هێشتا هیچ نەقەوماوە؟
July 26, 2017
وتار و بیروڕا
بەغدا هەوڵ دەدات، كار لەسەر ئەو تێڕوانینە بكات، پێی وایە كاركردن بە ئاراستەی ترساندنی دەوروبەر و جیهان، بەوەی سەربەخۆیی دەبێتە هۆی كارەساتێكی گەورە، لە لایەك ئەو كارەساتەی دەسەڵاتی تایفی بەسەر عێراقی هێناوە، لەبیر دەچێتەوە و بەردێكی لەسەر دادەندرێت، لەلایەكی دیكەش بەردەوام دەبێت لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان، تاران لەوەتەی ئەو گەرموگوڕییەی كوردستانی بۆ ریفراندۆم بینیوە، فایلی رێگریكردن لە ریفراندۆمی لە بەغدا وەرگرتووە و خۆی راستەوخۆ هاتۆتە سەر خەت، باڵیۆزی ئێران لە عێراق سەردانی كوردستانی كرد، وێڕای سەردانی حكوومەت، چەند حزبێكیشی بەسەر كردەوە، لە هەندێ بارەگا بە حزبەكانی گوتبوو ریفراندۆم رەتبكەنەوە، ئێمە ماددەی 140 ی دەستوور جێبەجێ دەكەین، ئەنكاراش دژایەتیكردنی سەربەخۆیی نەشاردۆتەوە، بەڵام ئێران رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت و هەر بەتەمای بەغدا جێی نەهێشتووە.
ناكۆكیی حزبی خاڵێكی لاوازی كوردستانە، ئێستا میدیای ئەو لایەنانەی لەگەڵ بەغدا دەڵێن كاتی ریفراندۆم نییە، خەریكی راڤەكردنی بۆچوونی ئێرانن، نیگەرانییەكانی ئێران بە جۆرێك خورد دەكەنەوە، هیچ دەرەتانێك بۆ خەڵكی كوردستان نەمێنێ جگە لە تەسلیم بوون و وازهێنان لە سەربەخۆیی، بەغدا و تاران دەستیان بەو خاڵە لاوازەوە گرتووە، بۆیە دەڵێن ریفراندۆمی سەربەخۆیی تەنیا داوای بارزانی و پارتییە، ئەو بە پارتیكردنەی سەربەخۆیی (لە وتاری رۆژی 14 ی حوزەیرانی 2017 دا لە خەبات بەناوی "كێ لە پشت بە پارتیكردنی ئاڵا و سەربەخۆیی كوردستانە" وردتر تیشكم خستۆتەسەر مەسەلەكە) ئێستا ئێران زیاتر كاری لەسەر دەكات، چەند رۆژێك لەمەوبەر، لە تاران راستەوخۆ بە شاندی یەكێتییان گوتبوو ریفراندۆم تەنیا داوای بارزانی و پارتییە.
بەڕاستی بۆ ئێمەش خراپ قەوماوە، لە كاتێكدا دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان، بە دەیان دەرد و بەڵاوە دەناڵێنن، كەچی حزبی كوردی لەبەر دەسكەوتی حزبی، باكی بە هەڵكەوتنی دەرفەت و خەریك بوونی جیهان بە شەڕی تیرۆرەوە نییە، لەكاتێكدا پێشمەرگە هێزێكی كارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە، كێشە ناوخۆییەكان، ئەگەر دەوروبەریش دەستیان تێوەربدات قابیلی چارەسەرن، بەڵام دەرفەتی مێژوویی هەموو كات هەڵناكەوێت، سەربەخۆییش داخوازیی دێرینی خەڵكی كوردستانە نەك تاكە حزبێك، ئەوە دوژمنە بە حزبیی دەكات، بۆ ئەوەی لە ناكۆكیی حزبیدا، ئەو داخوازییەی خەڵك سوك و ریسوا بێت، بۆیە ئەو حزبانەی خۆیان خستۆتە بەرەی دژی سەربەخۆیی، لەبەرئەوەی خۆیان بە ناكۆك لەگەڵ پارتی دەبینن، بۆ مێژوو داوایان لێدەكەم، دەكرێ تا سەر ئێسقان رقتان لە پارتی ببێتەوە، بەڵام ئەو رقە لە داوای رەوای خەڵك نزیك مەكەنەوە.