بیری سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، بە درێژایی دیرۆكی شۆڕشەكانی كوردستان، بووەتە دروشم و ئامانجی نەتەوەی كورد و شتێكی تازە نییە، هەنووكەیش پرسی كورد لەسەر ئاستی هەموو كوردستان جۆرێك لە جووڵە و ئەكتیڤبوونی بە خۆیەوە بینیوە. ئەو دەرفەتە زێرینەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان ئاماژەی پێدەكات، دەرفەتێكی لەبارە، خۆزگە هەموو كوردستانی گەورەی دەگرتەوە، بەڵام لە ئێستادا ئەم دەرفەتە تەنیا بۆ باشووری كوردستانە، ئەگەر سەرنجی بارودۆخی كوردستان بدەین بە روونی هەست بەوە دەكەین و دەبینین سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕابەرایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی دەكات و كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر بەنێودەوڵەتی بوونی پرسی كورد هەیە، لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستانیش هیچ سەركردەیەكی كورد نییە، هێندەی جەنابی مسعود بارزانی لە سەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەهێز بێت، دەكرێت بڵێین وجوودی بەڕێز مسعود بارزانی فاكتەرێكی بەهێزە بۆ ئەكتیڤبوونی پرسی كورد، لێدوان و هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان خوێندنەوەیەكی واقیعییانەیە بۆ ڕەوشی سیاسی كوردستان، عێراق، ناوچەكە و خستنەڕووی چارەسەری گونجاوە بۆ پرسەكان، بە تایبەت پرسی ڕیفراندۆم بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، ئەم هەوڵانەی سەرۆك بارزانی لەم كاتەدا بایەخی زۆری هەیە، ئەمڕۆ كە بە سەردەمی ڕزگاری و ئازادیی نەتەوە چەوساوەكان لە ژێردەستەیی و دیكتاتۆریەت ناسراوە، كاتی ئەوەیە بە شێوازێكی ئاشتیانە، دوور لە هەموو ئاریشە و كێشەیەك، جیابوونەوە ڕابگەینین، بە جیابوونەوەمان لە ڕووی یاساییەوە پرسی كورد دەچێتە قۆناخێكی دیكەوە، نابێت پرۆسەكە لەبەر هیچ هۆكار و بیانووێك دوابخرێت، هەنووكە هەلومەرجێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هاوكات دەرفەتێكی گرنگ بۆ كورد دروست بووە و نابێت لەدەست بدرێت. من لەوە نیگەرانم ئەگەر پێش كۆتاییهاتنی شەڕی داعش سوود لەم دەرفەتە وەرنەگرین، ئەو هەڵوێستەی كە سەركردایەتی كورد و شەقامی كوردی لەهەمبەر سەربەخۆیی دەینوێنن مافێكی یاسایی و دەستووری تاك بەتاكی كوردستانیانە، مانەوە لە دەوڵەتێك كە ڕێز لە مافی هاونیشتیمانیانی نەگرێت و پارێزگاریان لێ نەكات، شایەنی مانەوە نییە، بەڵكو جیابونەوە لێی، بەر لەوەی ماف بێت، ئەركێكی ئایینی و نەتەوەییە، وەك كورد هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە (1921) تا ئێستا، مێژوویەكی تاڵ و ڕابردوویەكی پڕ لە ناخۆشیمان لەسەر خاكی عێراقدا هەیە، لەبەرئەوە با ئیتر جیا بینەوە.