كورد كێی دیكە لە بەغدا تاقی بكاتەوە؟
August 9, 2017
وتار و بیروڕا
سەرچاوە مێژووییەكان لە باسكردنی دەوڵەتی عێراق، باس لە چارەسەر نەكردنی كێشەی ئەو نەتەوە و ئاین و مەزهەبانە دەكەن كە پێكهاتەی ئەو وڵاتەن، بەتایبەتی كێشەی نەتەوەیی(كورد) كە هیچ حكومەتێكی عێراقی ئامادەیی تەواوی نەبووە رێز لەم نەتەوەیە بنێت و رێگەبدات بەشێك لە مافی نەتەوەیی خۆیان مومارەسە بكەن.
كودەتای ساڵی 1968ـی بەعسیەكان بە سەرۆكایەتی عەبدولسەلام عارف و دواتریش عەبدولڕەحمان عارف، پرسی كورد لەم قۆناغەیشدا بە زەبری چەك و شەڕ و لەناوبردن هەوڵی چارەسەركردنی دەدرا، نیازی كورد لەم قۆناغەدا ئاشتی وپێكەوەژیانێك بوو تێدا رێز لە خواست و ئیرادەی كورد بگیرێ، بەڵام عەقڵیەتی شۆڤینی و بیرنەكردنەوە لە دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەیان پەنایان بردەوە بەر شەڕ، كە خواستی كورد نەبووە، تەنیا كورد بەرگری لە مانەوەی خۆی كردوە.
دوای عەبدولڕەحمان عارف، ئەحمەد حەسەن بەكر، حكومی كۆمارەكەی عێراقی گرتە دەست، تروسكای چارەسەركردنی پرسی كورد لەلایەن ئەم گرووپەوە دووبارە كردنەوەی هەڵەكانی رابردوو بوو، واتا پەنا بردن بۆ چەك، لەكاتێكدا سەركردایەتی شۆڕشی كورد، لەم ماوەیەدا رێككەوتنیان ئەنجام داوە و رازی بوونە لە چوارچێوەی ئەم عێراقە بمێننەوە بەمەرجێك مافە نەتەوەییەكانی كورد زامن بكرێت. لێرەشدا كۆماری بەعسیەكان بووە دۆزەخ بۆ كورد و ناچاری هەڵبژاردنی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی كرد.
قۆناغی سەختی دەسەڵاتدارێتی بەعس و سووننەكان لە گرتنە دەسەڵاتی كۆمارەكەی سەدام حوسێن لە ساڵی1970ـەوە دەستپێدەكاتەوە تا ساڵی 2003؟ ئەم رژێمە شۆڤینی دڕندەییە هەموو رێگایەكی بۆ لەناوبردنی كورد تاقی كردەوە، تا گەیشتە ئەوەی بەدڕندەیی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالی جێبەجێ كرد و چەكی قەدەغەكراو(كیمیاویی) دژ بە كورد بەكارهێنا.
لە حوكمی فەیسەڵەوە تا سەددام حوسێن پشكی كورد لە عێراق لەناوبردن و سەركوتكردن بووە.
لە عێراقی شیعەكانەوە كە لەساڵی 2003ـەوە تاكو ئێستا دەستپێدەكات، هیچی كەمتر نییە لەوانی پێشووتر كەسەردەمی سووننەكان بووە. كە سیستەمەكەی لەسەر كاغەز(دەستور) عێراقێكی فیدراڵیە.
لە 28ی حوزەیرانی 2004ـەوە تا ئاداری ساڵی 2005 ئەیاد عەلاوی شیعەی لێبراڵی سەرۆكوەزیران بوو، سەردەمێكی تاڵی عێراقیەكان بوو، گرووپی تیرۆریستی داعش سەریهەڵدا بوو، حكومڕانیەكەی ئەو كەم ماوەبوو، عێراقیش لەسوڕێكی ناسرووشتی حكومدا بووە و دەسەڵاتەكان زیاتر لە دەستی ئەمەریكا بوو، بۆیە پێوەرێكی ئەوتۆ نییە لەماوەیەدا ئەیاد عەلاوی دیدگای بۆ چارەسەكردن یاخود مامەڵەكردن لەگەڵ كورد چۆن بووە، هەرچەند بەدۆستێكی نزیكی كورد هەژماردەكرێت.
ئیبراهیم جەعفەری، كە یەكێك لەسەركردەكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی لە 28ـی نیسانی 2005 بووە سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڕادەیەك دژایەتی كوردی دەكرد، كەمتر نەبوو لە سیاسەتی بەعسیەكان، بەڵام جیاوازییەكە لەوەدا بوو، هێزی عێراقی پەرتەوازە و سەرۆكوەزیرانیش ئەو توانایەی نەبووە دژ بەكورد بیجوڵێنێ، ئەگەرنا سیاسەتێكی وا توند و رەق و دژ بەمافی كورد لای جەعفەری بەشایەنی لەناوبردنی كورد تەواو دەكرا.
