قاسماغا سڵاو.. ئەرشەد زیباری بمانبوورە

قاسماغا سڵاو.. ئەرشەد زیباری بمانبوورە
لەگەڵ دیاری کردنی وادەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بزووتنەوەى گۆڕان لە رێگەی هەڵسووڕاوانی و کۆمەڵی ئیسلامیش لە رێگەی بانگخوازانی و هەندێ بەناو رۆشنبیری دەمامکداریش، جەنگی دەروونیان لەگەڵ خەڵکی سەبەخۆ ویستی کوردستان دەست پێکردووە، هەڵمەتی بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و رۆشنبیرە دەمامکدارەکان دژ بە سەربەخۆیی کوردستان، هەموو سنوورەکانی رەوشت بەرزی بەزاندوون و تەنانەت پەلاماری ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان و هزر و بیری کوردایەتیش دەدەن، رۆژێک دەڵێن: کاتی سەربەخۆیی نییە، رۆژێک دەڵێن: نان و مووچەی ژێردەستی لە سەربەخۆیی باشترە، رۆژێک دەڵێن: عێراق و ئێران تورکیا سنوورەکان بە رووماندا دادەخەن و لە برسان دەمرین، رۆژێکیش دەڵێن: ئێران و تورکیا و عێراق پەلامارمان دەدەن و لەناومان دەبەن، هاوکات لەگەڵ ئەو شەڕە دەروونیەی هەڵسووڕوان و بانگخوازان و رۆشنبیرە دەمامکدارەکان، ئێرانیش دەستی کردووە بە بانگهێشتی وەفد و وەفد ناردن، ئەو هاوهەڵویستی و هاوجموجۆڵیەی ئێران و گۆڕان و کۆمەڵ و رۆشنبیرە دەمامکدراوەکان ئاماژەی روونن بۆ دوا لێکەوتەی گشتپرسی کە سەربەخۆیی کوردستانە.
گریمان هەڵسووڕانی هەڵسووراوانی گۆڕان و بانگی بانگخوازانی کۆمەڵ و واتەواتی رۆشنبیرانی دەمامکدار راستە و، ئێران و تورکیا و عێراق یان لە برسان دەمانکوژن یان پەلامارمان دەدەن و لەناومان دەبەن، کەواتە هەرکاتێک باسی سەربەخۆیی بکەین ئەوان هەمان هەڵواێست دەگرنەبەر، جا ئەگەر وابێ شۆڕشمان بۆچی کردووە؟ ئەی بۆچی کاتی خۆی بە خۆمان دەگوت: شۆڕشگێڕ و بە قاسماغا و ئەرشەد زێباریمان دەگوت: جاش و خیانەتکار؟ بە هەموو پێوەرەکان جاش بوونی ئەوان لە هەڵوێستی ئێستای ئەو دژە سەربەخۆیانە شەریفتر بووە، جا ئەگەر ئەو هەراوزەنایەی هەڵسووڕوانی گۆڕان و بانگخوازانی کۆمەڵ و رۆشنبیرە دەمامکدارەکان راست بێ! ئەوا بەر لە ئەوان قاسماغا و ئەرشەد زێباری رێگای راستیان گرتووە و شۆڕشگێڕان لە هەڵە و خاتادا بوون، بەو پێوەرەش دەبێ هەموومان بڵێین قاسماغا سڵاو.. ئەرشەد زێباری بمانبوورە، گۆڕان و کۆمەڵ و رۆشنبیرە دەمامکدارەکان ئێوەش بە خۆتان مەنازن، بەر لە ئێوە قاسماغا و ئەرشەد زێباری دەرکیان بە مەترسی و نەهامەتیەکانی سەربەخۆیی کوردستان و بە دەوڵەت بوون کردووە و ئێستا ئێوە قوتابی و شوێنکەوتە و میراتگری راستەقینەی ئەوانن.
Top