حکومەت و مووچە

حکومەت و مووچە
یەکێک لە کاریگەرترین ئەو فشارانەی کەوتوونەتە سەر شانی حکۆمەتی ھەرێمی کوردستان، کێشەی مووچەو بژێوی خەڵکی کوردستانە کە لە ماوەیەکی زۆر کورت و لەناکاودا ھەم فشاری سەربازی و سیاسییەکی تۆند لەسەر کوردستان دروست بوو، و ھەمیش وڵات توشی قەیرانێکی تۆندی ئابووری بوو، ئەم گۆڕانکاری و فشارانەش بەشێکی زۆریان لە سەرەوەی ئیرادەی حکۆمەتی ھەرێمی کوردستان بوون، چونکە لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەرەوە، تەواوی ناوچەکە کەوتە نێو باردۆخێکی شڵەژاو و خراپەوە، داڕۆخانی نڕخی نەوت زۆر وڵاتانی ناوچەکەی تۆشی قەیرانێکی تۆند کرد، ھاتنی تیرۆرستانی داعش و دەستگرتنیان بەسەر باشترین چەکی قورسی ئەمریکیدا لە شاری موسل کە لە ئەنجامی لاوازی و بێ ئیرادەیی و بێ سیستەمی ئارتێشی "نوری مالکی" ڕوویدا، و لە دیوێکی دیکەدا مالکی دەیویست بەو چەکە کوردستان وێران بکرێت، بەشێکی گەورەی ناوچەکەی تۆشی شەڕێکی ڕووخێنەر کرد و ئەو وڵاتانەی کە شەڕیش تێیاندا دروست نەبوو، دڵەڕاوکێ و ترس لە نێویاندا نیشتەوە. سەرەڕای ئەم ھەموو نەھامەتی و قەیرانانەی کە بەسەر ناوچەکدا ھاتن، ئاوارەیەکی یەکجار زۆریش کە یەک لە سەر سێی خەڵکی کوردستانی پێک دەھێنا ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، حکومەتی عیراقیش (کە ئێستاش بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی کورد لەبەر سازەکەیان سەما دەکەن) ھەموو ھەوڵێکی خۆی خستبوو گەر تاکو حکومەتی کوردستان بڕوخێت و لایەنی سەربازی کورد تێک بشکێت و داعش کوردستان داگیر بکات، بۆ پێکاندنی ئەم ئامانجەشیان نەک تەنھا بەشە بۆدجەی وڵاتی ئێمەیان بڕی و چەکیان بە ئێمەنەدا، بەڵکو ھەوڵیان دەدا ھیچ وڵاتێک نە یەک دۆلار ھاوکاریمان بکات و نە فیشەکێکیش بە دەستمان بگات، ئەوجا عیراق وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە ملیاردان دۆلار قەرزیشی کرد و یەک دیناریشیان بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەدا کە بە پێی ھەموو پێوەرەکانی یاسایی و مرۆڤیش پێویست بوو بەشی کوردستان بدرێت، چونکە ئەو پارەیە لەسەر ھەژماری کوردیش حساب دەکرێت کە بۆ ئەو بانکە نێودەڵەتیانە دەگەڕێننەوە، بەڵام بەغدا بە مەبدەئی و باوەرەوە دۆژمنی دەستکەوت و مافەکانی کوردە بۆیە لەھیچ ڕوویەکەوە درێغی نەکرد بۆ ڕووخاندنی ئەو وڵاتە.
