رفراندۆم و بەنداوەکانی نەچاری!!

رفراندۆم و بەنداوەکانی نەچاری!!
لە بەردەوامی جەنگێکی درێژخایەنی سایکۆلۆژی لە دژی کوردستانیان، ولاتانی ناوچە بە ڕێگەی گرتنی ئاوی ڕووبارەکان، ھەوڵی سەرنەگرتنی سەربەخۆیی ئێمە دەدەن. ئەوە تەواوکەری شێوازەکانی تریانە، و بە تایبەت ئەوەی داعش کردی و بەغدا دەیکاتن، و پلانی ھەرێم بۆ دانانی بەنداوی ناوخۆیی و بچووک و گەورە، باشترین و گۆنجاوترین ھەوڵە دەدرێتن، تا قورسایی باری گرانی ئەو جەنگە لەسەر شانمان کەم بکاتەوە.
جەنگی داھاتووی مرۆڤەکان و جیھان و ناوچە، و بە تایبەت لەدوای لەبنھاتنی پەترۆل، جەنگی ئاو دەبێ. ئێستاش، ئەگەر ورد ببینەوە بەھای ئاو لە پەترۆل گرانترە. گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا و سروشت و پەرەسەندنی دیاردەی بەبیابانبوون، و ... کە بەرھەمی کاریگەریی نەرێنی شارستانیەتی مرۆڤە، ئاستی ئەو مەترسیانە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەکاتن.
لە سەروبەندی ئامادەکاری بۆ بەدەوڵەتبوون، دەبێ کوردستانیان خۆیان بۆ ئەو جەنگە ئامادە بکەن. وڵاتـی دەوڵەمەند ب ئاو و خاک و پەترۆل و سروشت، کوردستان، جیگەی چاوتێبڕینی زۆر کەسە، و ئەگەر ئێستا داعش لە لێواری لەناوچوونیش بێ بەڵام وەک پارسەکان دەڵێن: " دشمن را خوار مپندار"، نابێ بە چاوێکی کەم تەماشەی ھەموو دوژمنان و بەتایبە داعشیش بکرێتن، چونکە نەیارانی دەرەکی و ناوخۆیی، بۆ لەناوبردنمان لەوانەیە ھەر کارێک بکەن تەنانەت سەر لە نوێ داعش بھێڵنە سەر پێ و زیندوو و پڕچەکی بکەن.
لەسەرووی ھەموو مەترسیەکان، کوردستان چاوەڕێی ھیمەتی گەنجانیەتی، وەک " شۆرەی پۆڵاین"، کە بە دەنگدان بە " بەڵێ"، پیشانی جیھانیان دەدن، ئەوان تامەزرۆی ئازادی و سەربەخۆیی و دەوڵەتن، تەنانەت ئەگەر لەسەر دەستی منداڵێکی سەر جادە و کۆڵانەکانی ئەو خاکە زێڕینە ھەڵبکەوێ، جا چ جای ئەوەی سەرکردەیەکی خەمخۆر و پێشمەرگەیەکی دڵسۆزی وەک جەنابی سەرۆک بارزانی، کە بە پێچەوانەی ھەراوھۆریای ھەندێ گەوجێنراو، تەنھا و تەنھا لەبەر خاتری چاوە گەشەکانی منداڵانی کوردستانیان، بەڵێنی داوە ئاوەدانی بکاتن، تەنانەت ئەگەر ھەموو کەس و لایەن و جیھانیش پێیان ناخۆش بێ و لە دژی بن. ئەو دەوڵەتە بە بێگۆمان بەڕێوەیە و لە نێو سەبەتەک دانراوە و تەنھا چوەڕێی ئەوەیە ئێوە بچن و بەدەستەوە بگرن. ھیوادارین بەخیلە مەکەن تا دواتر خۆتانتان لەبەرچوە نەکەوێ. *پرۆفیسۆری ھاریکار/پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top