ریفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان لە روانگەی تیۆرەکانی (X) و (Y)
July 27, 2017
وتار و بیروڕا
بەواتایەکی تر ئەو بیردۆزە وا پیشان دەداتن کە مرۆڤەکان لە کارکردن دا رەزامەند نین، و خۆی لێ دوردەگرن، و ھەر دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێ لێی ڕادەکەن، بۆیەش پێویستە لەگەڵیان دا فەرمانی تووند و بگێرێتە بەر تا ئامانجەکانی ئەو دامەزراوەیە بێتە دی، و کارکەرەکان ھەوڵی مەزنتر نادەن و دەستپێشخەرییان لاوازە.
روانگەی تیۆری (Y) ئەو زانایە پشت بە گریمانەکانی وەک ئەمانە دەبەستێتەوە: جووڵە و ماندیبوونی جەستەیی و ماسووڵکەیی و ھزری لە ھەر کارێک دا شتێکی سروشتی یە وەک چۆن لە یاریکردن و پاڵدانەوەش دا بوونی ھەیە. مرۆڤی ئاسایی بە سروشتی خۆی ڕقی لە کارکردن نابێ، بەڵام ئەگەر و ھۆکاری تایبەت بە کارکردن و ژینگەی کار کارگەرییان لەسەر ھەیە. ئەگەر ئەو کارە ببێتە سەرچاوەی رەزامەندی و دڵخۆشیی ئەو مرۆڤە، خۆی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرەو کارکردن ھەنگاو دەنێ. بەڵام ئەگەر کار و پیشەکەی جۆرێکی وا بێ کە ببێتە ھۆکاری نەرەزامەندیی ئەو کەسە، بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵی خۆدوورخستنەوە لەو کارە دەداتن.
نابێ وابزانین کە چاوێری دەرەکی یان تۆقاندن و ترساندنی کەسەکانی نێو فەرمانگە یان ڕێکخراوێکی مرۆڤی و دامەزراوەیەکی کۆمەڵگا بە تەنھا کەرەستە و ئامیری پاڵنەر بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو دامەزراوەیە بزانین. چونکە ئەگەر تاکەکان و ئەندامانی ئەو دەزگایە خۆیان حەزیان بۆ کارکردن لە لا پەیدا ببێ خۆیان بۆ خزمەتکردنی ئەو ڕێکخراوە چاوێری خۆیان دەکەن، چونکە ئەو ئامانجانە بە بەشداری ئەوان دانراون و ئەوان بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و کاری خۆیان و بەدەستھێنانیان خۆیان پابەند دەبینن.
پابەندی تاکەکان بە ئامانجەکانی دامەزراوەیان بۆ ئاستی پشتەوانەیی پەیوەندار بە دەستکەوت و بەرھەمەکانی دەگڕێتەوە، کە پێویستییەکانی گرێدراو بە خۆد لای ئەوا تێر بکاتن و لە ھەمان کاتدا دان بە بەدەستھێنانی ئەو دەستکەوتانە بدرێتن.
مرۆڤی ئاسایی و لە بارودۆخی ئاساییدا نەک تەنھا ئەرکی بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرێ، بەڵکۆ بەدواشی دەگڕێتن. خۆدوورخستن لەو بەرپرسیارێتییە و نەبوونی حەز و ئارەزووی و ھەست نەکردن بە ئاسایش و ئاسوودەیی لای ئەوان، لە بنەڕەتدا بۆ ئەو ھەڵسوکەوتە خراپە دەگەڕێتەوە کە بەرھەمی ئەزموونە تاڵەکانی پێشووتریەتی، نەک خەسڵەتی بۆماوەیی بێ لای ئەوان.
دەبێ بزانین کە ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان توانایی باش و بەرچاویان لە بیرکردنەوە و داھێنان و نوێھێنان و چارەسەری کێشەکان ھەیە.
