ریفراندۆم بۆ وەرگرتنی رای گەلی خۆتە نەك بۆ هەڵوێستی دەوڵەتانی دیكە

ریفراندۆم  بۆ وەرگرتنی رای گەلی خۆتە نەك بۆ هەڵوێستی دەوڵەتانی دیكە
«پەندێك هەیە دەڵێت: (هیچ كەسێك ماسی لە ئاودا سەودا ناكات)، بەڵام نەیارانی دژی سەربەخۆیی دەیانەوێت لە ئاودا ماسیی خۆیان بفرۆشن»

مافی گەلان بۆ ئەنجامدانی راپرسی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان، مافێكی سروشتییەو لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووە و پشتگیریی لێدەكرێت، لە هەمانكاتیشدا دەستووری ساڵی 2005ی عێراقیش پشتگیریی لەم مافە دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەدوای ساڵی 2003 دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای یەكتێیەكی ئارەزوومەندانە لە نێوان كورد و عەرەب دووبارە بونیادنراوەتەوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا مانەوەی كورد بەشێوەیەكی زۆرەملێ لە چوارچێوەی عێراقدا پێچەوانەی ئەو دەستوورەیە كە گەلانی عێراق دەنگیان لەسەر داوە .
دەستنیشانكردنی رۆژی 25 ئەیلوولی 2017 بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان، دەستنیشانكردنی رۆژێكی هەرە گرنگ و گرانە لە مێژووی كوردستاندا، ئەمە بۆ جاری یەكەمە لەسەرانسەری مێژووی ئێمەدا، نەتەوەی كوردیش وەك تەواوی گەلانی جیهان دەچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان بەشێوەیەكی ئازاد و دیموكراتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.
ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو كێشە چارەسەرنەكراوانەی لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە بوونیان هەیە چارەسەر بكرێن، هەروەها هەوڵەكان بۆ دژایەتیی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، تێگەیشتن و رەفتاری دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان بۆ هەموو جیهان ئاشكرا دەكات و دەبێتە هۆكاری ئەوەی كێشە كپكراوەكانی رابردوو هەموویان بتەقنەوە و سەرلەنوێ لە داڕشتنەوەی جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەر چاوبگیرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا حكومەتی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ تاچەند دەتوانن ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دابنێن؟ بە بۆچوونی من پێویستە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا راشكاوانە لەگەڵ میللەتی خۆمان قسەبكەین و بە ئاشكرا پێیان بڵێین، بەڵی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ بەگشتی و ئێران بەتایبەتی هەرچی پێیان بكرێت دەیكەن بۆ ئەوەی ئاستەنگ دروست بكەن و ئەم ریفراندۆمە ئەنجام نەدرێت، بەڵام پرسیاری دیكە ئەوەیە هەتا ئەگەر بشتوانن ئاستەنگ بۆ ریفراندۆم دروست بكەن، ئایا دەتوانن ئاستەنگ بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی دورست بكەن، یان ئەم پرۆسەیە رابگرن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و دەبێت هەموو لایەك ئەوە بزانن كە پرۆسەی سەربەخۆیی راناگیرێت، گەلی كوردستان خوازیاری ئەوەیە بە رێگەیەكی شارستانییانە و دیموكراتییانە لە رێگەی دەنگدانی گەلی كوردستانەوە راپرسی ئەنجام بدات و بەشێوەیەكی ئاشتییانە كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بەڵام كاتێك ئەو دەوڵەتانە خۆیان نەیانەوێت یان ئاستەنگ بۆ پرۆسەكە دروستبكەن، ئەوا راستەوخۆ سەربەخۆیی رادەگەیەنرێت و جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تێگەیشتنی بۆ ئەو واقیعە دەبێت و دەگاتە قەناعەت كە عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ نایانەوێت بە رێگەی دیموكراتی و ئاشتیخوازانە كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق چارەسەر بكرێن.
