پەیامی وتارەكەی عەبادی

پەیامی وتارەكەی عەبادی
عەبادی لە قسەكانیدا باسی ئەوەی كرد؛ گوایە ئێستا سوپای عێراق دڕندە نییە، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە پاش كۆتایی هاتنی داعش، سوپای عێراق دەتوانێ بچێتە ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندایە. وەك خۆی گوتی "هەر كات بیەوێ، سوپای عێراق دەتوانێ بچێتە هەر ناوچەیەكی عێراق." ئەمانە و سەرجەم قسەكانی، پەیامێك بوو ئاڕاستەی كورد و ناوچەكەی كرد.
هەرگیز جارێكی تر عێراق ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ كات و ساتی بەر لە هاتنی داعش، چونكە ناوچەكە كەوتووەتە ژێر كاریگەریی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی. ئامانجی هاتنی داعشیش بۆ ئەو مەبەستە بوو. چۆن دروستبوونی دەوڵەتێكی سوننییان كردە خەون، ویستیان ئاوەهایش دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بكەنە خەون، یان هەر وەك خەونێك بمێنێتەوە. بەڵام كورد گورزی خۆی وەشاند و بەر لە هەموو شتێك پارێزگاریی لە ناوچەكانی خۆی كرد. لە ئێستادا و لە داهاتوویش كورد دەبێتە كارەكتەری سەرەكیی عێراق، ئەگەر یەكڕیزیی ناو ماڵی خۆی بپارێزێ. بە جیابوونەوەیشی ئەوا كاری خۆی دەكات.
عێراقی پاش 2003 كورد دروستی كردەوە، بەڵام جارێكی تر كورد عێراقی پاش داعش دروست ناكات. چونكە پاش ئەوەی دەوڵەتی عێراقی بۆ بونیاد نانەوە، عێراقییەكان بانگەشەی جێبەجێكردنی یاسا و دەستووریان دەكرد، كەچی بە هیچ شێوەیەك ئەوەی پەیوەست بوو بە كەركووك و ناوچە هاوشێوەكانییەوە جێبەجێیان نەكرد. پابەندی دەستووریش نەبوون و باسی مردنی هەندێك ماددەی دەستورییان دەكرد. كەچی ئێستا جارێكی تر لە لاوازیدا باسی یاسا و دەستوور دەكەن. بۆیە كورد نابێ چیتر بەم سیاسەتە هەڵبخەڵەتێ. كورد گوتەنی "لە هەر زەرەرێك ئەقڵێك." بۆیە دەبێ‌ كورد ئەو توانا و ئەزموونەی هەیەتی لەمەودوا بۆ خۆی بەكاری بهێنێت. ئەو توانی دەوڵەتێك بۆ عێراقییەكان دروست بكاتەوە، دەشتوانێ‌ باشترین دەوڵەت بۆ خۆی دروست بكات.
Top