سەربەخۆیی لەریزی خەونەکانی عەلی باپیردا

سەربەخۆیی لەریزی خەونەکانی عەلی باپیردا
پرسی سازدانی ڕیفراندۆم بەمەبەستی سەربەخۆیی كوردستان, كە هەنووكە مژاری سەرەكی گفتوگۆو بابەتی گەرمی میدیاكانە, بە ڕووچوون بەنێو گەڕێكی هەواڵی میدیاكان, ئاسان ئەوەت بۆ ڕووندەبێتەوە ڕیفراندۆم كۆمەڵگایی كوردستانی دابەشی سەر دووبەرەی جیاواز كردووە كە لە ئەنجامی ڕا جیاوازی لە ئیدارەدانی وڵات پێش دووساڵ ئەم دووبەرەیە درووست بوون, ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە كە بەشێك لە حزبەكان لە كوردستان بەهۆی زاڵی بەرژەوەندی حزبی نەیانتوانیوە بەرژەوەندی نەتەوەکەیان گەورەتر بەردیدە بگرن, بەجۆرێك تەنانەت ناتوانێت لەسەر پرسە نیشتمانەكانیش كۆك‌و كۆدەنگبێت.

مومارەسەكردنی ڕیفراندۆم وەك مافێكی سەرەتای هەركۆمەڵَگایەك‌ دواجار خۆهەژماركردنتە لە ریزی مرۆڤ، بەتایبەت ئەگەر بۆ پرسێك بێت وەك پرسی سەربەخۆیی و هاتنە دەر لەژێر هەژموونی نەتەوەیەكی دیكە كە سەتساڵە هەموو جۆرە مردنێك و زەلیل كردنێكی لەسەرتاقی كردویەتیەوە, بوار بۆ ئەوە ناهێڵێتەوە كە پێت وابێت سەربەخۆبونت كاتی نیە, چونكە خولەكێك زووتر هاتنەدەر و سەربەخۆبوون لەژێر دەستەیی دەستكەوتەكان گەورەتر دێنێتەبەرچاو. بۆیە لەم سۆنگەیەوە ریوایەتی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ سیاسەت و دۆخی ناوچەكە كە دواجار باوەڕی ئەوەی لا چێكردوون كاتی سەربەخۆی كورد نیە خەلەلی تێدا هەیە. بە مانایەكی دیكە جێگرتنی دەربڕینی (ناتوانین سەربەخۆبین) یان (ئێستا كاتی ریفراندۆم نیە) لەسەرزاری کۆمەڵباوەڕان ئەو تێگەیشتنە وەڕاستدەگێڕێت كە پێی وایە ئەدەبیاتی گفتۆگۆی كۆمەڵ لەسەر پرسی سەربەخۆی كوردستان و ڕیفراندۆم دوانەی هەمان ئەو ئەدەبیاتەیە كە نەیارانی كورد گفتووگۆیی پێدەكەن‌و لەیەك شوێن پێشەوایەتیان دەكرێت.

هەر لەگۆشەنیگای کاتی سەربەخۆیمان نیە، ئەگەر سەیری دۆخی ناوچەكە بكەین كە لە كۆتای سەركەوتنەكان ‌و سەرتای بەشینەوەی دەسكەوتەكانی ململانێی دووساڵی رابردوودا وەستاوین, لەسەرووبەندێك كە سنوورەكان بەجۆرێك كاڵ بوونەتەوە مانای نەمان دەدەن, جۆشدانی ئەندام ولایەنگرانیان بۆئەوەی دژ بەو پرسە نیشتمانیە بوەستنەوە لە پەنای كۆمەلێك بڕو بیانوی لاواز, هەروەها ترساندنی خەلكی بە برسی بوون و دوورخستنەوەیان لە سەنتەری بەسەروەری گەیشتنیان لەترسی نان, جگە لەوەی كورت بینینی سیاسی ئەم رەوتە ئیسلامیە نیشاندەدات, ئەوا نیشانەی پرسیار لەسەر رەسەنیەتی ئەو حزبە درووستدەكات كە ئەمیرەكەیان خەون بە هەموو شتێكەوە دەبینێت سەربەخۆی كوردستان نەبێت.

Top