ئه‌م په‌یامه‌ بۆ هه‌موومانه‌

ئه‌م په‌یامه‌ بۆ هه‌موومانه‌
بارودۆخی ساڵی 1975 بۆ 2017، زۆر جیاوازه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش جه‌نابی بارزانیی نه‌مر و سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌به‌رده‌م پیلانگێڕییه‌كی گه‌وره‌دا قوربانیدانی خۆیان و حزبه‌كه‌یان هه‌ڵبژارد نه‌ك میلله‌تێك تووشی سه‌رگه‌ردانی و له‌ناوبردن بكه‌ن. سیاسی و مێژوونوسه‌كان ئه‌م بڕیاره‌ی رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كورد بارزانیی نه‌مر به‌ حیكمه‌تێكی مه‌زن وه‌سف ده‌كه‌ن كه‌ بتوانێ به‌م بوێرییه‌وه‌ شكستی خۆی و جوڵانه‌وه‌كه‌ی هه‌ڵبژێرێت و ژیانی میلله‌تێك نه‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌وه‌.
بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ جه‌نابی سه‌رۆك مسعود بارزانی به‌ ئیراده‌ی میلله‌ته‌كه‌ی رێبه‌رایه‌تی هه‌نگاوی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات به‌و په‌ڕی متمانه‌وه‌، رێگه‌ نادات خه‌ڵكی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ تووشی كاره‌سات و ناخۆشی بێته‌وه‌ و بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندم له‌ 25ـی9ـی2017 جگه‌ له‌وه‌ی مافێكی سرووشتی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌و‌ روانگه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ده‌رفه‌ته‌كان گونجاو و شیاون بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عێراقێك نه‌مێنینه‌وه‌، پشكمان ته‌نیا كاره‌سات و نه‌هامه‌تی بێت.
ده‌بێت له‌م په‌یامه‌ دڵنیابین و له‌پێش چاومان بێت، ئه‌نجامدانی ریفراندۆم موجازه‌فه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌نجام نه‌دانی گه‌وره‌ترین موجازه‌فه‌یه‌. كه‌ نازانین عێراقی دوای داعش و بوونی ئه‌و هه‌موو میلیشیایه‌ و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی بیری شۆڤینیستی عه‌ره‌بی مه‌زهه‌بگه‌ری چ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، پێویست نییه‌ كوردستانیان بترسێندرێ له‌ ئه‌نجامدان و ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، پێچه‌وانه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌و قوربانیانه‌یه‌ له‌ ژێرده‌سته‌ییدا به‌خشیومانه‌ و به‌ده‌نگی زوڵاڵتر ده‌ڵێن: به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و نه‌خێر بۆ ژێرده‌سته‌یی.
Top