مخابن لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستانیش هەندێك دەنگ هەن كە هاندەری دەوڵەتی ئێرانن، ماكینەی درۆهەڵبەستن و چەواشەكاریی خۆیان خستۆتەگەڕ و دەیانەوێت بە ئاشكرا دژایەتیی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكەن، یان لەمەش زیاتر دەیانەوێت وای پیشانبدەن پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی تایبەتە بە كەسی بەڕێز مسعود بارزانی، یان پڕۆپاگەندەی ئەوە دەكەن گوایە ئەنجامدانی ریفراندۆم كارتێكە بۆ شاردنەوەی شكستەكانی سەرۆك مسعود بارزانی.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو درۆ و چەواشەكارییانە، گرنگە بە زمانێكی لۆژیكانە وەڵامی ئەو دەنگانە بدەینەوە و پێیان بڵێین: گەلۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان پرسێكی كەسیی مسعود بارزانی-یە یان داخوازیی سەدان ساڵەی نەتەوەكەمانە؟ یان ئایا هیچ سەرۆكێك هەیە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش، هێندەی مسعود بارزانی لەتێكشكاندنی تیرۆریستان و شەڕی دژی داعش سەركەوتوو بێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە مێژووی نەتەوەكەمان و رای گشتی ئێستای جیهان دەیدەنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە خواستی نەتەوەكەمان بۆ دامەزراندنی سەربەخۆیی لە ساڵی 1880 و لەسەردەستی شێخ عوبێدوڵای نەهری دەست پێدەكات و دوای ئەویش شێخ مەحمودی حەفید و دواتریش قازی محەمەد و لەدوای ئەوانیشەوە ئەم خەباتە لەسەر دەستی مستەفا بارزانی درێژەی هەبووە و ئێستا لەسایەی رێبازی بارزانییەوە، سەرۆك مسعود بارزانی دوایین هەنگاو بۆ ئەم ئامانجە نەتەوەییە هەڵدەگرێت.
سەبارەت بەوانەشی كە چاویان بەسەركەوتنەكانی كوردستان هەڵنایەت، بە راشكاوی پێیان دەڵێین: ئەو سەركەوتنانەی بە رێبەرایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی لە ماوەی 3-4 ساڵی رابردوودا بۆ كوردستان بەدیهاتوون، جیهانیان سەرسام كردووە و لەئێستاشدا كە بەشی هەرە زۆری دەوڵەتانی جیهان لە یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆ و ئەمریكا و رووسیا، پشتگیریی لە كوردستان دەكەن، بەرهەمی ئەو سەركەوتنانەیە كە بەرێبەرایەتیی مسعود بارزانی بەدەستهاتوون.
بۆیە گرنگە گەلی كوردستان لەوە دڵنیا بێت كە دوژمنان و ناحەزانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بۆ رێگرتن لەم ئامانجە ماكینەی درۆ و جنێو و چەواشەكارییان خستۆتە گەڕ و بە میتۆدی گۆبلزی (درۆ بكە. درۆبكە. هەتا باوەڕت پێدەكەن) درێژە بەم دژایەتییەی خۆیان دەدەن، بەڵام لەبەرامبەر درۆ و چەواشەكاریی ئەواندا، پرسی كوردستان هێندەی دیكە پێش دەكەوێت و زیاتر دەوڵەتان هاریكاریی كوردستان دەكەن و كەسایەتی و پێگەی سەرۆك مسعود بارزانی-یش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا گەورەتر دەبێت.
هەوڵەكانی بەرەی دژە سەربەخۆیی و دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان، هەوڵدانە بۆ ترساندن و بێئومێدكردنی خەڵكی كوردستان، پەنایان بۆ ئەوە بردووە گوایە هیچ دەوڵەتێك پشتگیریی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان ناكات، یان ئەگەر ریفراندۆم ئەنجامبدەین و سەربەخۆیی رابگەیەنین، ئەوا توركیا و ئێران سنوورمان لێدادەخەن و گەمارۆ دەدرێین.
