درەنگ خەبەریان بۆتەوە

درەنگ خەبەریان بۆتەوە
بەرەی نەخێر و دژە سەربەخۆیی کوردستان دەڵێن: ئەگەر باسی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان بکەین، ئێران و تورکیا و عێراق سنوورەکان بە رووماندا دەدەخەن و لەبرسان دەمرین، خۆ ئەگەر بەوەش لە برسان نەمرین بە هێز پەلامارمان دەدەن و لەناومان دەبەن، جا ئەگەر ئەوە راست بێ کەواتە کورد هەتا دنیا ماوە دەبێ ژێردەستە بێ و نابێ باسی سەربەخۆیی بکات.

بە ئەقڵی ناکامڵی ئەوانە بێ لەوەتەی کورد هەیە لە هەڵەدا دەژی، ئەگەر بیشیەوێ هەڵەکان راست بکاتەوە تا ماوە دەبێ بە قەدەری ژێردەستەیی رازی بێ و نابێ باسی سەربەخۆیی بکرێ، چونکە بە رای ئەوان باس کردنی سەربەخۆیی و رەتکردنەوەى ژێردەستی هەڵەیە و بەرەو کارەسات و نەهامەتی و لەناوبردنی یەکجاریمان دەبات، کەواتە بارزانی نەمر و شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدوڵای نەهری و شێخ مەحمودی نەمر و سمکۆی شکاک و پێشەوا قازی و دکتۆر قاسملۆ و هەموو ئەوانەی کە ئێستاش داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، خەتاکاری گەورەن و مەبەستیان ئەوە بووە کورد لەناوبچێ، کەواتە دژایەتی ئەو سەرکردانە و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی و شێخ سەعیدی پیران و تیرۆر کردنی سمکۆی شکاک و دکتۆر قاسملۆ و ئەنفال و کیمیا و شەهید کردنی شۆڕشگێڕان رەوا و لە بەرژەوەندی کورد بووە و ئەشکەنجە خانەکانی دوژمنانیش فێرگەی دوور کەوتنەوە کورد بوون لە هەڵە و خەتاکاری .

گریمان ئەوان راست دەکەن و بە داوا کردنی سەربەخۆیی و رەتکردنەوەى ژێردەستی لەناو دەچین، ئەی باشە بۆ وا درەنگ خەبەریان بۆتەوە؟! بۆچی زووتر مەلەفی راسگۆیی و خەمخۆری دوژمنان و هەڵە و خەتکاری شۆڕشگێڕانی کوردیان نەخستۆتە روو؟! بەو پێوەرەش دەبێ کورد لە ناو سەددام حوسێن و سوڵتانەکانی عوسمانی و کەمال ئەتاتورک و شای ئێران و خومەینی و خامەنەییدا بگەڕێ و دڵسۆزترینیان هەڵبژێرێ، چونکە کامیان زۆرتری کورد کوشتبێ و باشتر شۆڕشەکانی لەناو بردبن، بۆ کورد لە هەموویان دڵسۆزتر بووە.
Top