ئاگاتان لەپەیامەکەی بارزانی هەبوو؟
July 21, 2017
وتار و بیروڕا
لەوە دەچێت بەشێک لە پەیامەکە بۆئەوەبێت کە هێشتا بەغدا هەندێک کارت هەیە، لەدژی ڕیفراندۆم تاقی نەکردوەتەوە، بۆیە بارزانی پێشوەختە باس لە زمانی هەڕەشە لەلایەن بەغداوە دەکات، پرسیاری جددی ئەوەیە کە ئەگەر هاتوو، لەبەغداوە پەنابرایە بەر هەڕەشە بۆ راوەستانی ڕیفراندۆم؟، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ملکەچی ئەو هەڕەشانە دەبێت؟ بارزانی دەستپێشخەری کردووە لەجیاتی هەموو حزبەکانی کوردستان وەڵامی داونەتەوە، خۆ ئەگەر لەناوخۆی کوردستانیش هەڵوێستێکی پێچەوانەی ئەو هەڵوێستە هەبێت رەنگە دواجار بکەوێتە بەردەم ڕەخنەی خەڵکەوە، بۆیە بارزانی هەم بەغدا و هەم هەندێک حزبی کوردستانی خستووەتە هەڵوێستێکی قورسەوە، دواجار خەڵک دەبێتەدادوەر.
لەوە دەچێت ئەمە یەکەم بەیاننامەی دەستپێکی ڕێگای ڕیفراندۆم بێت، لەئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکی بەغدا دواجار باڵانسەکە گۆڕانکاری بەسەردادێت، چونکە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەهەستیارترین کاتدا تێدەپەرێت، بەغدا دەیەوێت بەهەمووشێوەیەک بەرەنگاری جیابوونەوەی کوردستان ببێتەوە، کوردستانیش لە لێواری بڕیاری یەکجارییە، لەهەمووی گرنگتر بەغدا ناتوانێت رێگری لە کوردستان بکات، بە گفتووگۆش کارلەکار ترازاوە، لەوە دەچێت بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغدا تەواو بێ متمانەی لەنێوان هەولێرو بەغدا دروست کردبێت، کاتێک بارزانی دەلێت لەچوارچێوەی دەوڵەتێکدا چۆن دەکرێت بەنیوە واژۆیەک قوتی خەڵکی کوردستان ببڕدرێت؟، پەیامەکە خەڵکی کوردستان رادەچەڵەکێنێت کە گەرەنتیان هەیە لەگەڵ بەغدا بژین و جارێکی دیکە ئەوەیان بەسەر نەیەتەوە؟.