بێ شه‌رمی به‌م ڕاده‌یه‌؟ وه‌ڵامێك بۆ نوری مالیكی

بێ شه‌رمی به‌م ڕاده‌یه‌؟ وه‌ڵامێك بۆ نوری مالیكی
بۆ خه‌ڵكی كوردستان دژایه‌تیه‌كانی نوری مالیكی روون و ئاشكرایه‌، به‌ڵام كه‌م هه‌ڵكه‌وتووه‌ سیاسیه‌ك‌ هێنده‌ بێ شه‌رم بێت و رووی قایمی خۆی هه‌ست پێ نه‌كات و به‌رده‌وام بێت له‌ چه‌واشه‌كاری و موزایه‌دات.
له‌ دوا ده‌ركه‌وتنی میدیاییدا، مالیكی به‌ نه‌فسێكی بێ شه‌رمانه‌ و دوژمنكارانه‌ و دوور له‌ هه‌موو لۆژیكێك هاتۆته‌ قسه‌ كردن، باس له‌ ده‌ستوری عێراق ده‌كات، ئه‌و ده‌ستوره‌ی ساڵی 2005 كورد به‌ هه‌موو توانایه‌كیه‌وه‌ وه‌ك ئومێدێك بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكی و ململانێ و كێشه‌كان ده‌نگی بۆدا و به‌ ده‌روازه‌یه‌كی گرنگی عێراقێكی نوێتر ته‌ماشای كرد، مالیكی ئه‌مڕۆ خۆی به‌ده‌ستوره‌وه‌ هه‌ڵده‌كێشێ ده‌بێ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بێت كورد هێزێكی كاریگه‌ر بوو بۆ سه‌رخستنی، ئه‌گه‌ر پشتگیری و پێداگیری كورد نه‌بوایه‌، به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی سێ پارێزگای سووننه‌نشین پرۆژه‌ی ده‌ستور له‌و راپرسیه‌دا شكستی ده‌هێنا.
مالیكی هێنده‌ رك و كینه‌ له‌ دڵیدا په‌نگی خواردوه‌، شه‌رم نایگرێ به‌رامبه‌ر به‌ خودا، خه‌ڵك و گه‌لانی عێراق، باس ده‌ڵێ: به‌م ده‌ستوره‌ رێگه‌ نادرێ كورد ریفراندۆم بكات و سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێ، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واو دڵنیا بیت له‌ ئیراده‌ و وه‌ڵامی كورد، هه‌ر به‌هه‌مان ده‌ستور كورد ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌دات و دیباجه‌كه‌ی ده‌ستور كه‌ زامنی یه‌كپارچه‌یی عێراقی په‌یوه‌ست كردوه‌ به‌جێبه‌جێ كردنی ماده‌ و بڕگه‌كانیه‌وه‌ رێگه‌ به‌ كورد ده‌دات به‌ ئیراده‌ و بڕیاری ئاشتیخوازانه‌ی خۆی راپرسی بۆ جیابوونه‌وه‌ بكات. چونكه‌ تۆ(مالیكی) یه‌كه‌م كه‌س بوویته‌ ده‌ستوری عێراقت پێشێلكردوه‌ و پشتگوێخستووه‌، كه‌واته‌ به‌پێی ئه‌م ده‌ستوره‌ كه‌ بێشه‌رمانه‌ تۆ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ی و به‌پێی ئه‌و ره‌فتاره‌ ناده‌ستوریانه‌ی تۆ، كورد بۆی هه‌یه‌ ریفراندۆم ئه‌نجام بدات.
مالیكی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌س له‌ ناخی تێنه‌گات، موزایه‌ده‌ی كوردی پارچه‌كانی دیكه‌مان پێده‌فرۆشێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئێستا باس له‌ هه‌رێمی كوردستان و ریفراندۆم ده‌كرێ، نه‌ك پارچه‌كانی دیكه‌، كه‌ سیاسه‌ت و حیكمه‌ت و بڕیاری كورد وایه‌: هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌ به‌پێی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كانی ده‌درێ.
باسكردنی پشتیوانی ئیسرائیل له‌ پرسی كورد، بابه‌تێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ گرێیه‌كی ده‌روونیه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ مالیكی ئازاری پێیچه‌شتووه‌، ئێمه‌ ده‌پرسین: ئه‌وه‌ ئیسرائیل بوو كوردی ئه‌نفال كرد؟ هه‌رێمی كوردستانی ئیسرائیل كیمیابارانی كرد؟ ئه‌و كاره‌سات و مه‌رگه‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر میلله‌تی كورد هات ئیسرائیل بوو؟ موچه‌ و بودجه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ئیسرائیل فه‌رمانی بڕینی بۆ ده‌ركرد؟ ئه‌گه‌ر مالیكی له‌ ویژدانی خۆیدا ئه‌م پرسیارانه‌ بكات، وه‌ڵامه‌كانی باشتر ده‌ست ده‌كه‌وت. به‌ڵام بێ نمه‌كی ئه‌م كه‌سه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێچاوه‌ڕوان ده‌كرێ و بیری چووه‌، له‌ ساڵی هه‌شتاكانه‌وه‌ كوردستان موڵگه‌ی حه‌وانه‌وه‌ و پاراستنی ئه‌وان بووه‌. تۆ له‌ كاتی ئازادكردنی عێراق نه‌یتوانی له‌ باشوره‌وه‌ نه‌توانی بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا له‌ رێگه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ به‌ پاسه‌وانی هێزی پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕایته‌وه‌، چۆن شه‌رم ناتگرێ هێنده‌ بێ نمه‌كانه‌ قسه‌ له‌سه‌ر كورد و هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ی؟
ئێستا ئه‌وه‌ی به‌لای كورده‌وه‌ گرنگه‌، ته‌نیا په‌ره‌پێدانی فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان و بڕیاردانی ئاشتیخوازانه‌یه‌ وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ره‌وایه‌تیان به‌سه‌ر هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانی كورد داوه‌، به‌تایبه‌تی نوری مالیكی.
Top