ئیرادە بەھێزەکان دوورییەکان کورت دەکاتەوە

ئیرادە بەھێزەکان دوورییەکان کورت دەکاتەوە
سەرکردەی سەربازی و ئیمپراتۆری فەرەنسیەکان ناپلیۆن پۆناپرت دەلێ " ئیرادەبەھێزەکان دوورییەکان کورت دەکاتەوە"

شک لەوە دانییە سەرکەوتنی ھەر پرۆسەیەک پێویستی بە پاڵپشتی کردن و ھەبوونی ئیرادەیەکی بەھێزە، ئیرادە بەھێزەکان سەرکەوتنەکان مسۆگەر دەکەن و ھەبوونی ئیرادەی بەھێز سووربوونمانە لەسەر بەدیھێنانی دستکەوتەکان، میللەتەکەمان زیاتر لە سەدەیەکە لە ھەوراز و نشێوو ھەڵکشان و داکشان و کۆکردنەوە و پەرت بوون و بەرخودان و بەرگری کردن و سازش نەکردن دایە، بەردەوام لە ھەموو قۆناخەکاندا قوربانی زۆری داوە لە پێناو بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی و بە تەماشاکردنی من ھیچ قۆناخێک وەکو ئێستا لە بار نییە بۆ شادبوون بە مافە نەتەوایەتی و نیشتیمانییەکان بە رێگای ئاشتیانە و ئەویش بە پرس کردن بە تاکەکانی کوردستان لە ژێر ناوی گشتپرسی کە میللەتی کورد خۆی بڕیار بدات بۆ سەربەخۆیی کوردستان ، کە بێگومان ئاواتی لە مێژینەی باب و باپیرانمانە کە ڕووبارێک خۆێنیان لەو پێناوەدا ڕێشتووە و جگە لە ئەنفاڵ و ئاوارەیی و دەربەدەر و کاوڵ کردنی کوردستان، پێش بینی ناکەم ھیچ کوردێک یان کوردستانیەک کە بیەوێ بە سەر بەرزی و ئارامی بژی حەز بە سەربەخۆی نەکات، چونکە سەربەخۆی لە کۆتاییدا دەبێتە مایەی جێگیربوونی ئاسایش لە ناوچەکەدا.
بێگومان دەنگدان بۆ سەربەخۆی کوردستان و یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە بە دەنگی ھاووڵاتیان دەبێت ھاووڵاتیانی کوردستانیش چەند سالێکە بەرگەی نەبوونی زۆرشییان گرتووە و ڕەچاوی بارودۆخی کوردستان و حکومەتی ھەرێمیان کردووە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە کە دەنگی ھاووڵاتیان سەنگی مەحەکە لەو گشتپرسییە و ، وە حکومەتی ھەرێم پێویستە چەند ھەنگاوێکی خێرا بھاوێژی گەر پارەش قەرز بکات پێویستە چاو بە پاشەکەوتی مووچەدا بخشێنرێتەوە و فەرمانبەران و مامۆستایان و مووچەخۆرانی خۆی ئاشت بکاتەوە و مووچە وەکو خۆی لێ بکاتەوە و ھەندێک قەرزی ھاووڵاتیان سووک بکات و خزمەت گوزاری (ئاو و کارەبا و رێگاوبان و تەندروستی و پەروەردە و کشتوکال.....) زیاتر بۆ ھاووڵاتیان فەراھەم بکات ، بۆ بەھێز کردنی متمانەی ھاووڵاتیان و چەسپاندنی ھاووڵاتی بوون گرنگە بە ڕاشکاوی و دوور لە ھەر بەرژەوەندی کەسانێک گۆڕانکاری نەک ئالوگۆڕی لەو دام و دەزگایانەی خزمەت گوزاری و ئەوانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خەڵکەوە ھەیە بکرێت وەکو (پەروەردە و تەندروستی و ئاو و کارەبا و کشتوکاڵ و ..........).
گۆڕانکاری بکرێ لەسەر بنچینەی لێھاتووی و دڵسۆزی و شارەزایی نەک دڵ ڕازی کردن و بۆ خۆدانان بەڵکو بۆ خەڵک دانان، چونکە گرنکە کەسانێک دابنرێن بۆ خزمەت کردنی خەڵک و ڕایی کردنی کارەکان نەک بۆ ڕایی کردنی کارەکانی خۆت.
ئەوانە و چەندەھا تری جۆراوجۆر کە ھەموومان پێی ئاشنابین گرنگە ھەنگاوی جدی بۆ بھاوێژرێ بۆ ئەوەی گشتپرسی سەرکەوتنی ڕەھا بەدەست بھێنێت، چونکە بەشداری کردن لە گشتپرسی و دەنگدان بە بەلێ دەنگدانە بە خوێنی شەھیدان بە قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و بەشەرەف و کەرامەتی کورد دەنگدانە بە ئەمانەت پارێزی و ویژدان ئاسوودەیی .
ھەمووتاکێکی کورد کە سالانێکە ویژدانمان ئاسوودە نەبووە ھەرگیز ھەروەکو جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی " ئامادە نین گیروگرفتەکانمان بە جێ بھێلین بۆ نەوەکانمان کە ئەوانیش وا لێ بکەین بە ھەمان ئیش و ئازار و خەم و خەفەت بژین کە ئێمە و باب و باپیرانمان ژیابن"
بۆیە گرنگە لە ھەموو بوارەکاندا ھەوڵی جدی بدرێ بۆ سەرکەوتنی گشتپرسی و دەنگدان بە بەلێ بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان.
بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top