نوێنەری بەغداییە شۆڤینیەکان لە (UN) و دەوڵەتی کوردستان

نوێنەری بەغداییە شۆڤینیەکان لە (UN) و دەوڵەتی کوردستان
سەرەڕای ئەوەی کە کەسانیتر و لەوانەیش یان کۆبیش، وای نەکرد، بەڵام نوێنەری بەغداییە شۆڤینیەکان لە (UN) لە (١٧/٧/٢٠١٧) و لە کاتی گۆتارەکەی دا و گێڕانەوەی شتەکان و سوپاس و پێزانینەکانی دا ناوی ھەر کەس و ناکەسی ھێنا و ئاماژەی بە ھەر شتێک کرد بەڵام ئەوەی لەو گۆتارە دا نەبیسترا ناوی کورد و کوردستان و پێشمەرگ و دەوڵەتی کوردستان بوو، کە ئەوە لە دوو شت زیاتر نیە: یان ئەوەتا ئەو و ئەوان کورد و کوردستانیان بە ھیچ نازانن یان ئەوەتا ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێن " ئەو ناوچەیە وڵاتێکی سەربەخۆیە و ھیچ پەیوەندییەکی بەم گۆتارەوە نیە".
ئەگەر گریمانەی یەکەم ڕاست بێ کەواتە ئێمە چاوەڕۆانی چی لەو نادادپەروەرانە دەکەین و بە چی ئەوان دڵخۆش و شاد بین، تا ھەوڵی بەدەوڵەتبوون نەدەین؟ و ئەگەریش گریمانەی دووھەم دروستە باشە ئێمە بۆچی دەستەویەخە وەستاوین و چاوەڕۆانی ئەوە بین فڵان دەوڵەتی زلھێز یان نازلھێز بیتن و ئەو دەوڵەتە لە نێو سەبەتەیەک پێشکەشمان بکاتن؟
ئایا کاتی ئەوە نیە ئێمە وانە لەو جۆرە گۆتارانە وەربگرین؟ ئایا خاوەنی ئەو گۆتارە چی بۆ کوردستانیان پێیە؟ بۆچی لە جیاتی ئەو ئێمەی کوردستانیش لەو شوێنە نوێنەرمان نەبێ؟ ئایا ئەوان لە ئێمەمانان پیاوترن یان خوێنیان سوورترە یان ...؟ یان ئێمە زۆر بوێر نین و خۆمان دوژمن و نەیاری خۆمانین بۆیە ئەوانیش ئەوھامان پێدەکەن؟ ئایا ئەوان کە باس لە دادپەروەری وڵاتیان دەکەن کوردستانیەکیان بە نوێنەر لەگەڵ خۆیان لەو شوێنە، واتە (UN) داناوە تا ڕێگە لەو جۆرە بێڕێزییە بەرامبەر بە کورد و کوردستانیان و پێشمەرگە خۆنەویست و قارەمانەکەی بگرێ و نەھێڵیِ ئەو جۆرە تاوانانە دووبارە ببنەوە؟ بەڕاستی دەبێ کورد و کوردستانیان دان بەوە بنێن کە ئێمە لەوپەڕی دیوارەکانی پۆڵاینی لۆژیکەوەین و لە بیرکردنەوە ھاوشێوەی بیرکۆڵەکانین و زوو زوو ھەست بەوە ناکەین کە بووینەتە " قۆچی قۆربانیی " عەقڵێکی دۆگماتی و شۆڤینی کە ھەمیشە و دوێنی و ئێستا و بەیانیش ھیچ گۆڕینی بەخۆیەوە نەبینیەوە و نایبنیێ. *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top