لەوەڵامی پووچەڵكردنەوەی ئەم درۆ و چەواشەكارییانە راشكاوانە روودەكەینە میللەتی خۆمان و پێیان دەڵێین، بە بەرەی دژە سەربەخۆیی بڵێن ئایا هیچ كام لەدەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپا،ناتۆ، ئەمریكا،رووسیا، گوتوویانە ئێمە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانین؟ بەڵێ رای خۆیان بەوجۆرە دەربڕیوە كە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم گونجاو نییە و زووە، بەڵام هیچ كام لەو دەوڵەتانە نەیگوتووە ئێمە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانین، بە بۆچوونی من هەڵەی گەورەی ئێمە ئەوەیە كە هەوڵنادەین لە سیاسەتی نێودەوڵەتی تێبگەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هیچ دەوڵەتێك لەم جیهانەدا نایەت بەراشكاوی بڵێت: من پشتگیریی لە گەلێك یان نەتەوەیەكی دیكە دەكەم بۆ ئەوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هیچ دەوڵەتێك پشتگیریی خۆی بۆ ریفراندۆمی سكۆتلەندا دەربڕی بۆ ئەوەی لە بەریتانیا جیابێتەوە، یان ئێستا كە كەتەلۆنییەكان دەیانەوێت راپرسی ئەنجامبدەن و لە ئیسپانیا جیاببنەوە، هیچ دەوڵەتێك پشتگیریی بۆ دەربریوە؟ بۆیە ئێمەش دەبێت لەم راستیانە تێبگەین كە ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ وەرگرتنی رای گەلی خۆتە نەك وەرگرتنی رای دەوڵەتان و نەتەوەكانی دیكە، كەواتە تۆ هەتا رای گەلی خۆت نەزانی لەسەر ئەوەی ئایا دەیەوێت سەربەخۆ بێت یان لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە، چۆن دەكرێت رای دەوڵەت و نەتەوەی دیكە لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە بزانیت، پەندێك هەیە دەڵێت: كەس ماسی لە ئاودا ناكڕێت، بەڵام كێشەی ئێمە لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئەوەیە، كە دەمانەوێت لەناو ئاودا ماسی خۆمان بفرۆشین.
لەلایەكی دیكەوە لەوەڵامی ئەو درۆیانەی كە دەڵێن: ئەگەر ئێمە سەربەخۆیی رابگەیەنین، توركیا سنوورمان لێ دادەخات، دەڵێین: ئیمزاكردنی رێككەوتنی پەترۆل و گاز لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و رووسیا بۆ ئەوەیە كە دەروازەیەكی دیكە بۆ فرۆشتنی نەوت و گازی ئێمە بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست بكرێتەوە، لەم بازنەیەدا گرنگە ئەوە بە میللەتی خۆمان بڵێین، كاتێك رووسیا دێت ئەو رێككەوتنە گرنگە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمزا دەكات و ئامادەیە بۆ ماوەی 3 ساڵ نەوتی كوردستان بكڕێت، ئەمە مانای ئەوەیە هەتا ئەگەر توركیا سنووری خۆیشی بە رووی كوردستاندا دابخات، ئەوا دەروازەیەكی دیكە بۆ فرۆشتنی نەوتی كوردستان هەبێت، سەبارەت بەم لایەنە من دڵنیام كە توركیا و ئێران و سووریا و عێراقیش ئەم راستییانە دەزانن، بەڵام ئەوەی كە هەوڵی نەداوە لەم راستییانە تێبگات، ئەو خەڵكانەن لەناو میللەتی خۆمان كە بوونەتە داردەستی دەوڵەتانی دراوسێ و دەیانەوێت ئەم واقیعە چەواشە بكەن.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەڵوێستەكانی سەرۆك مسعود بارزانی كە راشكاوانە ئەوەی دەربڕیوە و جەختی لەسەر كردۆتەوە، بەوەی ئەگەر ئەو دڵنیا نەبوایە كە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان سەردەكەوێت و پشتگیریی لێ دەكرێت، ئەو بارە گرانەی نەدەخستە سەر شانی میللەتەكەی، بەڕێز مسعود بارزانی راستە وەك پێشمەرگەیەك لەبەرەكانی جەنگ ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی بۆ هەموو جیهان بەتاڵ كردەوە، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسەت و دیپلۆماتییەتیش، سەركردەیەكی هێندە لێهاتووە و دەزانێت هاوكێشە سیاسییەكان بەرەو كوێ دەچن و پێگەی كوردستانیش لەو هاوكێشەیەدا چەندە و سەرۆك بارزانی لە ئاكامی خوێندنەوەی وردی بۆ ئەو واقیعە و ئەو تێكەڵییە فراوانەی لەگەڵ تەواوی سەرۆك و حكومەتەكانی جیهان هەیەتی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی ئێستا دەرفەتێكی مێژوویی بۆ گەلەكەمان هاتۆتە پێشەوە و ناكرێت لەدەست بدرێت.