سەرەڕای نەبوونی سیستەمێکی تۆکمەو باش و ھەبوونی گەندەڵی، وە ھەوەھا نەبوونی یەکسانی لە دابەشکردنی مووچەدا کە چەندین جار سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان "نێچیرڤان بارزانی" تیشکی خستووتە سەر، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژیانی خەڵکی کوردستانیان تا ڕادەیەک بەرەو پێش و خۆشگۆزەرانی بردبوو کە تەواوی خەڵکانی وڵاتانی ناوچەکە چاویان لەسەر بوو و لەم وڵاتەدا داوای مافی پەنابەرێتیان دەکرد، ڕاستە کەم و کۆڕییەکان زۆر بوون، بەرەڵاییەکی زۆر ھەبوو، بەڵام پێویستە لەبیرمان نەچێت ئێمە لە سفرەوە دەستمان پێکرد بوو، دەیان کێشەی فەرھەنگی و سیاسی و ئەمنی بەرۆکی حکومەتی گرتبوو، بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگ بوو ئەوەیە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان نیازێکی باش و پاکی ھەبوو بۆ فەراھەم کردنی ژیانێکی باش و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە ئەو چەند ساڵەی پێش دروست بوونی شەڕی داعش، رۆژ لە دوایی رۆژ بژێوی خەڵکی کوردستان بەرەو باشتر دەڕویشت، سلفەی دروست کردنی خانووبەرە دەدران، سلفەی ھاوسەرگیری خەرج دەکران، سەدان جۆتیار نزیکەی پەنجا ملیون دیناریان سودمەند بوون لە سلفەی کشتوکاڵ و پێدانی قەرز کراوە بوو بێ سود وەرگرتن، قەرز بۆ پرۆژەکانی بازرگانی دەدران، بۆ خوێندن و پەرەپێدانی زانستی قوتابییەکانیان دەناردە دەرەوەی وڵات، بە ھەزاران کەسیان بۆ چارەسەری نەخۆشی گەر پێویست بایە ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکرد...ھتد، کە واتە حکومەتی کوردستان ئەو سیاسەتەی نییە کە ھندێک لایەنی سیاسی بە پێی ئەجندا و بەرژەوەندی سیاسی و بەرتەسکەکانی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان وێنە دەکەن، لەوانەیە خەڵکانێک بێ لێکدانەوەیەکی زانستی و مەنتقی وا ھەست بکەن حکومەت وەکو باران پارە وەردەگرێت و ھەمووی بۆ خۆیان خەرج دەکەن!، کەس ئینکاری لەوە ناکات کە کەم و کۆڕی ھەن لە سیستەمی حکومەتدا، بەڵام قسەیەکی گاڵتەئامێز و نالۆژیکیە کە وا بیر بکرێتەوە حکومەت لە ھەوڵی لەناوبردنی خەڵکەکەی دابێت!، با لێیان بپرسین بێ خەڵک مانای ھەبوونی حکومەت چییە؟!، پاشان ھەڵبژاردن لەم وڵاتەدا ھەیە، چوون حکومەت ئیجازە بە خۆی دەدات بێ ھۆکارێکی مەنتق خەڵکەکەی وا برسی بکات؟!، خۆ خەڵکی کوردستان ئەزموونی لە گەڵ حکومەتەکەیدا ھەیە، پێویستە ئەو ئەزموونە لە پێش چاو وەربگیرێت.
تەنھا کێشەی گەورەو کاریگەری کە ئێستا لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان ماوە، ھەبوونی قەرزی ئەو کۆمانیانانەیە کە ھەر بە ھۆی ڕووداوەکانی دوایی ٢٠١٤ەوە وەرگیرا بوون، ھەروەھا ھاتنی پرۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییە کە پێم وایە حکومەت دەبێت پلانی باشی ھەبێت بۆ حالەتی نەخوازراو کە پێم وایە ئەستەمە ڕوو بدەن. لەوە دڵنیام کە لە نێو وڵاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھاندا خەڵکی ئەم وڵاتە یەکێک لە خۆشگۆزەرانترین خەڵک دەبێت، بەڵام بۆ ئەمە پێویستە خەڵک بەردەوام بێت لە ھاوکاری، قوربانیدان و سەبر گرتن لە ماندوویی و برسێتی بۆ دواڕووژی ئەم وڵاتەیە، دەوڵەتێکی نۆی تا لەدایک دەبێت بێ ژان و ناخۆشی نابێت بەتایبەت بە ھەبوونی ھندە دوژمنەوە، لەو باوەرەدام قوناغەکانی سەخت زۆر کەم ماون و لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەم کابوسانەی کە بە ھۆی شەڕی داعش و قەیرانەکانەوە بەسەر مللەتدا ھاتن، کۆتاییان پێ دێن و بەرەو کەناری ئارامی لە نێو دەوڵەتی کوردستاندا ھەنگاو دەنێین.



Top