سەغیرەکان و حەقیرەکانلە سەروبەندی رفراندۆم دا!!

سەغیرەکان و حەقیرەکانلە سەروبەندی رفراندۆم دا!!
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا لێدوانی سەیر و سەمەری ھەمە جۆر دەبیسترێتن و ڕەفتاری سەیرتر دەبینرێتن. تا ڕۆژە پیرۆزەکەی (٢٥/٩) نزیکتر دەبێ ھەوڵەکانی سەرخستن و دژایەتی ڕفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان چڕتر دەبنەوە.
لە لێدوانەکانی سەغیری شێعە مەزھەب لە بارەی بودجەی کوردستان و ناشایستبوونی قەبارەی (١٧%) بگرە تا ئاشکرابوونی سەدر لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دواکاری بۆ دواخستنی ریفراندۆم، و دەربڕینی ڕای عەمار حەکیم کە پێی وایە بە ڕیفراندۆم دۆخی ئێمەی کوردستانی خراپ دەبێ، زمانی زەبر و زەنگیشی بەکار ھێناوە.مرۆڤ لەو جیھانە عاجبات دەمینێتەوە. " تا بمینی عاجبات دەبینی" !
نازانم و گرنگیش نیە بزانم کە ڕێژەکەی (١٧%) چۆن دانراوە یان نە گرنگ ئەوەیە ھەموو کەس دەزانیتن بەغدا ھۆکاری بڕینی یەکەم و دواینی قووتی خەڵکە، و ئێستا ئەو ڕێژەیە (٠%).
سەدر چۆن دڵی ھاتووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و پاراستنی ئەو مەزارگەھانەی ڕۆژانە و ساڵانە مەلیارھا دۆلار قازانجی بۆیان ھەیە، بەدەست و بازووی شێرەکۆڕانی پێشمەرگە و سەرکردەیەکی وەک جەنابی بارزانی، داعش و داعشیانی وەھابی سۆننە ئاگادار بکاتەوە کە وریا بن کورد ھەیە لە نەوەکانی سەلاحەدینە ئەیوبییەکەی جاران، پشت و پەنامانن. ئەی چۆن ھەمان شت و ڕەفتاری لە کاتی بڕینی قووتی خەڵک و پێشتریش لە ئەنفال و حەلەبچە و ... نەکرد؟ ئەو دلۆڤانیە ناوەختەی ھی چیە؟
چۆنە حەکیم بیری لەوە ھاتووە با کورد بۆ ئەوەی تووشی دۆخێکی خراپ و ناڵەبار نەبن با ریفراندۆم نەکەن؟ حەکیمەکان لە بیر خۆیان ناھێنن جا خراپتر لەو دەبێ چی بێ: ئەنفال و ... شنگال و ژنەکان و کچەکانمان و فرۆشتنیان و سەربڕینی ھۆجامە پیرۆزەکان و ... ؟ باشە دەبێ لەو کارەساتانە خراپتر چی مابێ، عەممار دەبینێ و ئێمە نە، مەگەر "قیامەت " !؟
ئەوانە ھەمووی پەلەقاژەی کەسانێکە چاوی سەربەخۆیی کوردستانیان و پێکھاتەکانی کورد و تورکمان و مەسیحی و ئێزیدی و شەبەک و ئەرمەنی و ئاشووری و کلدان و سریانی و کاکەیی و ... نابینن. ئازادی بەڕێوەیە. ئەنفالەکان نامینن. ئیتر کەس کچە کورد ناکاتە جاریە و پاش ... نایانفرۆشێ و وەھابیەکان چیتر بۆیان نالوێ بە ناوی ئایینەوە ڕەمەکە سێکسەکەی خۆیانیان پێ دامرکێنن. ئیتر ... نیە. ئیتر ... نامێنێ. ھەموو ئەو شتانە بە مێشکیان دا دێتن و پێیان ناخۆشە کە ئێمە ببین بە وڵاتێکی ئازاد و سەربخۆ ! ناھەقیان نیە ھەر کەس ئەو ھەموو زیانەی بەرکەوێ وا ڕەفتار دەکاتن. ئەوە ھەمووی نیشانە و بەڵگەی حاشاھەڵنەگرن کە سەغیرەکان لە قوڵایی دڵەوە چ ڕق و کینەیان بەرامبەر کوردستانیان ھەیە. نەبوونی بەزەیی و دلۆڤانی لە ناخ و دڵ و دەروونیان، خۆی خۆی ئاشکرا و ڕیسوا دەکاتن.
