پارتی زیاتر لە حزبی پێشەنگ

پارتی  زیاتر لە  حزبی پێشەنگ
پارتی و حیزب:
لە پێناسەیەکی کورت دا بۆ حزب دەتوانین بڵێین حزب بریتی لە کەسایەتیەکی مەعنەوی لە کۆمەڵێک کەسی سروشتی پێک دێ و لە پێناو ئامانجێکی ھاوبەشی دیاریکراوی ڕەوا گرد دەبنەوە و کاری لەسەر ئەکەن و بە ئامرازە یاسایەکان دەیانھێنەدی، لێرەدا ئەگەر بپرسین ئەو پێناسەیە بۆ حزبێکی سیاسی وەک پارتی گونجاوە یان نا بەدڵنیایەوە دەڵێین لە جێگای خۆیەتی، چونکە مەرج و پێداویستی حزبێکی سیاسی لە پارتی دا بوونی ھەبووە بۆیە نزیکەی(٧١) ساڵە لەکۆری خەبات و بزافی ڕزگاریخوازی کوردستان دانەبڕاوە.

ڕاگەیاندنی پارتی:
پارتی دیموکراتی کوردستان لە( ١٦ی ئابی ١٩٤٦) بەسەرکردایەتی باوکی ڕووحی نەتەوەیی کورد (بارزانی نەمر) دامەزرا، لەوکاتەی پارتی ڕاگەیاندرا کورد لە بارودۆخێکی ناھەمواری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەیگوزەراند، بەڵام ڕاگەیاندنی پارتی وەک حزبێکی سیاسی گەورەترین فریادەرسی ساتەوەختی مێژووی بوو، چونکە پارتی توانی دەنگی ناڕازی و ئازادیخوزانەی کورد یەک بخات و دژی سیستەمی سیاسی داپلۆسێنەری عێراقی ئەوکات و دوای ئەویش بوەستێتەوە .

بۆچی پارتی دامەزرا:
ئەم پرسیارە مافێکی ڕەوای ھەرکەسێکە لەبارەیەوە بپرسێت، بۆیە لە وڵام دا دەڵێن بۆچی پارتی دانەمەزرێت؟!
لە وەختێک گەلی کورد لەژێر چەپۆکی داگیرکەر دەیناڵاند و رۆژانە خاکی کوردستان داگیردەکرا و لاوانی ڕاپێچی زیندان دەکران لەوێشەوە بۆ گۆرستانەکانی مەرگ، پارتی موژدەی ھەڵاتنی خۆری بەگەلی کوردستاندا تاوەکو بەگەشبینی بمێننەوە و خەباتی بێ وچان بکات بۆ بەرزراگرتنی شکۆی مرۆڤی کورد و کەسایەتی تاکی کوردستان ھەڵبەتە لە ھێنانەدی ئەم مەبەستە پشکی شێر بەر پارتی کەتووە.


پارتی و شۆرش:
دوای پاشگەزبوونەوەی عەبدولکەریم قاسم و پەراوێزخستنی کورد لەھاوبەشی پێکردنی عێراق وەک دووەم گەورە نەتەوە لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتە بارزانی ڕابەری نەتەوەی کورد و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گەڕایەوە بۆ کوردستان و جاری شۆڕشیدا و ڕەتی کردەوە ژێردەستی حکومەتی ناوەندی بکات، بۆیە بارزانی بەھەموو شێوەیەک گڕوتینی بە شۆڕش دا و ئەسپی شۆڕە سواری کوردایەتی و تێکۆشانی بەورەیەکی بەرز تاودا سەرەنجام شۆرشی مەزنی ئەیلولی وەشاند پاشان لەژێر بەرەدەوامی خەباتی شۆرشگێرانی کورد بەسەرکردایەتی پارتی و سەرۆکایەتی بارزانی نەمر پەیماننامەی ١١ی ئازار راگەیانرا کە گەورەترین دەسکەوتی شۆرشی ئەیلول بوو کە پارتی نوێنەرایەتی دەکرد، بەڵام ھێنانەدی دەسکەوتەکانی(١١ی ئازاری ١٩٧٠)بەو شێوەیەی رێکەوتنی لەسەرکرا سەرجەم بەندەکان نەھاتنەدی، چونکە نەیارانی کوردستان بەپیلانێکی دوژمنکارانە لە (ئازاری ١٩٧٥) لە جەزائر وایان کرد شۆرش ڕووبەڕووی نسکۆ بێت!..

