نیشتیمان پەروەری بە کردار و تێکۆشانە

نیشتیمان پەروەری بە کردار و تێکۆشانە
گەورە سەرکردەی سیاسی بەریتانی ونستۆن تشرشل کە لە ساڵانی (١٩٤٠-١٩٤٥)و(١٩٥١١٩٥٥) سەرۆکی وەزیرانی بەریتانیا بووە دەلێ" نیشتیمان دارێکی شیرین و بەرھەم دارە گەشەناکات ، تەنھا لەو خاکەی کە قوربانی لە پێناو دراوە و وە بەخوێن و ئارەقە ئاودراوە"
ھەموو مرۆڤێک لە سەر ڕووی زەوی کە لەدایک دەبێت و گەشە دەکات و گەورە دەبێت، بێگومان لەسەر خاکێک و لە نیشتیمانێکدا کە شوێنی لە دایکبوون و ژیان و گەورەبوونیەتی کە بەردەوام ھەست و سۆز و خۆشەویستی بۆ ئەو خاکە ھەیە ، بەڵام ئەوەی وامان لێ دەکات کەمتووبوون و ھۆگری زیاتری ئەو خاکە بین بێگومان پەروەردەکردنمانە لەسەر خۆشەویستیمان بۆ خاک و نیشتیمان ئەو پەروەردەییەی لە قوتابخانەکان فێری دەبین لێ ڕاھاتووین بەتایبەتی لە رێگای ئەو پرۆگرامەی کە دەیخوێنین ، چونکە پرۆگرام و بابەتەکانی قوتابخانە وا لە قوتابی دەکات کە خاک و نیشتیمان و ووڵات بناسێ و ناوی کوردستان و شارەکانی کوردستان و سروشتی کوردستان و سەرکردە خەبات گیرەکان و پێشمەرگە بناسێ ، بۆیە زۆر گرنگە لە پرۆگرامەکانی پەروەردە زیاتر جەخت لە سەر لایەنی نیشتیمان پەروەری و تێگەیشتنی قوتابی بۆ چەمکە نیشتیمانییەکان بکەینەوە چونکە ئەرکی پەروەردەیە خۆشەویستی زیاتری نیشتیمان لە دڵ و دەروونی قوتابی بچەسپێنێ و گەشەی پێ بکات و لە رێگای پرۆگرامەکان و بابەتەکانی قوتابخانە دەتوانین کەسی نیشتیمان پەروەر و بیروباوەر بە ئاراستەی خۆشەویستی نیشیتمانەکەی و خاکەکەی بھێنینە بەرھەم کەسێک کە گەورە بووو خۆی بە خاوەنی خاک و نیشتیمان بزانێ و خزمەتی بکات و لە کاتی پێویستی و تەنگانەدا پشت لە نیشتیمان نەکات و بەڵکو ھەردەم کەسێکی نیشتیمان دۆست و خاک خۆشەویست بێت ، ئامادە بێت قوربانی لە پێناو بدات و دژی دووژمن و داگیرکەر و بەکرێگیراو نیشتیمان فرۆشەکان بوەستێت و ئامادەیی خۆبەختکردنی تێدا ھەبێت و ھیچ کاتێک ئامادە نەبێت لەسەر بستێک لە خاکی نیشیتمانی کوردستانی خۆشەویست سازش بکات.
