كورد كێ دیكه‌ له‌ به‌غدا تاقی بكاته‌وه‌؟

كورد كێ دیكه‌ له‌ به‌غدا تاقی بكاته‌وه‌؟
دروست بوونی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت له‌ 1921ـه‌وه‌ به‌ سیسته‌می حوكمڕانی پاشایه‌تی تا 1958 پشكی كورد، كه‌ به‌بێ ویست و ئیراده‌ی خۆی خرابووه‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م وڵاته‌ له‌ناوبردن و سه‌ركوتكردنی شۆڕش و جوڵانه‌وه‌ سیاسی و چه‌كدارییه‌كان بووه‌. كۆتایی حوكمی بنه‌ماڵه‌ی(فه‌یسه‌ڵ) و له‌گه‌ڵ هاتنی سیسته‌می كۆماری به‌سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 14ـی 1958 ته‌مموز جارێكی دیكه‌ هیوای كورد ئه‌وه‌ بوو له‌ سایه‌ی حوكمڕانی كۆماریدا به‌ مافه‌ سرووشتیه‌كانی خۆی بگات و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و كاتی به‌غدا به‌تایبه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم رێبه‌ر، كه‌ رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد(مسته‌فا بارزانی) له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران گه‌ڕایه‌وه‌ و پشتیوانی كوردی بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی قاسم نیشاندا، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له‌ عێراق نه‌هاوێژرا، به‌ڵكو پێچه‌وانه‌ قاسم رووبه‌ڕووی كورد بووه‌.
سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان له‌ باسكردنی ده‌وڵه‌تی عێراق، باس له‌ چاره‌سه‌ر نه‌كردنی كێشه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و ئاین و مه‌زهه‌بانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێكهاته‌ی ئه‌و وڵاته‌ن، به‌تایبه‌تی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی(كورد) كه‌ هیچ حكومه‌تێكی عێراقی ئاماده‌یی ته‌واوی نه‌بووه‌ رێز له‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ بنێت و رێگه‌بدات به‌شێك له‌ مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان موماره‌سه‌ بكه‌ن.
كوده‌تای ساڵی 1968ـی به‌عسیه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولسه‌لام عارف و دواتریش عه‌بدولڕه‌حمان عارف، پرسی كورد له‌م قۆناغه‌یشدا به‌ زه‌بری چه‌ك و شه‌ڕ و له‌ناوبردن هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌درا، نیازی كورد له‌م قۆناغه‌دا ئاشتی وپێكه‌وه‌ژیانێك بوو تێدا رێز له‌ خواست و ئیراده‌ی كورد بگیرێ، به‌ڵام عه‌قڵیه‌تی شۆڤینی و بیرنه‌كردنه‌وه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌یان په‌نایان برده‌وه‌ به‌ر شه‌ڕ، كه‌ خواستی كورد نه‌بووه‌، ته‌نیا كورد به‌رگری له‌ مانه‌وه‌ی خۆی كردوه‌.
دوای عه‌بدولڕه‌حمان عارف، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر، حكومی كۆماره‌كه‌ی عێراقی گرته‌ ده‌ست، تروسكای چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌لایه‌ن ئه‌م گرووپه‌وه‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی رابردوو بوو، واتا په‌نا بردن بۆ چه‌ك، له‌كاتێكدا سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد، له‌م ماوه‌یه‌دا رێككه‌وتنیان ئه‌نجام داوه‌ و رازی بوونه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م عێراقه‌ بمێننه‌وه‌ به‌مه‌رجێك مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد زامن بكرێت. لێره‌شدا كۆماری به‌عسیه‌كان بووه‌ دۆزه‌خ بۆ كورد و ناچاری هه‌ڵبژاردنی شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كرد.
قۆناغی سه‌ختی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عس و سووننه‌كان له‌ گرتنه‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆماره‌كه‌ی سه‌دام حوسێن له‌ ساڵی1970ـه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ تا ساڵی 2003، ئه‌م رژێمه‌ شۆڤینی دڕنده‌ییه‌ هه‌موو رێگایه‌كی بۆ له‌ناوبردنی كورد تاقی كرده‌وه‌، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی به‌دڕنده‌یی پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفالی جێبه‌جێ كرد و چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو(كیمیاویی) دژ به‌ كورد به‌كارهێنا.
له‌ حوكمی فه‌یسه‌ڵه‌وه‌ تا سه‌ددام حوسێن پشكی كورد له‌ عێراق له‌ناوبردن و سه‌ركوتكردن بووه‌.