ئەگەر لەسەرینی ئەم خوێندنەوەیە و قەناعەتی سەرۆك مسعود بارزانی كە ئێستا دەرفەتێكی مێژوویی بۆ كوردستان هاتۆتە پێشەوە، ئێمەش وەك شرۆڤەكار و چاودێری سیاسی خۆمان بندێڕی هاوكێشە سیاسییەكان بخوێنینەوە و ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین، ئایا بە راستی دەرفەتێكی راستەقینە بۆ سەربەخۆیی كوردستان هاتۆتە پێشەوە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ماندووبوونی زۆری ناوێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، ئەو لایەنەی كە بەشێوەیەكی زۆر ئاشكرا دژایەتیی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكات، دەوڵەتی ئێرانە، بۆ ئەمەش نەیشاردۆتەوە و بەئاشكرا لە هەوڵەكانی خۆی هەر بۆ گرتنەوەی ئاو بۆ كوردستان و پاشانیش هاندانی وەكیلەكانی لە كوردستان و عێراق درێخی نەكردووە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا پێگەی ئێران لە ئێستادا لەبەرامبەر ئەمریكا و ئیسڕائیل و عەرەبستانی سعودیە و تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش چۆن دەخوێندرێتەوە؟ بێگومان ئاشكرایە ئەمریكا و ناتۆ و ئیسڕائیل و سعودیە هەنگاوی جددییان بەرامبەر هەوڵی فراوانخوازیی ئێران گرتۆتەبەر، دەكرێت لە هەڵوێستی ئەم دواییەی سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی بەرامبەر قەتەر، وردەكاریی زیاتر بخوێنینەوە، كە پێمان دەڵێت، ئەگەر گەمارۆ خستنە سەر قەتەر بەشێكی پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت بەشێكی دیكەی پەیوەندیی بە توركیاوە هەیە، راستە توركیا هێزی سەربازی رەوانەی قەتەر كردووە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا توركیا دەتوانێت بە هێزی سەربازی بەرگری لە قەتەر بكات؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پەیوەندیی بەوەوە نییە بەوەی ئایا توركیا دەتوانێت یان نا؟ بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر توركیا پەنای بۆ بژارەی سەربازی برد رووبەڕووی چی دەبێتەوە؟ بێگومان رووبەڕووی گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمریكا دەبێتەوە كە لە قەتەر بوونی هەیە، پاشانیش سوپای توركیا قبوڵ ناكات كە سەرۆكی توركیا وڵاتەكە دووچاری شەڕێكی وا نەخوازراو بكات، لەمەشدا سەرۆكی توركیا زۆر باش پێگەی سوپای وڵاتەكەی دەزانێت و لەوەش ئاگادارە كە سوپای توركیا بە هاوكاریی ناتۆ توانی كودەتاكەی تەمموزی 2016 دژی حكومەتی ئەردۆگان شكست پێبهێنێت.
ئەم خوێندنەوەیە پێمان دەڵێت، هاوكێشەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوكێشەیەكی فرەڕەهەند و تێكچڕژاوە و لەیەك رووەوە ناخوێندرێتەوە و پێویستی بە خوێندنەوەیەكی گشتگیرو هەمە لایەنە هەیە، ئەم خوێندنەوە گشتگیر و هەمەلایەنەیە مەترسییەكانی دوای كۆتاییهاتنی داعش بەجۆرێكی دیكە بەرجەستە دەكاتەوە، كە ئەویش لەلایەك مەترسیی فراوانخوازیی مەددی شیعەخوازیی ئێرانە لەسەر سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسڕائیل، لەلایەكی دیكەوە مەترسیی رادیكاڵییەتی ئیسلامی سیاسییە كە خۆی لە جیهادییەكان و ئیخوان موسلمین لەسەر دەوڵەتانی ناوچەكە بەرجەستەدەكاتەوە، هەر بۆیە لەناو ئەم بازنە فرەڕەهەندەدا، ئەگەر كوردستان لەشەڕی دژی داعشدا، یاریزانی سەرەكی تێكشكاندنی داعش و بردنەوەی شەڕی دژی داعش بووبێت، ئەوا لەدوای داعش یاریزانی سەرەكی دەبێت بۆ رێگرتن لە فیتنەی مەزهەبگەرایی نێوان شیعە و سوننە، كوردستانیش ئەو دەوڵەتە دەبێت كە لەسەر بنەمای دیموكراسی و فرەیی و لێبووردەیی و پێكەوەژیان بەردەوام دەبێت، بۆیە ئەو خەسڵەتانەی دەوڵەتی كوردستان لەناو ئەو هاوكێشە سیاسییە تازەیەدا، راستەوخۆ دەبێتە هاوپەیمانی ئەو بەرەی دژی توندڕۆیی رادیكالییەتی ئیسلامییە بەهەردوو مەزهەبی شیعە وسوننەوە.
