ڕفراندۆم: کامیان سروشتیترە !؟

ڕفراندۆم: کامیان سروشتیترە !؟
دەگێڕنەوە سەردەمانێک لە لادێیەکی دوور پیرەژنێک دەبێ لەگەڵ تاقانە کچەکەی دەژیتن. کچێکی گەنج و ناسک و شۆخ و شەنگ. پیرەژن زۆری دڵ پێخۆشکردووە. بەردەوام لەگەڵ خۆی دەدوێ: کچم بەشوو دەدەم و زاوام ڕێزم لێدەگرێ و بەخێوم دەکات و ... !
بۆیەش ھەر جار دۆعای خێری بۆ دەکاتن: ڕەبی ئەم کچەم لێ نەستێنی ! خۆایا تەمەنی درێژ بکە ! خۆایا ئەگەر ویستت ئیزرائیلی بۆ بنێری بۆ لای من بنێرە تا ڕۆحی من بباتن نەک ھی کچم ! ...
رۆژ و شەوان تێپەڕ دەبن. جارێکیان کچە زۆر نەخۆش دەکەوێ و لەسەر لێواری مردنە. دایک زگی پێدەسووتێ. پێی ناخۆش دەبێ. لە قووژبنی ژوورێک جێگەی بۆ دادەنێ و چەند ڕۆژ واھا بەردەوام دەبێ.
ڕۆژێکیان پیرەژن مەنجەڵەکەی خۆی شوشتبوو و لە بیری کردبوو ھەڵیگرێ، و لە بەردەم دەرگای ماڵەوە دەمێنێ. مانگایەکەیان کە لەو نزیکانە دەبێ ھەست دەکات ئاوی تێایدایە و بۆ خۆاردنەوەی سەری ئەخاتە ناویەوە و سەری تیایدا گیر دەکاتن، و وەک گای شێت سەری ھەڵدەبڕێ و خۆشی نازانێ بەرەو کۆیێ دەچێ. بەرەو پیرەژن دەڕۆاتن.
پیرەژن کە لەو نزیکەیە لەناوکاو ئەوە دەبینێ ئەوەندە شەپرزە دەبێ و دەترسێ و ئاگای لە خۆی نامینێ و وا دەزانێ ئەمە ئیزرائیلە بۆ بردنی ڕۆحی کچە ھاتووە ! ھاوار دەکا: من نیم ! من نیم ! کچەکەمە ! ھا لە ژوورەیە ! و لەگەڵ ئەم قسانە دەستی بۆ لای شوێنی خەوتنی کچە نەخۆشەکەی درێژ دەکات !
بەڵێ ئەوە سروشتیە لە تەنگانەدا مرۆڤ لە ڕووی سایکۆلۆژیا دا ئەوەندە تەنگاو دەبێ کە دایک ئاگای لە کچ و باوک ئاگای لە کۆڕ نامێنێ. مرۆڤ ئەو بوونەوەرە سایکۆلۆژیەیە کە وا دروست کراوە. ئەو ڕەفتارە پیرەژن سەیر نیە و ھیچ گۆناھی نیە و تاوانیش و عەیبیش نیە. مرۆڤ وا دروستکراوە. لەوانەیە ھەر کەس لە ئێمە ڕۆژێکیان تاقیبکاتەوە.
بەڵام سەیر ئەوەیە کە ئەگەر پیرەژن بانگی حەزرەتی ئیزرائیلی کردبایە بۆ لای خۆی. ئەوەتا لەسەروبەندی رفراندۆمی کوردستان وا دەکەن. ئەوان بە دەستی خۆیان دەیانەوێ بڕیار بدەن " نەخێر " بۆ سەربەخۆیی کوردستان ھەڵبژێرن و جاریتریش نەتەوە و ھاونیشتمانیان و خوشک و برا و دایکان و باوکانی کوردستان تووشی ئەنفال و کێمیاباران و حەلبچە و سەربڕین و بڕینی قووت و مووچەی خەڵک و قەیرەکردنی زیاتری کچانی کوردستان و یان گرتنیان و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی وڵاتان و کارەساتەکانی شنگار و ...بکەن.
بەڕاستی کار پیرەژن، لە ڕووی زانستی دەروونناسییەوە ئاساییە بەڵام ھی نەیارانی ڕیفراندۆم ھیچ شتێکی ئاسایی تیایدا بەدی ناکرێ، و بەتایبەت کە زۆرێک لەو کەسانەی دەچنە خانەی ئەم گرووپە ھەموو لە ڕوانگەی لاسایی کردنەوە و لەژێر گووشاری ڕاگەیاندنێکی چەواشەکارانە ئەو کارە دەکەن نەک بیروباوەرێک کە بەرھەمی ھەڵسنگاندنێکی بابەتیانە و لۆژیک و دروست بێ. بەداخەوە کە ئەوان ئەوەندەی پیرەژنێکی لادێ لە سروشت و ژیان نەگەیشتوون و لە جیاتی دوور خستنی مەرگ ئەو بۆ لای خۆیان بانگ دەکەن ! ئایا ئەوە سروشتیە ؟ بێگۆمان نەخێر.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top