له‌ عێراقی شیعه‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی 2003ـه‌وه‌ تاكو ئێستا ده‌ستپێده‌كات، هیچی كه‌متر نییه‌ له‌وانی پێشووتر كه‌سه‌رده‌می سووننه‌كان بووه‌. كه‌ سیسته‌مه‌كه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌ز(ده‌ستور) عێراقێكی فیدراڵیه‌.
له‌ 28ی حوزه‌یرانی 2004ـه‌وه‌ تا ئاداری ساڵی 2005 ئه‌یاد عه‌لاوی شیعه‌ی لێبراڵی سه‌رۆكوه‌زیران بوو، سه‌رده‌مێكی تاڵی عێراقیه‌كان بوو، گرووپی تیرۆریستی داعش سه‌ریهه‌ڵدا بوو، حكومڕانیه‌كه‌ی ئه‌و كه‌م ماوه‌بوو، عێراقیش له‌سوڕێكی ناسرووشتی حكومدا بووه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كان زیاتر له‌ ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا بوو، بۆیه‌ پێوه‌رێكی ئه‌وتۆ نییه‌ له‌ماوه‌یه‌دا ئه‌یاد عه‌لاوی دیدگای بۆ چاره‌سه‌كردن یاخود مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كورد چۆن بووه‌، هه‌رچه‌ند به‌دۆستێكی نزیكی كورد هه‌ژمارده‌كرێت.
ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، كه‌ یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی له‌ 28ـی نیسانی 2005 بووه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به‌ڕاده‌یه‌ك دژایه‌تی كوردی ده‌كرد، كه‌متر نه‌بوو له‌ سیاسه‌تی به‌عسیه‌كان، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ له‌وه‌دا بوو، هێزی عێراقی په‌رته‌وازه‌ و سه‌رۆكوه‌زیرانیش ئه‌و توانایه‌ی نه‌بووه‌ دژ به‌كورد بیجوڵێنێ، ئه‌گه‌رنا سیاسه‌تێكی وا توند و ره‌ق و دژ به‌مافی كورد لای جه‌عفه‌ری به‌شایه‌نی له‌ناوبردنی كورد ته‌واو ده‌كرا.
حوكمڕانی مالیكی، سه‌رۆكی حزبی ده‌عوه‌، ئه‌و پیاوه‌ی به‌ كرده‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد، به‌ دژایه‌تی كردنی خواستی كورد كه‌سایه‌تی خۆی هێنایه‌ ئاست سه‌ددام حوسێن، مالیكی له‌ 20ی ئایاری ساڵی 2006 وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ست به‌كار بوو، رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كورد هه‌بووه‌، به‌ڵام پابه‌ند نه‌بووه‌ و رێزی له‌ هاوپه‌یمانێتی كورد و شیعه‌ نه‌گرت، ته‌نانه‌ت رێزی له‌و واژووانه‌ نه‌گرت خۆی له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كان واژوویانی كردبوو، مالیكی هه‌نگاوه‌كانی به‌ كرده‌وه‌ له‌ ساڵی 2008 به‌هێنانی سوپای عێراقی بۆ خانه‌قین و جه‌له‌ولا و دروست كردنی فیرقه‌ و یه‌كه‌ی سه‌ربازی به‌ناوی دیجله‌ و سه‌لاحه‌دین و ...هتد مه‌رامی خراپی خۆی نیشان كورد دا، ئاماده‌یی كوردستان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سوپا مه‌زهه‌بیه‌كه‌ی مالیكی پاشه‌كشه‌ی كرد له‌وه‌ی به‌ زه‌بری هێز رووبه‌ڕووی كورد بێته‌وه‌.
سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد، به‌تایبه‌تی سه‌رۆك مسعود بارزانی، نه‌ویست سیاسه‌تی مالیكی بكاته‌ پێوه‌رێك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی كورد و شیعه‌كان، ره‌فتاره‌كانی مالیكی تاكلایه‌نه‌ بوون، پشتیوانی زۆربه‌ی هێزه‌ شیعه‌كانی له‌گه‌ڵدا نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر جومگه‌ گرنگه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، له‌ خولی دووه‌می سه‌رۆكوه‌زیرانی له‌ ساڵی 2010 تا ساڵی 2014 و نوری مالیكی به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر كه‌وته‌ دژایه‌تی كردنی مافی كورد و په‌راوێزخستنی كورد له‌ عێراق، به‌هیچ ئه‌نجامێك نه‌گه‌یشت، سیاسه‌تی برسیكردنی به‌رامبه‌ر كورد به‌كارهێنا، بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌پێی ده‌ستور و رێككه‌وتنی سیاسی دیاریكرا بوو، به‌ بڕیار و واژووی مالیكی بڕا، مه‌به‌ستی ئه‌و ملكه‌چكردنی كورد بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وانه‌ی خۆی، به‌ڵام كورد به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ نه‌چووه‌ ژێرباری سیاسه‌ته‌كه‌ی، به‌ڵكو چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێك كرا، حكومی عێراقی به‌ داعشه‌وه‌ جێهێشت، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی سوپاكه‌ی به‌خشیه‌ داعش بۆ ئه‌وه‌ی عێراقێكی وێرانه‌ جێبهێڵێ و كوردیشی خسته‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌وه‌.
سه‌رده‌می عه‌بادی له‌ وه‌رزێكی گه‌رمدا مانگی ئابی سأڵی 2014 دوای كۆتایی هاتنی دوو خولی له‌سه‌ر یه‌ك نوری مالیكی، حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ هه‌مان حزب(ده‌عوه‌ی ئیسلامی) بووه‌ سه‌رۆكوه‌زیران، سه‌رۆكوه‌زیرانێك هاته‌ سه‌ر حكومێكی وێرانه‌ی مالیكی، بۆیه‌ كورد پشتیوانی لێكرد، به‌ڵام عه‌بادی له‌ قۆناغێكی جیاوازتر هاتۆته‌ حكوم، عێراق له‌ ناو شه‌ڕی داعش بووه‌، مالیكی حكومه‌تێكی وێرانی راده‌ست كردوه‌ و به‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌یشی دژ به‌ عه‌بادی دروست كردوه‌، ئێستا قۆناغه‌ گرنگه‌كه‌ی عێراقه‌، عه‌بادی ساڵێك له‌ ته‌مه‌نی كابینه‌كه‌ی ماوه‌. كوردیش ده‌یه‌وێ له‌ سه‌رده‌می عه‌بادیدا كه‌ سیاسه‌ته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كورد زۆر روون نییه‌ و قۆناغی عێراقیش له‌ناو شه‌ڕدایه‌. ته‌نیا شتێك ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا كورد دوای عه‌باد تاقی نه‌كاته‌وه‌، كه‌ پرسیار ده‌كرێت بۆچی فره‌سه‌تێكی دیكه‌ به‌ عێراق و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ نادرێ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌، هه‌مان وه‌ڵام له‌ مانشێته‌كه‌دایه‌، ئاخۆ كێ دیكه‌ له‌ عێراق ماوه‌ته‌وه‌ كورد تاقیان بكاته‌وه؟
ئێستا بڕیاری كورد له‌ عێراقدا، ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌ له‌ 25ـی9ـی2017، واتا چاوه‌ڕێ ناكرێ، دوای عه‌بادی، كه‌سێكی دیكه‌ تاقی بكرێته‌وه‌ تاكو بزانرێ ئه‌و چۆن ده‌بێ له‌گه‌ڵ كورد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا دروست بوونی میلیشا و په‌رته‌وازه‌یی ماڵی شیعه‌ و وێرانه‌ی سووننه‌كان ده‌رفه‌تی گرنگن بۆ كورد له‌گه‌ڵ ئه‌م عێراقه‌ نه‌مێنێته‌وه‌، كه‌ پشكی تێدا ته‌نیا ئه‌و رووداوانه‌ بووه‌ له‌ناوه‌ڕۆكی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌كه‌می باس كراوه‌.
ده‌بێت عێراق و حكومڕانیه‌كه‌ی ئاینده‌ی به‌كام سیسته‌م بێ؟ ئاخۆ چاره‌نووسی كورد ئه‌گه‌ر بمێنێته‌وه‌ باشتر ده‌بێ له‌و قۆناغانه‌ی باس كران؟ بێگومان ئه‌سته‌مه‌ كورد چاوه‌ڕوانی ئه‌و وه‌ڵامانه‌ بكات، بۆیه‌ ئێستا ده‌رفه‌تی مێژوویی له‌به‌رده‌م حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانه‌، بتوانێ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و دیالۆگ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد كۆتایی به‌م مێژووه‌ بهێنرێ، چیتر كورد به‌شێك نابێ له‌ عێراق، به‌ڵكو دراوسێیه‌كی باش ده‌بێ بۆ ئاینده‌ی عێراق.


Top