ھەموو ئەو ڕەفتارە ناوازانە یەک ڕاستی دەسەڵمێنن: دژاتی کوردستانیان. بڕینی مووچەی کوردستانیان ئەگەری سەرھڵدانی ھزاران کێشە و گرفتی خێزانی و کۆمەڵایەتی و دەروونی بووە لەو دوو ساڵە دا. ھزاران گەنج ئێستاشی لەگەڵ دا بێ لەسایەی ئەو چەندە و بەسایەی مەھزەلەی عەقڵی چەند جاھیلێکی دەستڕۆیشتوو و کەناڵە چەواشەکارەکانیانە وەھا بە نەشرینی و لەسەر بنەمای ڕق و کینە و تۆڵەسەندنەوە گووش و پەروەردەکراون، کە بۆ دامرکاندنی ئەوە ئامادەن ئاگریش لە کوردستان بەردەن ! ئەوان بەو پێخۆرە نەشرینانە ئێستا لە سایتەکان کۆمێنتی وەھا دەنووسن کە مرۆڤ خۆی پێ شەرمە بیانخوێنێ. زۆر جار بە گۆمان دەکەوم کە ئایا ئاساییە لە کوردستان مرۆڤی وا ھەبن وا بیربکەنەوە بەھۆکاری نابەجێ و بەھۆی پاڵەپەستۆی ڕق و کینەی چەند کەسانێکی بێ ھیوا لەو کوردستانە و لەبەر ئەوەی سەرکەوتنی لایەن یان کەسێکیان پێناخۆشە یان ھەر ھۆکارەکی نابەجێی ھاوشێوە، ئەوەندە لە کوردستان بە کین بن تا ئەو ڕەفتارە نەشرین و نامرۆڤایانە و نەشارستانیەیان لێبوەشێتن؟ ئەو گەنجانە لە بیریان چووە ھەمان ئەو کەسانەی کە ئەو بیرۆکە نەشرین و تۆی ڕق و کینەیە لە دڵ و دەروونی ئەوان دەچینن و بەردەوام بە ناوی گەندەڵی و فلان و فیسار یاری بە چارەنووس و ژیانی خۆیان و منداڵانیان و ... دەکەن، ھەمان ئەو گۆرگانەن کە بۆ ساڵەھای ساڵ و چ لسەر دەمی شاخ و چ شەڕی ناوخۆیی و ... ھەوێنی گرژی و ئاڵۆزی و کۆژران و زۆر تاوانی تر بوونە بەرامبەر بە دایک و باوک و براکانیان و ...ھتد. ئێوە گەنجن و گەرم، و کاڵ و بێ ئەزموون، بۆیە سەغیرەکان و حەقیرەکان ھەموو تەرکیزیان لەسەر ئێوەیە و ھەموو ھیوایان بە گەرم و گۆڕی ڕقەکانی ئێوەیە. ئێوە بۆیان ھیچ نین تەنھا سووتەمەنی ئاگری کۆشتنی کوردستانیان و دەستەکەوتەکانی و شارستانیەتی مرۆڤایەتی.
ئەوانەی کە وەک ئەوان بیربکەنەوە بەو کارەیان پێلاقە لە بەختی خۆیان دەدەن. ڕۆژێک دادێ نەفرەت لە خۆیان و بۆچوونە بۆگەنەکانیان دەکەن. ئەو ڕۆژە مسۆگەرە. مرۆڤێکی دەرووندروست ئەوە کەسی تریشی خۆش بوێ و ئەگەر ڕقیشی بەرامبەر ھەبێ ھیچ نەبێ خۆی لەو ڕقە بە کوشت نەداتن. پێوەرەکانی دەروونناسی گۆمانیان لە ساخی دەروونی ئەو جۆرە گەنج و مرۆڤە ھەیە.
با ئەوان لە جیاتی گۆێگرتن لە قسە بێ بنەماکانی سەغیرەکان و دوژمنە ناوخۆییە حەقیرەکانی پڕ لە قەیرانی دەروونی بەگەڕ کاروانی ھەڵبژارتنی دەنگی " بەڵێ " بکەون تاوەکو بە خۆیان و ئێمەیش بە ئاگری ئەو ڕقە نەسووتێنن، چونکە ئەو کات پەشیمانیش دادی کەس ناداتن.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top