دواخستنی گشتپرسی بۆچی؟

دواخستنی گشتپرسی بۆچی؟
یەکێک لە گرفتەکانی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد ئەوە بووە نەیتوانیوە یان نەیویستووە کەڵک لە لاوازی و کیشەکانی ناوماڵی دوژمنەکانی وەربگرێ, بە واتایەکی تر لە کاتی کەوتندا دەستی دوژمنەکانی گرتووە و کورد گوتەنی ماری سڕی گەرم کردۆتەوە، ئەگەر ئاوڕێکی سەرپێییش لە مێژوو بدەینەوە دەیان هەڵەی کوشندەمان بەرچاو دەکەوێ و زۆر جاران ماری سڕمان گەرم کردۆتەوە و دوای گەرم بوونەوەش پێیەوە داوین، بەڵای گەورەش لەوەدایە کەڵکمان لە هەڵەکان وەرنەگرتووە جێی گازی مارەکانمان سارێژ نەکردووە.
لە دوای سەرکەوتنی شۆڕی ١٤ی تەموزی ساڵ ١٩٥٨و کەوتنی رژێمی پاشایەتی تا ساڵی ١٩٦٨و سەرکەوتنی کودەتای بەعسیەکان، عێراق لە ماوەی ئەو (١٠) ساڵەدا وڵاتی کودەتا بووە و ناوماڵی عەرەب زۆرترین ئاژاوەی سیاسی کودەتای سەربازی بە خۆوە دیوە، هەموو ئەو کودەتا شەربازی و ئاژاوە سیاسیانە لە بەرژەوەندی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد بووە، لە بەرامبەردا و کورد لە باتی ئەوەی کەڵک لەو کودەتا و ئاژاوە سیاسیانە وەربگرێ ناوماڵی خۆی کەرت کردووە و کەرتێکی خستۆتە خزمەتی کودەتا چیەکانی عێراق و بەگژ خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی کوردیدا کردۆتەوە.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعسیش لە ساڵی ٢٠٠٣ ناوماڵی عەرەب هیچی بەسەر هیچەوە نەما، کورد بە هێزی سیاسی و سەربازییەوە چووە بەغدا و زۆر پۆستی گرنگی وەرگرت و تەنانەت بەغدای بەڕێوە دەبرد، کەچی لەباتی ئەوەی کەڵک لەو بارودۆخە سیاسیە وەربگرێ و کار لەسەر بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی بکات، ناوماڵی عەرەبی رێک دەخستەوە و عێراقی دوژمن بە کوردی بنیات دەنایەوە، بینیشمان لەگەڵ کەوتنەوە سەرپێ عەرەبەکان کەوتنە هەڕەشەی داگیرکردنەوەى کوردستان و هێزی تایبەت بە سەرکوت کردنەوەى کوردیان درووست دەکرد، سەرۆک بارزانی زوو هەستی بەو مەترسییە کرد و داوای لە لایەنە سیاسیەکان کرد پێش بەو مەترسیە بگرن کە عێراق بەرەو حوکمی دیکتاتۆری دەباتەوە، بەڵام هەندێ لایەن بوونی دەرکەوتنەوەی دیکتاتۆریان بە هەل وانی و لەناو مەترسیەکاندا کەوتنە راوی مەرامە حزبییەکان و رشتنی کۆنەقین, بۆ شاردنەوەی مەترسیەکان و گومان خستنە سەر دەرکەوتنەوەى دیکتاتۆریەت کەوتنە هاتوهاواری بە شەخسەنە کردنی کێشەکان و هەرای درووست کردنی دوژمنی وەهمی.
لەگەڵ دەرکەوتنی داعش و پەلاماردانی کوردستان، هەندێ لایەن ئەوەیان بە دەرفەت زانی و هاوکات لەگەڵ پەلامارەکانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشکەرگە، ئەوانیش لە پانای ئازادی و دیموکراتیدا کەوتنە پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی، واتا خواستی سەربەخۆیی کوردستان لە دوو لاوە کەوتنە ژێر هەڕشە و پەلامار، پەلامارەکانی داعش لە سنوورەکان و بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و پەلاماری ئەو لایەنە کوردیانە لەناو شارەکان و بۆ سەر بارەگاکانی پارتی یەکتریان تەواو دەکرد.
ئێستا کە عێراق لە رووی واقعیەوە دابەش بووە و شەڕی نێوان سوننە و شیعەش عێراق بەرەو داهاتوویەکی نادیار دەبەن، ئەوەش دەرفەتێکی لەباری بۆ کورد رەخساندووە و بۆ رزگار بوون لە دۆزەخی عێراقیبوون و گەیشتن بە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان، پرسی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان وەک وەڵامدەرەوەی ئەو قۆناغە و گەیشتنی کورد بە بەفەکانی هێنراوەتە پێشێ، هەر ئەو لایەنانە بێ گوێ گرتن لە خواستی کورد و بێ گەڕانەوە بۆ مێژوو، بەسەر چەند رایەکی جیاواز و دژ بەیەک دابەش بوون، هەندێ لایەن بیانووی ئەوە دەگرن کە گوایە زەمینە بۆ گشتپرسی لەبار نییە، هەندێ لایەنیش حەیای سیاسیان رژاوە و گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بە کارەسات و نەهامەتی ناو دەبەن و لە عەرەبە شۆڤێنیەکان توندتر داکۆکی لە یەکچارچەیی خاکی عێراق دەکەن.
ئەوەی جێگای پرسیارە ئێستا هەندێ لایەن داوا دەکەن گشتپرسی دوا بخرێ، بەڕاستی کۆمەڵێک پرسیار و گومان لە پشت ئەو داوایەوە هەن، بۆچی دوابخرێ؟ ئەگەر لە کاتێکی وەک ئێستادا کە عێراق بە چەندین کێشە و قەیرانی سیاسی و مەزهەبی و نەتەوەییەوە گرفتارە کاتی گشتپرسی نەبێ! تۆ بڵێی کە عێراقی عرووبە خۆی گرتەوە و بەشێک لە کێشە و قەیرانەکانی چارەسەر کردن دەرفەتی گشتپرسی بۆ کورد لەبارتر بێ؟
لێرەدا ئەزموونی نەوەت ساڵەی باڵادەستی عەرەب و ژێردەستەیی کورد و حەز و خولیای شۆڤێنیزمی جیهانی و مێژووی پڕ کارەساتی عێراقی بەهێز و یەکپارچە پێماندەڵێ: کورد هەر کاتێک گشتپرسی بکا و سەربەخۆیی رابگەیەنێ، لەگەڵ عێراق تووشی شەڕو رووبەڕوو بوونەوە دەبێ، ئایا بۆ کورد وا باشترە لەگەڵ عێراقی لاواز و هەڵوەشاو و پڕ کێشەدا تووشی شەڕ و رووبەڕوو بوونەوە ببێ؟ یان لەگەڵ عێراقی بەهێز و بێ کێشە و تۆکمە و یەکگرتوودا؟
Top