ئەگەر ئەو مرۆڤانە نەتوانن ھەموو تواناییە جەستەیی و ھزرییەکانیان بۆ کاری خۆیان بەگەڕبخەن، نابێ لۆمەیی و گلەییان لێ بکرێ، چونکە بەشێکی ئەو لاوازییە لەبنەڕەتدا بۆ ئەو دامەزراوەیە دەگەڕێتن کە ئەوان کاری تێیایدا دەکەن. چونکە نەیتوانیوە سوود لە ئەو ھێز و توانایی و وزەیە وەربگرێ، و خۆشەویستی دەستپێشخەری و داھێنان لای ئەوان دروست بکاتن. مرۆڤ ڕقی لە کارکردن نیە بەڵکۆ حەزیشی لێوە دەکاتن، چونکە ئەو کارە بە سەرچاوەی رەزامەندی و بەختەوەری خۆی دەزانێ، و ھەوڵ دەداتن کە ئەرکی بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆی خۆی و تام و چێژ لە خەیاڵکردنی داھێنەرانە و نوێخوازی و نوێھێنان و داھێنان وەربگرێ، و ھەوڵی بەدەستھێنانی ئامانجەکانی ئەو کۆمەڵگا و دامەزراوەیە بداتن چونکە ئەوانی پێ سەرچاوەی تێرکردنی ئارەزووەکانی خۆی دەزانێ و ھەژمار دەکاتن. ئەو خۆی ھەڵدەستێ بە چاودێریکردنی خۆدیی خۆی بۆ ئەو ئامانجانەی کە ئەو خۆیشی بەشێکە لە دانەرەکانی و ھەڵبژارتنیان، و لەم سۆنگەیەوە بە پێی بارودۆخ و ھەڵومەرجی بابەتیانەی ئەو ساتە ھەڵسوکەوت دەکاتن. بۆیە پێدانی ئازادی بە تاکەکان دەرفەتێکی باش دەبێ تاوەکو ئەوان خۆدی خۆیان وەدەستبێنن، و بەشدارییەکی کارامە لە ھەڵبژارتنی ئامانجەکان بنوێنن، بە بێ ئەوەی پێویست بە چاودێرییەکی تووندو تۆڵی ئەوان ھەبێ.
لە پێداچوون بەو بیردۆزە ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرمان بۆ دەردەکەوێ کە پەیوەستە بە بارودۆخەکەی ئێستای کۆمەڵگای کوردستانی و ھەڵومەرجی ھاتنە کایەی دەرفەتی ریفراندۆمێکی سەرتانسەری کوردستانیان کە تێیایدا دەبێ بە ویستی خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان و نەوەکانی داھاتووی ئەم سەرزەمینە بدەن. بیردۆزی (X) و (Y) گرنگیەکی تایبەت بە لایەنی بڕیاردانی تاکەکانی کۆمەڵگا دەداتن و ئەو کارە و پرۆسەیەیان پێ زۆر گرینگ و چارەنووسسازە. دیارە لەخۆڕا ئەو تەرکیزەی لەسەر نەکراوە. ئەو کاتەی کە تاکەکانی کۆمەڵگا دەتوانن وەک مرۆڤێکی ئاسایی و سروشتی بیربکەنەوە و لەو ڕاستییە مێژوویی و لۆژیکی و بابەتیانەیە تێبگەن، کە ھەڵبژارتنی گۆڕاوێکی گۆنجاو لە ریفراندۆمە و سەرکەوتنیان تێیایدا سەرچاوەی ئاسوودەیی و ئاسایشی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ئێستا و ئاییندەی خۆی و تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەی بەدواوەیە، بە بێی دوو و سێ و سڵکردنەوە و گۆمانەوە و بە بێی ئەوەی پێویست بە چاودێرییەک بکاتن خۆی و بەو پەڕی شانازیی و ھەستکردن بەرامبەر بە مێژوو و شارستانیەت و ھەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە لە پێناو ئەو ڕۆژە قۆربانییان بە خۆیان و ژیانیان داوە، بەشدارییەکی چاڵاکانەی تێیایدا دەکەن.
