١٦ی ئاب یادێکی مەزن و ھیوایەک بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ

١٦ی ئاب یادێکی مەزن و ھیوایەک بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ
بەر لە ھەموو شت پێویستە باس لە بارودۆخی دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین، ئەو پارتەی، لە ١٦ ئابی ساڵی ١٩٤٦ بە سەرۆکایەتیی باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد (بارزانی نەمر) دامەزرا.
سەرەتا ناوی (پارتی دیموکراتی کورد) بووە، لە کۆنگرەی سێیەمدا کە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣، لە شاری کەرکووک بەسترا، بڕیار درا ناوی حیزب بکرێتە (پارتی دیموکراتی کوردستان)
ئەگەر سەرنج بدەین پارتی لە قۆناغێک دروست بووە، بارودۆخی ئەو رۆژگارە پڕاوپڕ لە کارەسات بوو، تازە کۆتایی بە کۆماری کوردستان ھاتبوو، دوژمانی کورد دڵی خۆیان بەوە دەدایەوە، ئیتر کورد تەواو، جارێکی دیکە ناتوانێت سەرھەڵداتەوە و کۆتایی ھاتووە.
پارتی ھەر لەگەڵ دروستبوونی بەڵێنی بە خەڵکی کوردستاندا، ئەوەتا من ھەم، منم درێژە بە خەبات و قوربانیدان دەدەمەوە، منم دەبمە مەشخەڵی خەبات بۆ بەدەستھێنانی مافەکانتان.
بۆیە ئەگەر سەیری ڕابردووی ئەو مێژووە بکەینەوە دەبیین زۆر ئەستەم بووە کە پارتی درێژە بەخەبات بدات بەڵام دامەزرێنەرەکەی جەنەراڵ مستەفا بارزانی وەک کەسایەتیەکی بەھێزی ناوچەکە و رۆڵی حەکیمیانە ئەم سەرکردە مەزنە گڕو تینێکی بێ وێنەی داوەتە قۆناغی دروستبوونی پارتی و خەبات و بەرخودانەکانی.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبازێکی پڕاوپڕ لە ڕاستی و دروستی، لەپێناو نەتەوەیەک و ڕزگار کردنی گەلێک دەستی بە خەباتی چەکداری و سیاسی کرد.
لەگەڵ دامەزراندنی، وەک پارتێک بووە ئومێدی خەڵکی کوردستان و تا دەھات زیاتر لە مەیدانی تێکۆشاندا جێگەی خۆی لە ناو دڵی جەماوەر دەکردەوە، جەماوەریش بە تێکڕا لەگەڵ سەرەوەریەکانی پارتی تێکەڵ دەبوون.
پارتی، نەک تەنیا لە خەبات و تێکۆشان رۆڵی ھەبووە، بەڵکو قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی پێشمەرگە، سەرکردە، فەرماندە و کادیری پێشکەوتوو، بە درێژایی تەمەنی حەفتاویەک ساڵەی خۆی، رۆڵی سەرەکی بینیوە لە سەرۆکایەتی کردنی قۆناغی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد.
پارتی برٍِوای بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادییەکانی تاک، مافە نەتەوەییەکانی کورد و ھەموو نەتەوەکانی دیکە ھەیە.


Top