با خه‌ونی ده‌وڵه‌ت بوون بگۆرین بۆخه‌می ده‌وڵه‌ت بوون

با خه‌ونی ده‌وڵه‌ت بوون بگۆرین بۆخه‌می ده‌وڵه‌ت بوون
زیاتر له‌ (١٠٠)ساڵ به‌سه‌ر رێکه‌وتنامه‌ی سایكس بیكۆ تێپه‌ریوه‌ ،كه‌ بووه‌ هۆی دابه‌ش كردنی كوردستان به‌ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌بێ گوێ دانه ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان.كه‌ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری بۆگه‌لی كوردستان ،وه‌له‌لایه‌ن دوژمنه‌كانمان تووشی تاڵان وله‌ناوبردن هاتین وجینۆساید ده‌رهه‌ق به‌ میلله‌ته‌كه‌مان كرا.بۆیه‌ كورد به‌درێژایی مێژوو هه‌وڵ و قوربانی داوه‌ و زه‌مینه‌ خۆش ده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌ئاواته‌كان و مافه‌كانی .ئێستاش که‌ كورد ده‌رفه‌تی بۆ ره‌خساوه‌ خه‌ریكی ده‌سپێكردنی پرۆسه‌یه‌كی گرنگه‌ به‌ پلانێكی دارێژراوتۆكمه‌ بۆ ورژاندنی رای گشتی جیهانی له‌مه‌ر پرۆسه‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بويه
پێوسته‌ هه‌وڵه‌كان زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت ،كات به‌فیرۆ نه‌روات و ده‌ست نیشانی ئه‌وكارو كرده‌وانه‌ بكرێت كه‌ هه‌نگاوه‌كان كورت ده كه نه وه . ره‌نگه‌گڵۆپی سه‌وز پێکرا بێت بۆ بون به‌ده‌وڵه‌ت بۆیه‌ پێویسته‌ ناكۆكی و ناته‌بایی به‌لاوه‌ بنرێت چونكه‌ پێشهاته‌كان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی رووداوه‌كان خۆی ده‌رخستووه‌ پێویستمان به‌ هه‌نگاوی خێراتر هه‌یه‌،ده‌بێت سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و پارته‌سیاسیه‌كانی كوردستان رۆڵی باڵایان هه‌بێت ،نابێت هه‌ندێ لایه‌ن هه‌نگاوی ئه‌رێنی و هه‌وڵی به‌رده‌وامیان هه‌بێت وهه‌ندێ لایه‌نی تریش وه‌ك ته‌ماشاكه‌ر سه‌یری رووداوه‌كان بكه‌ن ،چونكه‌ مێژوو به‌زه‌یی به‌ هیچ لایه‌ك ناكات .گه‌لی كوردستان ده‌رفه‌تێکی ئه‌رێنی وباشی بۆ هاتۆته‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ عێراق جودا ببێته‌وه‌ و ببێته‌ خاوه‌ن كیان و ده‌وڵه‌تی خۆی ،
ئه‌و زه‌مینه‌ی ئیستا له‌باره‌ بۆ دروست كردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌ هیچ کاتێکی تر دروست نابێته‌وه‌ ،بۆیه‌ ده‌بێت چه‌تری ده‌وڵه‌ت بوون كۆمان بكاته‌وه‌ ،خه‌ونی ده‌وڵه‌ت بوون بگۆرین بۆ خه‌می ده‌وڵه‌ت بوون چونكه‌ خه‌ونه‌كان نابن به‌ راستی به‌ڵام خه‌مه‌كان ده‌بن به‌ خۆشی.
Top