ناشرینکردنی سەربەخۆیی و جواننیشاندانی ژێردەستەیی

ناشرینکردنی سەربەخۆیی و جواننیشاندانی ژێردەستەیی
مێژووی (کوردستان) لەنێو دەوڵەتی (عێراق) جگە لە تەعریب و تەعزیب و قەتل و عامکردن و خاپورکردنی شار و گوند و تەعزیبدانی تاکی کوردستانی هیچیتر لەخۆ ناگرێت. کوردستان بە درێژایی مێژووی (۱٠٠)ساڵەی، لەگەڵ دەوڵەتی (عێراق) فاکتەری ئاساییش و سەقامگیری بووە ، پێچەوانەکەی دەوڵەتی (عێراق) کە بۆ هەمیشە ویستوویەتی لە ڕێگەی هێزەوەو بە کوشتن و بڕین تاک بە تاکی کوردستان بەرەو مەرگ ببات و کوردستان خاپوور بکات.
ئێستا کوردستان لە هەمووکات زیادتر نزیک بۆتەوە لە سەربەخۆیی ، بردنەوەی جەنگ دژی دەوڵەتی خەلافەت و پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤایەتی و گرێنتیکردن و پاراستنی کەمەنەتەوەو ئایینە جیاوازەکان لە کوردستان گەورەترین شانازین کە کوردستان لە ناوچەکە بەدرێژایی مێژوو تۆماری کردووە.
پێچەوانەی کوردستان ، هەمووکات دەوڵەتی (عێراق) مەکانێک بوو بۆ چەوسانەوەو چێکردنی مرۆڤی شەڕانگێز و ئیرهاب و تیرۆر ، ئێستاشی لەگەڵدابێت کۆمەڵێک لە گروپگەلی جیاواز بە ناونیشانی فیکری جیاواز حوکمی ئەم وڵاتە دەکەن. بەرەی (دژە دەوڵەت) دەیانەوێت بە خەڵکی کوردستان بڵێن ژیان لەژێر ئاڵای (عێراق) شەڕەفمەندانەترە لەوەی لەژێر ئەو ئاڵایەی هەزاران هەزار ڕۆڵەی کوردستان خوێنیان بەخشی لەپێناو گەشانەوەییدا ، دەیانەوێت کوردستان لەژێر هەیمەنەو بیرکردنەوەی سیاسیە دۆگماکانی (عێراق) گوزەر بکات ، نایانەوێت ئازادی و سەروەری باڵبکێشێت بەسەر کوردستان و دژی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دەوەستن.
Top