ڕۆشنبیرێک و ھەڵوێستێکی سەیر لە رفراندۆم

ڕۆشنبیرێک و ھەڵوێستێکی سەیر لە رفراندۆم
بە سەدان ساڵە ھیوا و ئاواتەکانی کوردستانیان ھەڵقوڵاوی ھزری ڕۆشنبیران بوو و دوای یەزدانی مەزن و سەرکردەکانمان، ئەوان بە پشت و پەنای ئێمە دەژمێردران. بەڵام سەیر لەوەدایە کە لە دۆخێکی وەک ئەمرۆ ھەندێ لەو بەناو ڕۆشنبیرانە لە بەرەیەک دا دەبینرێن کە بەھەموو ھێز وتواناوە دژایەتی یەکێک لە پیرۆز و ڕەوا و ئاسایترین خواستەکانی ئەم میللەتە دەکەن.
یەکێک لەوان دەڵێ" خەڵکی تووشی ھەڵپە بوونە ئەگەر نە کاتی نەھاتووە!؟" زۆر سەیرە و جێگەی داخە لە کوردستانێک کە لاپەڕەکانی مێژوو و مێشکی خەڵکەکەی دەزانن چی نیە پێی نەکرابێ ڕۆشنبیرێک وا بیر بکاتەوە.
باشە دەبێ پرسیار لەو ڕۆشنبیرە و ڕۆشنبیرەکانی ھاوشێوەی بکرێت:کەی کاتی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانە؟
پاش ھزار ساڵی تر و ھزاران تاوانیتری وەک ڕاگۆاستن و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و کێمیابارانی حەلبەچە و بالیسان و کارەساتی کۆشتنی فەیلیەکان و بارزانیەکان و شنگال و ئێزدی و ... ھتد؟! پاش ئەوەی سەدان جۆری پارت و لایەنی ڕاست و چەپ و ئیسلامی و شیۆعی و مارکسی و کورد و ناکورد و دوژمن لە ھەر لایەکەوە، وەک بەچکە گۆرگ، پەلاماری جەستەی کوردستانیان دەدەن، تەنھا چونکە کوردستانە و دەوڵەت نیە؟! پاش ...!؟ پاش...؟! ئایا دەکرێ ڕۆشنبیرێک تەنھا لەبەر ئەوە چەند پەرتووکێکی لە کاتی شەرەنگریسەکەی ناوخۆیی تاڵانکرابێ وەھا لە ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان بگاتن؟! ئایا ئەوە ڕۆشنبیرییە؟! ڕۆشنبیر لە ھەر کەسێک ھەستیارتر و دڵسۆزترە بۆ داکۆکیکردن لە مافی خەڵکی بە ھەبوونی دەوڵەتێکی سەربخۆ، چونکە ژیان و ئاییندەیان گەرەنتی دەکاتن. ھەر کەسێک بەپێچەوانەوە بیربکاتەوە دەبێ لە لیستەی ڕۆشنبیران دەربھێنرێتن.
بەپێچەوانەی ئەم کەسانە وەک کورد گۆتەنی ئێستا کە " تەندوور گەرمە" باشترین دەرفەتە تا کوردستانیان بۆ ئەو کارە ھەنگاو بنێن ئەگەینا کە تەندوور سارد ببێتەوە کار لە کار دەتەرازێتن و خەلکیش سارد دەبنەوە و جارێکیتر ناھێنەوە سەر ڕێگا و ئێستا تاکی کورد لە ھەر کاتێک لە ڕووی دەروونییەوە ئامادەیە چونکە لەپەڕی نائۆمێدییەوە دەستی لە وڵاتێکی وێران و ڕەفتارە نامرۆڤایانە و کۆشندەکانی بێزارە و گۆشاری مادیی بەرھەمی بڕینی قووتی خەڵکی لە لایەن بەغداوە تەنگی بە ھەموومان ھەڵچنیوە. *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top