دواخستنی گشتپرسی و بەدیلەكانی
August 17, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوروپییەكانیش پاساوی هاوشێوەی ئەمەریکایان هەیە. ئێران هەموو هەوڵێك دەدا بۆ ئەوەی كۆسپ بۆ ئەم پرۆسەیە دروست بكات. لایەنە سیاسییە عەرەبیە شیعەكانی عێراق لە دژی وەستاونەتەوە بۆ ریكلامی هەڵبژاردن و هاندانی شەقامی شیعە لەدژی كوردستان كەوتوونەتە كێبڕكێ.
بەڵام هیچ یەك لەمانە جورئەتیان بەخۆیان نەداوە بەڕوونی دژایەتیی ئامانجی گشتپرسی بكەن كە سەربەخۆییە. گرفتیان لەگەڵ ئامراز و تەوقیت هەیە كە گشتپرسیەكەی25-ی ئەیلوولی داهاتووە.
هۆكاری دەنگی نەیاری گشتپرسی و سەربەخۆیی لەناوخۆدا پتر دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی سیاسی. ئەوان نایانەوێ لەم پڕۆسەیەدا بارزانی و پارتی سەرقافڵە بن. ئەوە لە حاڵێكدایە كەسیش دەستی نەگرتوون كە ببن بە بەشێك لەم شانازییە گەورەیەی مێژووی گەلی كوردستان.
لۆژیكی سەرۆك بارزانی لە وەڵامدانەوەی داواكاریی بۆ دواخستنی گشتپرسی زۆر بەهێزە. "ئەگەر كات گونجاو نییە ئەی كەی كات گونجاوە و بەدیل چییە؟" هیچ یەك لە نەیارە دەرەكی و ناوخۆییەكانی گشتپرسی وەڵامی ئەو لۆژیكەی بارزانیان پێ نییە.
لەبنەڕەتدا گشتپرسی و سەربەخۆیی رێگەیە بۆ نەهێشتنی كێشەكان و رێگەگرتن لە شەڕ و دووبارەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەكان. رێگەیەكە بۆ هاوكاریی ئابووری و ئەمنیی زیاتر و رووبەڕووبوونەوە و ریشەكێشكردنی تیرۆر و گەییشتن بە ئاشتی و سەقامگیری.
لەكاتی ئێستادا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەبێ هۆشیار بێ، پاساوەكان بۆ دواخستنی گشتپرسی لاوازن و نابێ یەك بست لە تەوقیتی گشتپرسی پاشەكشە بكەن. هەر جۆرە پاشەكشەیەك زیانی گەورە لە دۆزی رەوای كوردستان دەدات كە قەرەبوو ناكرێتەوە.
پاشەكشە لە ئەنجامدانی گشتپرسی تەنیا كاتێك دەبێ روو بدات كە ئەلتەرناتیڤی بەهێزتر و گونجاوتر لە گشتپرسی هەبێت بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی. هەر ئەلتەرناتیڤێك بخرێتەڕوو، دەبێ ئەلتەرناتیڤێك بێت كە باشتر لە گشتپرسی خزمەتی سەربەخۆیی كوردستان بكات. ئەگەر بەدوای بەدیلێك بن كە لاوازتر بێ لە گشتپرسی ئەوە كوردستان دەگەڕێتەوە خاڵی سفر و دەكەوێتە هەڵوێستی لاوازی ستراتیژی و ئەوەی ئێستا هەیەتی لەدەستی دەدا لە سەرجەم بوارەكاندا.
ئەگەر سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بڕیاری راگرتنی گشتپرسی بدات و ئەلتەرناتیڤێكی دیکە پەسەند بكات بۆ سەربەخۆیی، ئەو ئەلتەرناتیڤە دەبێ هەڵگری دوو مەرجی سەرەكی بێت. یەكەم، سەربەخۆیی كوردستان رەهەندێكی نێودەوڵەتی وەربگرێت و ببێتە رێكکەوتنێكی نێودەوڵەتی بە بەشداریی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی زلهێز و كوردستان و دەوڵەتی عێراق. دووەم، سەقفێكی زەمەنیی دیاریكراو هەبێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی و لەو ماوەیەدا عێراق و كوردستان لە ڕێگەی دانوستاندن بابەتی سنوور و جیۆگرافیا و نەوت و هاوكاریی ئابووری و ئەمنیی نێو خۆیان رێكبخەن.