دوو وێنەی خێزانی

دوو وێنەی خێزانی
دوای ئەوەی رۆژی ١٠ی تەموز فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو سەردانی عەمار حەکیمیان کرد و دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە و بیستنی هەڕەشەکانی حەکیم و تەئکید کردنەوە لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، سێ فراکسیۆن داوای گرتنی وێنەیەکی خێزانیان تە عەمار کرد و خۆشبەختانە ئەویش دڵی نەشکاندن و وێنە خێزانیەکەی لەگەڵ گرتن، یان وەک ئەوەی دکتۆر موسەنا ئەمین گوتی خۆ تیپی تۆپی پێ نییە تا وێنەی لەگەڵ بگرین، بە راستیش کاتێ سەیری راست و چەپ و دواوەی عەمار حەکیمت دەکرد و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و پەرلەمانتارەکانی ترت دەدین، واتدەزانی ئەوە تیپەکانی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدردن کاسی یانە پاڵەوانەکانیان بردۆتەوە و لەگەڵ راهێنەرە سەرکەوتووەکەیان وێنەی یادگاری و خۆشحاڵی دەگرن.
رۆژی دواتر و لە ١١ی تەموز و دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەى سەرۆک بارزانی و پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان، پەرلەمانتارانی ئەوروپا داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کە وێنەیەکی خێزانیان لەگەڵ بگرێ و وێنەکەش گیرا، ئەوەی جیگای پرسیارە کورد لە دوو رۆژدا دوو وێنەی خێزانیان گرتووە، یەکیان وەک دەربڕینی رەزامەندی و چاو شۆڕ کردن لە بەرامبەر هەڕەشەکانی عەمار حەکیم، ئەویتریان گەیاندنی پەیامی سەربەخۆیی کوردستانەە بە پەرلەمانی ئەوروپا و هەموو جیهان.
Top