حوكمڕانی مالیكی، سەرۆكی حزبی دەعوە، ئەو پیاوەی بە كردەوەكانی لەگەڵ كورد، بە دژایەتی كردنی خواستی كورد كەسایەتی خۆی هێنایە ئاست سەددام حوسێن، مالیكی لە 20ی ئایاری ساڵی 2006 وەك سەرۆكوەزیران دەست بەكار بوو، رێككەوتنی لەگەڵ كورد هەبووە، بەڵام پابەند نەبووە و رێزی لە هاوپەیمانێتی كورد و شیعە نەگرت، تەنانەت رێزی لەو واژووانە نەگرت خۆی لەسەر رێككەوتنەكان واژوویانی كردبوو، مالیكی هەنگاوەكانی بە كردەوە لە ساڵی 2008 بەهێنانی سوپای عێراقی بۆ خانەقین و جەلەولا و دروست كردنی فیرقە و یەكەی سەربازی بەناوی دیجلە و سەلاحەدین و.. هتد مەرامی خراپی خۆی نیشان كورد دا، ئامادەیی كوردستان بۆ بەرپەرچدانەوەی سوپا مەزهەبیەكەی مالیكی پاشەكشەی كرد لەوەی بە زەبری هێز رووبەڕووی كورد بێتەوە.
سەركردایەتی سیاسی كورد، بەتایبەتی سەرۆك مسعود بارزانی، نەویست سیاسەتی مالیكی بكاتە پێوەرێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتی كورد و شیعەكان، رەفتارەكانی مالیكی تاكلایەنە بوون، پشتیوانی زۆربەی هێزە شیعەكانی لەگەڵدا نەبوو، بەڵام بەهۆی دەستگرتن بەسەر جومگە گرنگەكانی دەسەڵاتەوە، لە خولی دووەمی سەرۆكوەزیرانی لە ساڵی 2010 تا ساڵی 2014 و نوری مالیكی بەشێوەیەكی فراوانتر كەوتە دژایەتیكردنی مافی كورد و پەراوێزخستنی كورد لە عێراق، بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشت، سیاسەتی برسیكردنی بەرامبەر كورد بەكارهێنا، بودجەی هەرێمی كوردستان كە بەپێی دەستور و رێككەوتنی سیاسی دیاریكرا بوو، بە بڕیار و واژووی مالیكی بڕا، مەبەستی ئەو ملكەچكردنی كورد بوو بۆ دەسەڵاتی تاكڕەوانەی خۆی، بەڵام كورد بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە نەچووە ژێرباری سیاسەتەكەی، بەڵكو چاوەڕوانی دەرفەتێك كرا، حكومی عێراقی بە داعشەوە جێهێشت، چەك و تەقەمەنی سوپاكەی بەخشیە داعش بۆ ئەوەی عێراقێكی وێرانە جێبهێڵێ و كوردیشی خستە بەردەم مەترسیەكی گەورەوە.
سەردەمی عەبادی لە وەرزێكی گەرمدا مانگی ئابی سأڵی 2014 دوای كۆتایی هاتنی دوو خولی لەسەر یەك نوری مالیكی، حەیدەر عەبادی لە هەمان حزب(دەعوەی ئیسلامی) بووە سەرۆكوەزیران، سەرۆكوەزیرانێك هاتە سەر حكومێكی وێرانەی مالیكی، بۆیە كورد پشتیوانی لێكرد، بەڵام عەبادی لە قۆناغێكی جیاوازتر هاتۆتە حكوم، عێراق لە ناو شەڕی داعش بووە، مالیكی حكومەتێكی وێرانی رادەست كردوە و بەرەیەكی گەورەیشی دژ بە عەبادی دروست كردوە، ئێستا قۆناغە گرنگەكەی عێراقە، عەبادی ساڵێك لە تەمەنی كابینەكەی ماوە. كوردیش دەیەوێ لە سەردەمی عەبادیدا كە سیاسەتەكەی بەرامبەر بە كورد زۆر روون نییە و قۆناغی عێراقیش لەناو شەڕدایە. تەنیا شتێك ماوەتەوە ئەوەیە لەم سەردەمەدا كورد دوای عەباد تاقی نەكاتەوە، كە پرسیار دەكرێت بۆچی فرەسەتێكی دیكە بە عێراق و بەرپرسانی ئەو وڵاتە نادرێ لەلایەن كوردەوە، هەمان وەڵام لە مانشێتەكەدایە، ئاخۆ كێ دیكە لە عێراق ماوەتەوە كورد تاقیان بكاتەوە؟
ئێستا بڕیاری كورد لە عێراقدا، ئەنجامدانی ریفراندۆمە لە 25ـی9ـی2017؟ واتا چاوەڕێ ناكرێ، دوای عەبادی، كەسێكی دیكە تاقی بكرێتەوە تاكو بزانرێ ئەو چۆن دەبێ لەگەڵ كورد، لەگەڵ ئەوەیشدا دروست بوونی میلیشا و پەرتەوازەیی ماڵی شیعە و وێرانەی سووننەكان دەرفەتی گرنگن بۆ كورد لەگەڵ ئەم عێراقە نەمێنێتەوە، كە پشكی تێدا تەنیا ئەو رووداوانە بووە لەناوەڕۆكی ئەم بابەتە بەكەمی باس كراوە.
دەبێت عێراق و حكومڕانیەكەی ئایندەی بەكام سیستەم بێ؟ ئاخۆ چارەنووسی كورد ئەگەر بمێنێتەوە باشتر دەبێ لەو قۆناغانەی باس كران؟ بێگومان ئەستەمە كورد چاوەڕوانی ئەو وەڵامانە بكات، بۆیە ئێستا دەرفەتی مێژوویی لەبەردەم حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانە، بتوانێ بەشێوەیەكی ئاشتیانە و دیالۆگ لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كورد كۆتایی بەم مێژووە بهێنرێ، چیتر كورد بەشێك نابێ لە عێراق، بەڵكو دراوسێیەكی باش دەبێ بۆ ئایندەی عێراق.