پارتی دوای نسکۆی شۆرش:
ھەمیشە دەبێت لەو بڕوایە دابین کە پارتی ھەڵگری پەیامێکی مەزن و جێبەجێکردنی بنەما ئەخلاقیەکانی سیاسەت و مرۆڤایەتیە، بۆیە تا نەگاتە مەنزڵگا کۆڵنادات، دوای نسکۆی شۆرشی مەزنی ئەیلول دوور و نزیک مرۆڤی ئێمە نائومێد و سەرگەردان بوو، بەڵام لەژێرەوە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کاری خۆیان ئەکرد و جارێکی تر حزبیان پتەو کردەوە، بۆیە لە (٢٦ گوڵانی ١٩٧٦) بەسەرکردایەتی بارزانی نەمر دەبینین پارتی چۆن چیاکانی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تەی دەکا و داستانی مەزن و پڕ بەھا دژ بە حکومەتی ناوەند تۆمار ئەکات، بۆیە جارێکی تر وەچەرخان لەمێژووی گەلی کوردستان سەرھەڵئەدات، بۆیە پارتی مافی خۆیەتی شانازی پێوە بکات.

پارتی و ڕاپەرین:
دوای وەستانی شەڕی عێراق و ئێران لە (٨/٨/١٩٨٨) و دوای ئەنفال و کیمیاباران و وێران کردنی ھەزاران گوند و سوتاندنی خاکی پیرۆزی کوردستان لەلایەن ڕژێمی فاشی عێراق زۆربەی خەڵک و لایەنە سیاسیەکان نائومید بوون، بەڵام دەبینین (رێزدار سەرۆک بارزانی) لەداستانی خواکورک ھەر لەو ساڵە دا دەفەرموێت: "گۆڕانکاری گەورە بەرێوەیە و حکومەت ناچار دەبێت داوای دانوستان بکات"، دواتر دەبینین ڕاپەرین لەلایەن جەماوەری کوردستانەوە ئەنجامدرا، بەڵام ناکرێت ڕۆڵی پارتی لە ڕاپەرین پەراوێزبخرێت و باسی لێوەنەکرێت، چونکە بە سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی کە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کودرستانە توانرا خەڵک و لایەنە جۆراوجۆرەکانی تر کۆبکرێنەوە و رێک بخرێن بە ئاراستەی ڕاماڵینی دام دەزگاکانی بەعس لە ناوچەکانی کوردستان ئەوە بوو راپەرین لە (٥ی ئازاری ١٩٩١) لە دەروازەی ڕاپەرین شاری ڕانیە دەستی پێکرد تا دوایی سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان پاککرانەوە، ئەگەر ڕاپەرین دەسکەوتی لایەنێکی سیاسی بێت ئەوا بەپلەی نایاب مافێکی شەرعی پارتی و پارتیەکانە بۆ ئەمەش بەڵگە و دەلیلی رازیکەر و سەلمێنەر ھەن.

پارتی و دامەزراوەیی یاسایی:
دوای ڕاپەرین لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری (سەرۆک مەسعود بارزانی) لە شاری کۆیە داوا دەکات حکومەتێکی یاسایی دروست بکرێت و ڕەنج و بەرھەمی پێشمەرگە و شەھیدان بەفیرۆنەچێت، ھەر بۆیە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان لە(١٩ی ٥ی ١٩٩٢ ) لەھەمان کات دا دامەزراندنی حکومەتی کوردستان لەژێر داواکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، چونکە پرسی حوکمڕانی یاسایی لە پێشەنگی ئامانجەکانی پارتی بووە وەک حیزبێکی سیاسی لەوەشدا راستگۆ بووە لەگەڵ پەیامە سیاسیەکانی خۆی دا ئەمەش بەتەنھا کافی نیە، بەڵکو نوێنەرانی پارتی لە حکومەت و پەرلەمان لەسەرەتاوە تا ئێستا لەبەرەی گەل بوونە و کەمتەرخەمیان نەکردووە لەخزمەتی کوردستانیان وپڕکردنەوەی پێداویستیە ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەکانیان......ھتد.

