بەرهەمهێنانی سیاسەت

بەرهەمهێنانی سیاسەت
کوردستانیەکان سەدەی ڕابردوویان بەڕێکرد، بە بێ ئەوەی ساتێک واز لە تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بێنن .


هەتا ئاواتی سەربەخۆیی دوور بوو، بازاڕی موزایەدات و دروشمی زلی بێ ناوەڕۆک گەرم بوو.بە قسە هەموو حیزب و کەساییەتیەکان داوای سەربەخۆیی کوردستانیان دەکرد.ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم سەر لە نوێ دابەشکردنەوەدایە،ئێستاکە هەرچوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان هەریەک بەشێوەیەک گۆشەگیر و شەلەل بوونە،هەندێک لەو حیزبە سیاسیانە و هەندێک بە ناو کەسایەتی نەک هەر وازیان لە داواکردنی سەربەخۆیی هێناوە، بگرە پاساویش بۆ مانەوە بۆ ژێر دەستی دێنن . ئەو تیۆری و پاساوانەی کە ئەوان بۆ مانەوی ژێر دەستی دەیان هێنن، بە مێشکی داگیرکەراندا ناهێن.


هەتا لە خەونی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان نزیکتر دەبینەوە گوشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بۆ تێکدانی ئەم دەرفەتە و نەگەیشتن بە خەونی سەربەخۆیی زیاتر دەبن،گەلی کوردستان لە دژایەتی هەر چوار وڵاتە داگیر کەرەکە و هەرسێ نەتەوە سەردەستەکە تێ دەگات و هەست بە ئێشانیش ناکات .ئەوەی کە کوردستانیان پێی دێشێن دژایەتی هەندێک بە ناو کوردە . مرۆڤ ناتوانێت باوەڕ بە خۆی بکات، کە هەندێک کوردستانی دەبینن بە بێ شەرم دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.ئەو حیزب و لایەنانەی پاساو بۆ سەربەخۆیی نەخوازی دێنن.


دەڵێن گوایە پارتی لە قەیراندایە و بۆ دەرباز بوون لە قەیران بابەتی ڕیفراندۆمیان هێناوەتە ئاراوە .ئەوەی ڕاستی بێت زۆری هەرە زۆری ئەو کەسایەتی و لایەنانەی دژی سەربەخۆیین قەیرانیان هەیە .


ئەوە تەنیا پارتییە کە نە قەیرانی سەرکردایەتی و نە قەیرانی ڕێکخسن و نە قەیرانی دەسەڵات و نە قەیرانی پەیوەندی دیپلۆماسی هەیە . نە کاراکتەر و کەسەکانی ناو پارتی گرێی خۆ بەدەرخستنیان هەیە، وەک هەندێک کەس لە ناو ئەم حیزب و ئەو حیزب بۆ دیار بوون و خۆدەرخستن، بە دژایەتی کردنی پرۆژەی سەربەخۆیی کورد گوتەکانی گوند پیس دەکەن.لە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، بە داخەوە دوای نەخۆش کەوتنی بەڕێز جەلال تاڵەبانی هەر دوو سێ کەس لە ئاوازێک دەخوێنن،دوای کۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا ململانێی نێوان ئەوانەی گۆڕانیان لە یەکێتی پچڕی و ئەوانەی بە هەوای پۆست و پارە و بۆنی کەباب لە گۆڕان کۆبوونەوە، لە ئارادایە .


لە ناو لایەنە ئیسلامیەکاندا ئەو لایەن و بەناو کەسایەتیانەی کە دژایەتی پرۆژە و پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، سەرگەردانن، ئاخۆ ئیسلامی بوون و ڕێکخستنی هزری ئیسلامی دەبێت دەرچە و دەرفەتێک بێت بۆ دروست کردنی نیشتیمانێک بۆ کوردستانیان،یاخود بۆ ئەوە بێت کە بەناو ئومەتی ئیسلامییەوە، جارێکی دیکە ئێمە و نیشتیمانی نیمچە ڕزگار کراومان ببنەوە ژێر دەستی تورک و فارس و عەرەب وەک پازدە سەدەی ڕابردوو .


بەداخەوە حاڵ و ڕۆژی ئەم لایەن و کاراکتەرانەی کوردستان کە دژایەتی سەربەخۆیی دەکەن، وەک ئەو یاریزانە نەشارەزایەیە کە لە جیاتی ئەوەی گۆڵ لە تیپی بەرامبەر بکات، گۆڵ لە خۆمان دەکەن . تیپی ئێمە لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بدەن هەموو پێکەوە گۆڵ لە تیپی بەرامبەر بکەن، ئێستا پێویستە ئاگایان لێبێت ئەمانەی خۆمان گۆڵ لە نیشتیمانی خۆیان نەکەن .


نە نیوەی کوردستان بە گشتی دژی سەربەخۆییە و نە نیوەکەی دیکەی داگیرکراوە لە لایەن هیچ وڵاتێکی دیکەوە .

نە ئەوانەی دژی سەربەخۆیی بیردۆزی فەلسەفی و سیاسی دادەهێنن نوێنەرایەتی کوردستانیان دەکەن، بەڵکو ئەوە گەلی کوردستانە کە لە ڕۆژی ٢٥ ی ٩ بە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئیرادەی خۆی و ناڕاستی تیۆرییەکانتان دەردەخات . زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە حکومەتی کوردستان سەربەرزانە دەژیت .


ئەم تەمەنە لە ئەنجامی ڕەحم و بەزەیی داگیرکەران نەبووە . ئەم چوار وڵاتە بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردستانیان هەرچییان لە دەست هاتوە کۆتاییان نەکردووە . ئەوەی حکومەتی کوردستانی لەسەر پێ هێشتووەتەوە ئەوە ئیرادەی کوردستانیانە، نەترسی و جەربەزەیی ڕێبەرانی ڕاستەقینەی سیاسی و هێزی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانمانە . ئێستا ئێمە سیاسەت بەرهەم دێنین، چیدیکە بە پێی ئەجێندای سیاسی داگیرکەر کار ناکەین .
Top