شکۆی شاری سلێمانی بە ئێوە ناشکێت

شکۆی شاری سلێمانی بە ئێوە ناشکێت
کەسانێکی قەڵەم فرۆش و بەناو سیاسی و نووسەرو ڕۆژنامەنووس کەژمارەیەیان لەپەنجەی دەست تێپەڕناکات، ئیدعای ڕۆشنبیربوون دەکەن و لەپێناو بەرژەوەندی و دەستکەوتی خۆیان لای مالیکی و ئاغاکانیان، دژ بە سەربەخۆیی میللەتی کوردستان وەستاونەتەوەو هاوڵاتیان لەشاری سلێمانی هاندەدن دژ بە ڕیفراندۆم دەنگ بە (نەخێر) بدەن، ئەوانە نەرۆشنبیرین، نەکارو کرداریشیان ڕۆشنفکریە، رۆشنبیر کەسانێکن پێشەنگی میللەتن و لە هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی تێدەگەن و ڕیفراندۆم و سەربەخۆییش بەپڕۆسەیەکی پیرۆزە و لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان دەزانن.

ئەوانە کەلەشاری سلێمانی دژی سەربەخۆیی گەلی کوردستان دەنووسن، جگە لەکۆمەڵێک بەرژەوەندیخواز و جنێوفرۆش و داخ لەدڵ شتێکی ترنین. بەهەموو توانای نەزۆکی خۆیان دژ بە دامەزراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان وەستاون و وایان لەخەڵکی سادەی سلێمانی گەیاندووە کە ئەگەر بەشداری ریفراندۆم بکەن و بە (بەڵێ) دەگ بدەن بۆ سەربەخۆیی، کارەسات و ماڵوێرانی ڕوو لەکوردستان دەکات و میللەت لە برسان دەمرێت.

بەپێچەوانەی ئه‌وچەند بەناو سیاسی و قه‌ڵه‌م فرۆشانەی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان کردن و ژمارەیان لەپەنجەی دەست تێپەڕناکات، تا ئێستا نەمانبینی سیاسیەکی ناسراو یان ڕۆشنبیرو دکتۆرێکی دیاری ئەوشارە، یان مامۆستایەکی زانکۆ و کەسایەتیەکی ماقوڵی سلێمانی کە هەمیشە وەک شارێکی زیندوو و سەر مەشقی کاری ڕۆشنبیری و شۆڕشەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بووە، بە ئاوازی ئەودەنگە نەشازو زڕانە بخوێنێت و داوای (نەخێر) بۆ ڕیفراندۆم لەخەڵکی شاری سلێمانی و کوردستانیان بکات. کەوایە ئەوچەند داخ لەدڵ و بەکرێگیراوەی کە ئەوداوایە دەکەن، بەهیچ جۆریک گوزارشت لە ڕای گشتی شاری سلێمانی ناکەن، لە 9/25ش، رۆژی ریفراندۆم وەڵامی سلێمانی دەبیستن. کەچۆن وەک هەولێرو دهۆک و کەرکوک و هەڵەبجە دەنوسێت(بەڵێ) و دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدات و شكۆ و ناوبانگی سلێمانی دەپارێزن و نایدەن بەدەست تاقمێکی بەرژەوەندیخوازو جنێوفرۆش و داخ لەدڵ و دوژمنكار کە دەیانەوێت شکۆی شاری سلێمانی بشكێنێت.
Top