وانەیەک لە ئەزموونی گەلان بۆ دەولەتکردنی کوردستانی پاش ڕیفراندۆم

وانەیەک لە ئەزموونی گەلان بۆ دەولەتکردنی کوردستانی پاش ڕیفراندۆم
ئایەتۆلا مۆنتەزێری، لە پیاوە ئایینییەکانی دیاری پێش و دوای ڕاپەرینی خەڵکی ئێران لە دژی شاە بوو و ھەمیشە داکۆکی لەوە دەکرد کۆماری ئیسلامی ئێران دەرگای دانوستاندنی لەگەڵ جیھان بە گشتی و وڵاتانی دراوسێ بکاتەوە و کۆمەڵگا و ولاتێکی داخراو نەبێ.
لە گلەیی و گازندەکانی لە دژی دەستھەڵاتدارانی وڵاتەکەی، ڕەخنەی لەوە دەگرت کە ھەر لە سەرەتاوە گۆتار ( خیتابێکی) تووندیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بەکارھێناوە. ئەو دەڵێ:مەلایەکان دەیانگۆت وەھا و وەھا دەکەین ...! دیوار لە نێوان خۆمان و ئەوان دروست دەکەین....!! دەستھەڵاتی ئێران ھانی خەڵکی ئەو وڵاتانەیان دەدا ڕاپەرین لە دژی کاربەدەستانی وڵاتانی خۆیان بکەن و ھەوڵی ئاژاوەگێڕی و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوانیان دەدا. ھەڕەشەی لێ دەکردن و بە تایبەت لە عێراق، کە تازە جەوھەری پەیماننامەی شوومی جەزایر وۆشک ببو، ھەوڵ درا کە سووپا لە دژی دەستھەڵات بجووڵێنن. ئەوەش یەکێک لە ھۆکارە سەرکییەکانی ھەڵگیرسانی شەڕی ھەشت ساڵەی ئەو دوو وەڵاتە بوو، کە قۆربانیەکی زۆری لە دوای خۆی بەجێھێشت و بەرھەمی ئەو گۆتارە تووند و دژوارە بوو کە بەسەر سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران زاڵ بوو.
دیارە سیاسەتی کوردستان لە سەروبەندی ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ڕیفراندۆم و دەوڵەت، بەجوانترین شێوە ئەم خاڵەی دیپلۆماسیی لەبەر چاو گرتووە و ئەگەر کەسانێک نەبن بە کۆسپ، ئەم خەسڵەتە بە یەکێک لە سەرکەوتووترین ھەوڵەکانی دیپلۆماسیانەی کوردستان لەو قۆناغەدا ھەژمار دەکرێت، کە بۆ جیھانیان نرخێکی گەورەی ھەیە، و یەکێک لە نھێنییەکانی پشتەوانەی جیھانیبۆی و لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی سیاسەتی کوردستان بووە و دەبێ. ئەو ھەستە لە ناخی کوردستان بەرھەمی وریاییەکی بێ وێنە و ئەزممنێکی تاڵی چەندین سەد ساڵەی ژیانێکی بندەستییە، کە ئێستا بۆەوەتە پێکھاتەیەکی دەروونی-کۆمەڵایەتی کەسێتی تاک و کۆمەڵگایەکەی کوردستان بە ھەموو توێژ و ئایین و نەتەوە و لایەنەکانیەوە، و ئەگەر کەس و لایەنێک ھەندێ دەمارگیری و دۆگماتیزمی ھزری نیشان دەداتن و دەنوێنێ یان شتێکی کاتی و ھەڕەمەکییە یان لەژێر گووشارێکی دەرەکی ئەنجام دەدرێتن و یان بزاڤێکی سست و خاو و کاڵە ھیچ ئەنجامێکی نابێ جگە لە شەرمەزاری و ڕیسوایی.
ئەوە تەنھا دروشمێک نیە، بەڵکۆ ھەستێکی قووڵی بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتی کوردستانە، کە نیشان دەداتن کەسایەتی و دەروونی پاک و بێگەردمان تەنھا و تەنھا لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی ھاونیشتمانیانی کوردستان و بنیاتنانی وڵاتێکە کە تێایدا برایەتی و ڕێزگرتن لە نەتەوە و وڵاتانی دراوسی و دەروبەر بەشێکی جیانەکراوەی پێکھاتە ستراکتووری کەسایەتی و سیاسەتی ئەو سیاسەتوانانەیە، کە بە کردەوەیی و دڵپاکییەوە، ئازادی و سەربخۆیی کوردستانیان، و ئاشتی و ئاشتەوایی ناوچەکەیان مەبەستە، و ئەوەیان ئامانجی یەکەم و دواینییانە.
ئەوە ھەمان ئەو فاکتەرەیە کە جیھانیانی بە کوردستانیان سەرسام کردووە و ھەوڵی بەدیھاتنی خەونە مەزنەکەیان دەدەن.

*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top