لە چیدا یەکدەنگ و لە چیدا جیاوازن؟
July 25, 2017
وتار و بیروڕا
گومان لەوەدا نییە درووشم تا نەچێتە قۆناغی جێبەجێ کردن موزایەدەی سیاسیە و وتاریش تا بە کردار نەکرێ درۆ کردنە لەگەڵ ئامانجەکان و لادانە لە رێڕەوی چارەسەری کێشەکان، لێرەوە مەترسیەکانی یەکدەنگی لە وتار و درووشمدا و جیاوازی لە هەڵوێست و کرداری نێوان لایەنەکان دەردەکەون و پێویستە تاکی کورد هەڵوەستە لەسەر دەرکەوتنی ئەو مەترسیانە بکات، چونکە ئەوەی بە وتار و درووشمی لایەنەکانەوە دیارە ئامانجیان چەواشە کردنی خەڵکە و ئەوەی لە هەڵوێست و کرداریشیان دەبینرێ شەقامی کوردیان کردۆتە چەند بەشێک و بە ئاراستەی مەرامە جزبیەکاندا دەیان جووڵێنن.
دیموکراسی و ئازادی بیروڕا بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی ژێردەستە و هەڕشە لێکراو تا ئەو شوێنە بە سوود و بەرهەمدارە کە خزمەتی پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان و ئامانجە نەتەوەییەکانی پێ بکرێ، ئەگەر لایەنە سیاسیەکان لە پرۆسەی بنیاتنانی دیموکراسی و ئازادی بیروڕادا ئەو خاڵە لەبەر چاو نەگرن و سەربەخۆیی کوردستان و ئامانجە نەتەوەییەکان نەخەنە پێشینەی ئامانجە حزبیەکان، ئەوا دیموکراسی و ئازادی بیروڕا دەکرێتە پەردەی شاردنەوەى بیانووە حزبیەکان، ئەوکاتیش دیموکراسی و ئازادی بیروڕا دەبێتە چەکێکی خۆکوژ و خۆمانی پێ دەکوژین، بەڵام لایەنە سیاسیەکان پێچەوانەی ئەو راستییە هەنگاو دەنێن و بەناوی دیموکراسی و ئازادی بیروڕاوە ئامانجە نەتەوەییەکان لە هەناوی چاوچنۆکی حزبیدا دەگوشن و بۆ بڕیار دانیش لە سەربەخۆیی دەچنەوە بەر دەرگای دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان.