !.
٢- هەموو شتەکانی سەر ڕووی زەوی بۆ خۆ پێناسە کردن، پەنا دەبەنە بەر جمکی هاودژی خۆیان . بۆ نمونە: بۆ ناسینی شەو دەبێت بزانین ڕۆژ چییە ؟ بۆ ناسینی کورت دەبێت بەرزیش بناسین و بۆ گەرما دەبێت سەرما بناسین و تاڵ و شیرین و گریان و پێکەنین و خەم و شادی و .. تد.
حیزبە لادەرە کوردستانیەکان بۆ خۆ پێناسە کردن هەمیشە ناچارن باسی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن . کاتێک لەو حیزبانە دەپرسین ئێوە کێن ؟ لە وەڵامدا لە جیاتی ئەوەی خۆیان و بەرنامەی خۆیان پێناسە بکەن، خێرا دادەبەزنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و هەرچی سیفەتی خۆیانە دەیدەنە پاڵ پارتی . جمک یا دوانەی هاودژی ئەوان پارتی دیموکراتی کوردستانە، کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، هیچ یەک لەم حیزبانە بوونیان نەبوو.
پارتی بۆ خۆ پێناسە کردن، پەنای بردە بەر ڕەوشتی ژیان و بوونی کوردستانیان و نیشتیمانەکەمان، بۆ خۆ پێناسە کردن دەبوایە دیار بکات داگیر کەران نیشتیمانی ئێمەیان لە نێوان خۆیان دابەش و داگیر کردووە . ئێمە ئێستاش کاتێک لێمان دەپرسن ئێوە کێن ؟ وەڵام دەدین : ئێمە ئامێری ڕزگاری کوردستانین لە ژێر دەستی . ئێمە دەمانەوێت کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد دروست بکەین، ئێمە (پارتی) یانەی گرد بوونی ئەو تاکە هوشیار و لە خۆ بووردوانەیە کە دەمانەوێت کوردستان ڕزگار بکەین، ئێمە بۆ بەر سینگ گرتنی داگیرکەری چاوچنۆک و گەندەڵ ڕاپەڕیوین .
٣_ کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشوری کوردستان دامەزرا، بە بێ ڕاوێژ و پرسی پێشەوای نەمر قازی محەمەد نەبووە، ڕۆژی دامەزراندن و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سودفە نەبووە بە شانزەی تەباخ، ساڵێک پێشتر ڕێک لەم ڕۆژەدا حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرا بوو . هاوکات بوونی ڕۆژی دامەزراندنی هەردوو حیزب لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمی هاوخەباتی و هاوفکرییە . ئەو کاتە بۆ ئەوەی بیانوو نەدرێتە دەست درێژی داگیرکەران، وا بە باش زانرا بۆ هەر بەشێکی کوردستان حیزب و ڕێکخستنی تایبەت بە خۆی هەبێت .
هەم ڕێگاکانی شەڕ و خۆڕاگری دژی هەر داگیرکەرێک جیاوازە، لە عەینی هاو خەباتی و هاو چارەنووسی ڕێزی یەکتر بگرین بۆ جیاوازیی ڕێگاکانی تێکۆشان بۆ ئازادی .
٤_ ئەو حیزب و لایەنانەی کە بۆ دەست نیشان کردنی (ئەویدی) خۆیان و یاخود دوانەی جیاوازی خۆیان، پەنا دەبەنە بەر شکاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بێگومان لە شرۆڤە و خوێندندەوە و تێگەیشتنیان بەرامبەر پارتی و هەنگاوەکانی لە لایەک و لە لایەکی دیکە بۆ تێگەیشتن لە ڕەوشی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان و سروشتی داگیرکەران تووشی هەڵە دەبن .
سەیر نییە کەوا دەزانن تێکۆشانی پارتی بۆ سەربەخۆیی و ئەنجام دانی ڕیفراندۆم کار نییە و بەڵکو کاردانەوەیە ؟! پارتی لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە، بەڵێننامەی نهێنی شەرەفی هەبوو، کە ئامانجە شاهانە و سەرەکییەکەی تێکۆشان دەبێت بۆ سەربەخۆیی و بە دیهێنانای کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ، بۆیەشە داگیر کەرانیش زیرەکتر لەو هێزە لاوازە کوردستانیانە هەرگیز بڕوایان بە دروشمە بچووکەکانی وەک لا مەرکەزی و ئوتونومی و فیدڕاڵی نەکردووە، بۆیەشە کە دەبینین ئەم هێزە لا دەرانە بە بیرکردنەوەیەکی نەخۆشەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە پرسی سەربەخۆیی لە تۆڵەی لادانی بەڕێز هوشیار زێباری و یاخود بڕینی بودجە و گەندەڵی نەوت و ... تد بووە . ئەم هێزانە هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستانیان نە ناسیوە هەڵوێستەکانی پارتی کاردانەوە نین، بەڵکو کارن لە پێناو ئازادی کوردستاندا .
Top