پارتی و ھەڵبژاردن:
لە دوای ڕاپەڕین کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان ئەنجامدرا سەرەڕای ئەوەی پارتی پێش ڕکابەرە سیاسیەکانی کەوت، بەڵام لەبەر پێویستی بارودۆخی سیاسی ئەوکات ڕێژەی دەنگەگانی خۆی ھاوسەنگ کرد لەگەڵ بەرانبەرەکەی و کردیە ھاوبەشی سیاسی لە ماف و ئیمتیاز ئەمە وەک بنچینە پارتی دەیتوانی ئەوە ئەنجام نەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی پارتی ھەڵگری پەیامی مەزن و نەتەوەییە ھەڵسا بەخۆکردنە قوربانی تەنھا لە پێناو سەقامگیری و ئاسودەبوونی مرۆڤی کورد ئەمە دڵۆپێکە لە دەریای قوربانیدانی پارتی بەرانبەر بە ھێز و لایەنە سیاسیە ڕاکابەرەکانی، پێویستە بە ئینسافەوە سەیری ھەڵوێست و بڕیارەکانی پارتی بکرێت و ئەوە روون بێتەوە کە لای پارتی نیشتیمان و شکۆمەندی تاکی کوردستان لەسەرووی ھەمووشتێکەوەیە ئەمە تەنھا بە قسە نا بەڵکو بەکردەوەش نمونەی زیندوو زۆرن.




پارتی و کۆنگرەی حیزب:
کۆنگرە گرینگترین ئامرازی شەرعی ھەر حزبێکی سیاسیە، چونکە لەرێگای کۆنگرە دەتوانرێت شەرعیەت بدرێت بە لێپرسراوانی حیزب و بڕیارەکان و نوێ بونەوەی ڕێکخستنەکان، پارتی لەم لایەنەش دا کە پەیوەندی بەناوەخۆی حزبەوە ھەیە کەمتەرخی نەکردووە و سەرجەم کۆنگرەکانی خۆی ئەنجامداوە ئەمەش بەگوێرەی بارودۆخ و کات، چونکە پارتی لەسەرەتای سەرھەڵدانی وەک حزبێکی سیاسی شۆڕشگێری ھاتۆتە ناو مەیدانی خەباتی سیاسی و چەکداری.

پارتی و پەیوەندی بە دەوڵەتانی ناوچەکە و جیھان:
پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ جیھانی دەرەوە و وڵاتانی دراوسێ یەکێکە لەگرینگترین کار ئەگەر ھێزی سیاسی بتوانێت گرێی بدات، بەڵام لەچوارچێوەی یاسایی و بەرژەوەندی گشتی دابێت، بێگومان پارتی بەھۆی لێھاتوویی سەرکردایەتیەکەی خۆیەوە توانیویەتی پەیوەندیەکی دۆستانە و ھەمەلایەنانە دابمەزرێنێت کە دواجار لەخزمەت پرسی کورد و خەڵکی کوردستان دابێت لەمەشیاندا ئامانجی خۆی پێکاوە و توانیویەتی سەرەنجی وڵاتانی جیھان و دراوسێ ڕابکێشێت بۆ بەھاناوە ھاتنی خەڵکی کوردستان لەکاتی لێقەوماویدا جگەلەوەش بۆتە دەرچەیەکی باش بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتانەی کە نەتەوەی کورد کێشەی ھەیە لەگەڵیان.

