ئەوەی بووەتە جێی لێکۆڵینەوە، لێکدانەوە، یادکردنەوە، بیرنەچوونەوە و سەرنج بۆ ئێمەی کورد، تاوانی گەورەی جینۆسایدی بارزانییەکانە، کە گەورەترین تاوانی سەدەی بیستەمە، بە لاوانەوە و گریان، برینە پڕ ئازارەکە سارێژ نابێت. جینۆساید تاوانێکی نامرۆڤانەیە، رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ بۆ قڕکردن و لە ناوبردنی نەتەوەی کورد بە دڕندانەترین شێوە بەکاری ھێنا تاکو ئەم گەلە لەناو ببات، ئەو تاوانە، بووەتە شوناسێکی رەش لە مێژووی پڕ لە ستەمی رژێمی بەعس، ھاوکات بووەتە بەڵگەیەکی روون بۆ زوڵملێکراویی کورد و رەوایەتی خەباتی ئەم میللەتەش لە دوێنێ و ئەمڕۆدا نیشان دەدات لە پێناو بە دەستھێنانی مافە نەتەوەییەکانی. رژێمی بەعسی لە ناوچوو، لە٣١ ی تەموزی ١٩٨٣، لە کۆمەڵگەکانی "بەحرکە، قوشتەپە، ھەریر" ھەستا بە ئەنفالکردنی٨٠٠٠ مرۆڤ لە خەڵکی بێتاوانی بارزان و بردنیان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و زیندە بەچاڵکردنیان لەوێ. دوای ساڵی ٢٠٠٥، لە کۆی (١٦) دۆسیەی کورد لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا، تەنیا (٦) دۆسیە یەکلایی کرایەوە، لەوانە: " کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفال، بێ سەروشوێنکردنی بارزانیەکان، فەیللیەکان) بەجینۆساید ناسێنرا، ھەردوو (دۆسیەی پاکتاوی نەژادی و کۆچڕەو و راپەرینی ١٩٩١)ش بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی سزاداران، بەڵام دۆسیەکانی دیکە، ھەندێکیان لەبەر نەبوونی تۆمەتبار داخران و ھەندێکی دیکەش لەوان ھیچ بڕیارێکیان لەسەر نەدرا. لەم رۆژانەدا کە گەلەکەمان یادی پڕ خەمی کارەساتی ئەنفال و سوتماککردنی خاکی کوردستان دەکاتەوە، ئەگەرچی شکست و کارەساتگەلی دیکە بۆ ئێمە زۆر رووی داوە، بەڵام گەورەترین تاوان کە دەرھەق بە میللەتی کورددا کرا بێت، تاوانی جینۆسایدە، ئەوانەی ئەو تاوانەیان دەرھەق کرا، تاوانەکەیان جگە لە کوردبوون شتێکی دیکە نەبووە و نییە!! زۆرێک لەو رۆژە تاریکانە لە رۆژژمێری دوور و نزیکی گەلی کورد تۆمارکراوە، وێستگەی دڕندایەتی و تاوانەکانی بەعس دژی خەڵکی کوردستان دیمەنێکی جەرگبڕن، سارێژبوونی زامی قووڵی برینی ئەنفال و ھەموو ئێش و ئازارەکان، تەنیا سەربەخۆییە، با ھەمووان رۆژی ٢٥ی ئەیلوول بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بچین و بە "بەڵێ" دەنگ بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بدەین.