ھەر لە رێگای پرۆگرامەکانی خوێندنە قوتابی شارەزایی لەسەر مێژوو جوگرافیای کوردستان دەزانێت و شانازی بە ڕابردووی سەرکردەکانمان و میللەتەکەمان بکات و قوتابی فێری داب و نەریتی کوردەواری دەکات ، فێری دەکات نیشتیمانپەروەری بە کردار و تێکۆشانە نەک قسەکردن و خۆبادان بەڵکو ھەر پەروەردە و پرۆگرام و قوتابخانەیە قوتابی ووشیار دەکاتەوە لە تێگەیشتنی چەمکەکانی نیشتیمانی بوون و چاندنی تۆوی خۆشەویستی و ھاوکاری و تەبایی لە نێو دڵی قوتابیان لە رۆژگاری وەکو ئەمرۆدا پێویستیمان بە پرۆگرامی وا ھەیە کە پەرە بە ڕۆشنبیری ھاونیشتیمانی بوون بدات و وەکو پێویستیەکی سەردەم گەڕان بە دوای سەرجەم رێگاکانی گەشەکردنی ئەو رۆشنبیرییە لە ناخی قوتابیەکانمان کە بتوانرێ پیادەی ئەو مافە بکرێ ، پیادەی ئەو ھەستە بکرێ چ وەکو ڕەوشت یان ووشیاری یانیش جێ بەجێ کردنی ھەر بۆ نموونە ئێمە لە کوردستان بەرەوو گشتپرسی و ڕیفراندۆم لە پێناو سەربەخۆی کوردستان ھەنگاو دەنێین گرنگە قوتابیەکانمان دڕک بەوە مافە ڕاستەقینە بکەن و بە بوێری ئەو پەری متمانە بە خۆبوون داوا لە کەس وکار و دایک و باوکیان بکەن لە پێناو رۆڵەکانیان کە ئەوڕۆ مافی دەنگدانیان نییە لە پێناو دابین کردنی پاشەرۆژێکی سەربەخۆ لە نیشیتمانێکی سەربەخۆ کوردستانێکی ماندوو قوربانیدەر بە بەلێ دەنگ بدەن کە ئەویش مسۆگەرکردنی مافی نەوەکانیانە مافی ڕۆلەکانیانە لە ھەمان کاتیشدا بەرپرسیاریەتیەکی پیرۆزە بەرامبەر بە منداڵەکانیان ، وە ئەمانەتێکی مێژووییە بەرامبەر بە خەباتی باب و باپیرانیان .
گرنگە ھەموومان لە پێناو درووستکردن وبنیاتنانی نیشتیمانێکی سەربەخۆ کاربکەین نەک ڕووخاندن و لە باربردن و وێرانکردنی کە دەگەرێتەوە بۆ کاریگەری پەروەردە و پرۆگرامەکان و ژینگەی دەوروبەرمان.
بەرپرسیاریەتی گەورەیە وەزارەتی پەروەردە ھەنگاوی بۆ بھاوێژێ ئەویش بتوانین پەروەردە و چەمکەکانی ھاووڵاتی بوون و ھاونیشتیمانی بوون لە پڕۆگرامەکانی خوێندن بە زەقی ڕەنگ بداتەوە کە قوتابیەکی پەیوەست بوو بە نیشتیمان و خاک بھێنیتە بەرھەم کە فەلسەفەی پەروەردە ئامانجی گەشەکردن و پەرەپێدانی خۆشەویستنی نیشتیمانی بوون لە ناخی قوتابی ساڵ لە دوای ساڵ چەکەرە بکات و لەگەڵیدا گەورە بێت و بە کرداریش پیادەی ئەو چەمکانە بکرێت لە رێگای چاڵاکییەکانی قوتابخانە و لە قوتابخانەکان بەردەوام جەختی لێ بکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و پەروەردەی قەزاکان سەرپەرشتی بکرێ و خۆیان بە خاوەنی ئەو ئەمانەتە بزانن و بەردەوام ھان بدرێن و کە گرنگی پێدان و پیادە کردنیان پاڕاستنی ئەمانەتی ڕاستگۆیی و وەفاداریمانە بەرامبەر بە خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانە ئەوکات ئێمەش وەکو پەروەردە توانیمان ئەو نیشتیمانەی ئەوان بە خوێنی خۆیان سنورییان بۆ کێشا ئێمەش بیپارێزین و لە ناخی رۆڵەکانمان بچێنین کە ھیچ شتێک لە نیشتیمان خۆشەویستتر و جوانتر نییە تا ماوم بەرگری لێدەکەم و بە ھەردوو دەستەکانم ئاڵاکەی کوردستان لەسەر خاکەکەم بەرز دەکەمەوە

بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top