کاتەکەی گونجاوە

کاتەکەی گونجاوە
ماوەیەکە مەسەلەی ریفراندۆم بەگەرمی ھاتۆتە بەرباس، ھەمووان لەو‮ ‬ڕاستییە تێگەیشتوون کە گەلی‮ ‬کورد لە ھەرێمی‮ ‬کوردستان بڕیاری‮ ‬داوە و ئامادەکاری‮ ‬بۆ‮ ‬ڕیفراندۆم دەکات، نەیاران، لە ھەمووکات زیاتر کەوتوونتەە ھاتوھاوار و دەیانەوێت بەھەر شێوەیەک بێت تاکی کوردستانی‮ ‬لەو کارە چارەنووسسازە پاشگەز بکەنەوە‮، ‬یان ھیچ نەبێت، بە دەنگی‮ ‬نەخێر دژی‮ ‬ئەو ھەوڵە پیرۆزە بوەستنەوە‮.
لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا، جێگەی پێزانینە، گەلەکەمان بە دڵ گەرمیەوە بەرەو‮ ‬ڕیفراندۆم دەچێت و بڕیاری‮ ‬ئایندەی خۆی‮ ‬دەدات،‮ ‬مەگەر تەنیا ئەوانەی‮ ‬چاویان سەربەخۆیی‮ ‬کورد ھەڵنایەت، ئەگینا ھەموو کوردێکی‮ ‬وڵاتپەرست دڵخۆش دەبێت بەو بڕیارە و کاروانی‮ ‬سەربەخۆییش بەردەوام دەبێت ‮.‬
سەد ساڵە کورد چاوەڕێی کاتی گونجاوە، ئەگەر دەسنیشانی ئەو وادە گونجاوە بە دەستی نەیارانی کورد بێت، ئەوان ھیچ کات بە گونجاو نازانن. کەواتە ئەو لایەنەی دەبێت کاتی گونجاو دیاری بکات، ئەوە خۆمانین.
سەربەخوێی‮ ‬پرسێکە پەیوەستە بە ئایندە و جارەنوسی‮ ‬گەلی‮ ‬کوردستانەوە، ھەموو نەتەوەیەک کە خاوەنی جوگرافیایەکی دیاریکراو و دەسەڵاتێکی سیاسی و خۆ بەڕێوەبردنی ھەیە، مافی ئەوەی ھەیە بڕیار لە چارەنوسی خۆی بدات.
نەتەوەی کوردیش وەک یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەو مافەی ھەبووە و ھەیە، بەڵام داگیرکەران و زلھێزەکان لە قوناغە جیاجیاکانی مێژوودا ئەو مافەیان لێ زەوت کردوە و خاکەکەیان دابەشکردوە.
لە دیرۆکی کۆن و نوێی عێراقدا، ھەر سێ پێکھاتەی سەرەکی " شیعە، سوننە، کورد " نەیانتوانیوە ببنە ھاوبەشێکی ڕاستەقینە لە حکومڕانییەتی وڵاتدا، پێویستە کورد پەند لە مَیژووی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەشێک لە عەرەبی شۆڤینی وەربگرێت و بە سیاسەت و ئامانجەکانی خۆیدا بچێتەوە، بە ڕوون و ڕاشکاوی پێیان بڵێین: چیدی ناکرێت سیاسەتی خاوەن ماڵ و میوان بەسەرماندا بسەپێنن، کاتی ئەوە ھاتووە کوردیش وەک گەلێکی ئازاد ژێردەستی ڕەت بکاتەوە، بە ئازادانە بژیت و خۆی بەڕێوە ببات.
پێویستە وەکو نەتەوەی کورد، پێداگیری لەسەر ئەوە بکەین کە بەھیچ شێوەیەک لە مافی خۆمان خۆشنابین و بە کەمتر لەوە رازی نەبین تاکو لە مافدا یەکسان دەبین لەگەڵ ھەموو گەل و نەتەوەکانی دیکەی دونیا.

Top