دەوڵەت و پارتی و ئەرکە پیرۆزەکە:
پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لەسەرەتاوە باوەڕی تەواوی بە مافی چارەی خۆنوسینی نەتەوەکان و سەربەخۆیی نەتەوەی کورد ھەبووە و کاری بۆ کردوە، بەڵام دەبینین لە (کۆنگرەی ١٣ ) زۆر بەڕوونی پرسی سەربەخۆیی کوردستانی جولاند و کردیە ئامانجێکی دیار بۆ حزب کە شایەنی مساوەمەکردن نیە و قابیلی ئەوە نیە ڕەتبکرێتەوە، لەوکاتەوە تا ئێستا بەجدی کاری لەسەر ئەکات" بەڵگەش بۆ ئەمە سوربوونیەتی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵدا، ریفراندۆم رێگەیەکی یاسایی و ئاشتیانەیە بۆ جیابوونەوەی کوردستان لە عێراقێک کەنزیکەی سەدەیەکە بەناھەق پێیەوە لکێنراوە، بۆیە پارتی ئەیەوێت سەرۆکایەتی ئەم دۆزە ڕەوایە بکات بە ھاوبەشی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی تری کوردستان، لەھێنانەدی ئەم ئامانجە ڕەوا و ئەخلاقیە پارتی سەرکەوتووە، چونکە پشت بە خەڵکی کوردستان دەبەستێ و ھێنانەدی مافێکە کەسەدان ساڵە رژێمە سیاسیە لۆکاڵیەکان زەوتیان کردووە سەرەڕای ئەمەش لە دەستورە خۆماڵی و یاسا نێودەوڵەتیەکان سەربەخۆیی بەمافێکی ڕەوای سیاسی ناوەزندکرا و پارێزگاری یاسایی ھەیە.

پارتی ونوێبونەوەی سیاسی:
باشترین پارتی سیاسی ئەو پارتەیە بتوانێت بەگوێرەی ھەڵ ومەرج و بارودۆخ خۆی نوێ بکاتەوە و خۆی بگونجێنێت و پێویستی و داواکاری خەڵک لە ئامانج و پەیڕە و پرۆگرامی خۆی جێبکاتەوە ئەم دەربرینەش بۆ پارتی وەک حزبێکی سیاسی کوردستان درووستە، چونکە ئەگەر سەیری مێژووی سیاسی پارتی بکەین تا ئێستا درک بەوە ئەکەین پارتی بەگوێرەی زەمەن عەقلیەت و تێروانینی خۆی بارگاوی کردووە، بێگومان ئەمەش بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بووە دواجاریش ھەر ئەمە ھۆکار بووە (٧١) ساڵ لەگۆرپانی سیاسی وەک حزبێکی سیاسی گەنج سیاسەت بکات و براوەش بێت.

پارتی زیاتر لە حیزبی پێشەنگ، بۆچی؟
قەبارە ی کورسی و فراوانی دەنگی حزبەکان دەگەرێتەوە سەر توانا و چالاکی کارەکتەر و ئەندامانی حزبە سیاسیەکان واتە چەندەی چالاک بن ئەوەندە زیاتر ئەتوانن دەنگی جەماوەر بەدەست بھێنن و ئامانجە سیاسیەکانیان بێنەدی، ناکرێت ئەوەش لە یاد بکەین ژینگەی سیاسی رێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی بتوانرێت حزبەکان گەشە بکەن و لەماوەیەکی کورت بتوانن بگەنە جومگەکانی دەسەڵات، پارتی لە ساتەوەختی دامەزراندنیەوە لەکەشێکی سیاسی نالەبار دروست بوو، بەڵام سەرەڕای ئەو ئاستەنگی و بارە قورسە دەیتوانی شەقامی کوردی تەنانەت عەرەبیش بجولێنێت و کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکومەت ھەبێت، لەشاخیشدا لە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتە دەستەڵاتدارەکان رۆڵێکی بێ وێنەی نواندووە و داخوازی و داواکاری خەڵکی کوردستانی گەیاندووە.
ھەم لەشاریش کە دەستەڵاتی خۆماڵی کوردستان دامەزرا بەرێگەی ھەڵبژاردن بەگوێرەی قەبارەی خۆیی بەشداری حوکمڕانی کردووە و لە خزمەتگوزاری و ئاسایش و دادپەروەریی سڵی نەکردۆتەوە. پارتی بەگیانێکی وەرزشی و میتۆدێکی مەنتقی و دیپلۆماسی مامەڵە لەگەڵ ڕووداو پێشھاتەکان دەکات و قسەیەکی لۆژیکی بۆ روودەوەکان ئەکات کە دواجار گرێکوێرەکان دەکاتە و ھیوا دەبەخشێتە کوردستانیان.
لەھەموو ئەمانە بۆمان دەرەکەوێت نازناوی حزبی پێشەنگ بە پلەی ئیمتیاز مافێکی ڕەوای پارتی و پارتیەکانە، ئەگەر کەسانێک تانە لەمەبگرن پێیان دەڵێین فەرموو بیانووەکانتان بخەنەروو!.

Top