ئەمە بەرەو ئەوەمان دەبات كە راشكاوانە بڵێین، عەرەبستانی سعودیە پاڵپشتێكی گەورە بێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، ئاشكراشە عەرەبستانی سعودی تەنیا نوێنەرایەتیی یەك دەوڵەت ناكات، بەڵكو پشتگیریی عەرەبستانی سعودی بۆ دەوڵەتی كوردستان رەنگدانەوەی هەڵوێستی گشتیی دەوڵەتانی عەرەبی دەبێت و لە بازنەیەكی فراوانتردا، ئەگەر لە ئێستا هەڵوێستی سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەردوو لایەنی هەڕەشەكە، جۆرێك لە هاوپەیمانی لەنێوان ئەوان ئیسڕائیلی دروست كردبێت، ئەوا بەدیوێكی دیكەدا لە هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە دەوڵەتی كوردستانیش، هەڵوێستێكی هاوبەش لە نێوان ئیسڕائیل و دەوڵەتانی عەرەبی دروست دەبێت، خۆ لە خۆڕا نییە حكومەتی ئیسڕائیل بە ئاشكرا پشتگیریی لە دەوڵەتی كوردستان دەكات و هەندێك لە بەرپرسەكانیان لەمەش زیاتر هەڵوێستیان دەربڕیوە و ئاماژە بەوە دەكەن كە هەڵوێستی ئیسڕائیل تەنیا پشتگیریی نییە لە دەوڵەتی كوردستان و بەس، بەڵكو پشتگیریی پاراستنی دەوڵەتی كوردستانیشە.
ئەوجا ئەگەر لەم بازنەیەوە هەڵوێستی ئەمریكا بە راشكاوانە بخوێنینەوە، ئەوا بە ئاشكرا ئەو راستییە دەردەكەوێت، كە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ رەنگدانەوەی هەڵوێستی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسڕائیل دەبێت بەرامبەر بە سەربەخۆیی كوردستان و هەڵوێستی رووسیاش هەر بەوجۆرە دەبێت، بەڵام بەدرێژایی مێژوو ڕەفتاری رووسیا بەوجۆرە بووە كە هەڵوێستی خۆی بە ئاشكرا پیشان نادات.
لەدوماهی ئەم دێڕانەدا دەخوازم، ئاماژەیەك بە كاردانەوەكانی مالیكی و حەشدی شەعبی بەرامبەر بە سەربەخۆیی كوردستان بكەم، پێش هەر شتێك دەمەوێت ئەوە بڵێم كە هیچ جیاوازییەك لە نێوان عەرەبی شیعە و سوننەدا بەرامبەر مافەكانی گەلی كوردستان نییە، بەڵام هەڵوێستی مالیكی و حەشدی شەعبی هەڵوێستی ئێرانە و بە هاندانی ئێران ئەو دژایەتییە دەكەن، كێشەی عەرەبی عێراق و تورك و عەجەم ئەوەیە كە بە چاوی رابردوو وەك كۆیلە و بەندە، سەیری كورد دەكەن، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە و كورد پێگەیەكی تایبەتی هەیە. جارێكی دیكەش دووبارەی دەكەمەوە، ئەگەر دەوڵەتانی دراوسێ وەك ئێران و توركیا نەتوانن ببنە هەڕەشەی سەربازی چۆن مالیكی و هاوشێوەكانی لەكوردستان دەتوانن هەڕەشە لەسەر كوردستان دروست بكەن و ئاستەنگ بۆ سەربەخۆیی دابنێن؟ لەمەش زیاتر مزگێنیی راگەیاندنی سەربەخۆیی وەڵامی هەموو ئەو درۆ و چەواشەكارییانە دەداتەوە.

Top