ئەوان ئامانجە پیرۆزەکانی ئەو نەتەوە و کەمە نەتەوەکان و مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایە بە ھەموو ئایین و بیروباوەر و ئایدیۆلۆژی و مەزھەبە جیاوازەکانیان، لە بەر ھۆکاری لاوەکی یان لەژێر گۆشار یان کاریگەری نەرێنی ڕاگەیاندنی چەواشەکاران، قۆربانی حەز و ویستی نامرۆڤایانەی ھەستنەکردن بە ئەرک و ماف و بەرپرسیارێتی ناکەن. ئەوان بۆ ئەوەی ئەو دامەزراوە و سیستەمەی سیاسی لە داھاتوو دا ببێتە سەرچاوەی پاراستنی ھەر تاکێکی ئەو نیشتمانە، لە کات و ساتێکی ڕەخساوی ئێستا و لەوپەڕی ھێز و توانایی پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری بەرخۆدان و لەژێر فەرمانی سەرکردە و فەرماندەیەکی لەخۆبۆردووی وەک جەنابی سەرۆک بارزانی، ھەست بە داھێنان و توانایی دوورکەوتنەوە لە کووت و بەندەکانی تەسکی مادی و سیاسی دەکاتن و بە بێی گۆێدان بە کەموکۆڕییەکانی ئێستاکەیی، کە لە ڕاستیدا بەشێکن لە پێویستییەکانی ئەم قۆناغە و دەبێ قۆربانییان پێ بدرێتن، ڕووبەڕووی کۆسپە ھزری و جەستەیی و خۆازراوە لە بن نەھاتووەکانی دەبێ و بەو پەڕی بۆێرییەوە بەسەریان دا زاڵ دەبێ چونکە ئەزموونە تاڵەکانی خۆی و باپیرانی لە ڕابردوو دا ئەو ڕاستییەیان بۆ دەرخستووە کە مردنی ژێر سێبەری ئازادی و ئازاد ژیانە و ئازاد بیرکردنەوە و ئازادانە ھەڵبژاردن تام و چێژەکەی تەواوبوونی نیە، و بە پێچەوانەوە ژیانێکی بندەستیی نەئازاد، وەک ئەوەی کە بۆ ھزاران ساڵ دەچێ خۆی و باب و باپیرانی ھەیانبووە، ئاکامەکانی و بەرھەمەکانی شتێک نین جگەلەوانەی کە بە سەدان ساڵە ھەموومان بەچاوی خۆمان دەیبینین و بینیمان، و پەلاماری دڕندەکانی وەھابیەتی داعشەکان بە پشتەوانیی دەستی دەرەکی و ناوچەیی ھەمەلایەنە، بەشێک بووە لەو کارەساتە تراژێدیایانەی کە مێژوو ھەرگیز لە یادیان ناکات.
بەواتایەکی تر ئەگەر لە ناوەڕۆک و روانگەی تیۆرەکانی (X) و (Y) وردتر ببینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە مرۆڤی کۆمەڵگای کوردستانی، ئەو تاکە سروشتیەیە کە لە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی دایە و لە ناخ و دەروونی دا لەوە تێگەیشتووە کە سوودمەند و زیانمەندی یەکەم و دوایینی سەرکەوتن و یان سەرنەکەوتنی ئەم پرۆسەیە ھەر خۆیە، بۆیە لەم ڕۆانگەیەوە زیاتر لە زۆر کەس و لایەن و تەنانەت دەستھەڵات و ناحەزان و نانیشتمانپەروەران و ناحەزان و خەمنەخۆران و ڕەشبینان و دڵڕزیوەکان تامەزرۆی ھاتنی وادە و ژوانی ئەو ڕۆژەن تاوەکۆ بەو پەڕی متمانەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بچن، و ل جیاتی ڕشتنی تۆی ڕق و قینی خۆیان و بیرکردنەوە لە خەسڵەتە ناشرین و دوور لە بەھا کۆمەڵایەتی و مرۆڤی و کوردەوارییەکانی وەک تۆڵەسەندنەوە و ڕکگرتن و عینادی منداڵانەی کۆێرکۆێرانە، بە دڵ و گیانێکی لەخۆبۆردووانە و خاوێن و تنیا لە پێناو بەرگری لە خۆیان و داھاتوویان، بڕیارێکی دروست و گۆنجاو بدەن، و پیشانی جیھانیان بدەن کە ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە ئەو بڕیارە بدەین و ئەو بڕیارە بەدەست خۆمان دەدەین، چونکە چاوەڕۆانی لە ئێوە لەوانەیە تا ھزار ساڵی تریش درێژە بخاینێ. ئەوان بەو کارەیان دەسەلمێنن کە ئێمە دەوڵەت لە پێناو دژایەتی نەتەوە و خەڵکانی تر دانامەزرێنین، بەڵکۆ ئەو کارە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی ئەنجام دەدەین، چونکە خۆمان بەرامبەر بە ژیان و پیرۆزییەکانی و ھەموو مرۆڤەکانی بە بەرپرسیار دەزانین.
_ ئەم بابەتە لە ژمارەی (٥٣٠٥) رۆژنامەی خەبات ڕێکەوتی ( ١١/٧/٢٠١٧) لاپەڕە(٦) بڵاوکراوە.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