پەرلەمان و موزایەدە
July 12, 2017
وتار و بیروڕا
![پەرلەمان و موزایەدە](https://gulanmedia.com/public/old_images/nusaran/27935469_1616440675089289_995225805_n.jpg )
دەمێكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر تێكچوونی ڕەوشی پەرلەمانی كوردستان گوتوویەتی، (ئێمە لەنێوان خراپ و زۆرخراپدا، خراپەكەمان هەڵبژارد)، بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 38 كورسی پەرلەمانە، لە هەموو لایەنەكانی دیكە كورسیی زیاترە، لە هەمووانیش زیاتر لایەنگری كاراكردنەوەی پەرلەمانێكی تەندروست و كارایە كە لە خزمەتی گەل و نیشتماندا بێت، بەڵام دیارە بۆچوونی جیاواز لە چۆنیەتیی كاراكردنەوەی پەرلەماندا هەیە. هەروەك جەنابی مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەفەرمووێت: "پارتی لە هەموو لایەنێك بە پەرۆشتر و جدیترە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و پێویست ناكات هیچ لایەنێك موزایەدە بەم پرسەوە بكات. ئەگەر مەبەست كاراكردنەوەی پەرلەمانێك بێت كە لە خزمەتی گەل و نیشتمان و پرۆسە گرنگ و ستراتیجییەكانی هەرێمی كوردستاندا بێ، ئەوا چەندین پێشنیار هەن كە پێویستیان بە تاوتوێكردن هەیە." پارتی دیموكراتی كوردستان دژی ئەو بنەمایانە بووە كە بوونەتە هۆكاری گەیشتنی پەرلەمان بەم رۆژە. ئەمرۆ كاتی ئەوە هاتووە، هەموو لایەنەكانی كوردستان بگەنە ئەنجامێك كە لە بەرژەوەندیی ئامانجە نیشتمانییەكاندا بێت، ئەمەش شتێكی جیاوازە لە رازیكردنی لایەنێكی دیاریكراو و چارەسەركردنی كێشە و بۆچوونە حیزبییەكان لەسەر حیسابی پەرلەمان و پرسە گرنگ و چارەنووسسازەكان، پارتی پێی باش نییە ئەم دامەزراوانە بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حیزبی یان شەخسی و موزایەدە بەكار بێن، وەك هەمووان دەركی پێ دەكەن، ماوەی ساڵێك زیاترە، رێكەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنێك لە پەرلەماندا درزی تێكەوتووە، ئێستا كاتی ئەوەیە بە رێكەوتنێكی نوێ، جارێكی دیكە پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە و پێداچوونەوە بە سیاسەت و رێكەوتنی پێشوودا بكرێت، سیاسەت واتا: پرۆسەی بریاردان، هونەری كەڵك وەرگرتن لە دەرفەتەكان، هونەری كارگێری و بەرێوەبردنی دەوڵەت، هەوڵدان بۆ ئیدارەدانی قەیرانەكان، دەكرێ وەك پرۆگرامێك بۆ بەڕێوەبردنی كاری دەوڵەت سەیری بكەین. یونانییەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە سیاسەت: (هونەری رێكخستنی كۆمەڵگە) یان (هونەری مومكیناتە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردن.) هەنووكە كاتی ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ هێنانە ئارای كۆدەنگی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە لە هەناوی كۆمەڵگادا جیاوازی دید و بۆچوون هەیە و ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان لە بەرامبەر دوورێانێكی چارەنووسسازدایە و هەڵكی مێژووی بۆرەخساوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك و لەبەر هیچ پاساو و ئەگەرێك ئەم هەلە لەدەست بدرێ. سیاسەت لە جیهانێكدا بوونی نییە، كە مرۆڤەكان وەك یەك بیربكەنەوە، ئەگەرچی سیاسەت پیشەی كەمینەیەكە، بەڵام ئەركی هەمووانە و دەبێ لە خزمەتی بەرژەووەندی گشتی كۆمەڵگا بێت، ئەمرۆ خەڵكی كوردستان بە گشتی بە هەموو نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكانیەوە چاوەروانی لایەنەكانە بۆ گەیشتن بە كەناری سەربەخۆیی.