ناحەزانی ریفراندۆم و ڕۆژی قیامەت

ناحەزانی ریفراندۆم و ڕۆژی قیامەت
لەبەردەوامی ئەجێندا و پرۆپاگندەی چەواشەکارانەی دوژمنان و ھەندێ نەتەوە و وڵاتی ناحەزی کورد و کوردستانیان و بەختەوەریان و گەیشتنیان بە ماقەڕەواکانیان، ساڵانێک بوو دەگۆترا ئەگەر کورد ببێ بە دەوڵەت ئەوە ڕۆژی قیامەت لە جیھان ڕوودەداتن و ... ھتد!!
جگە لەوەی کە بە پێی فەرموودەکانی یەزدانی گەورە کەس نازانێ کەی ئەو ڕۆژە دێتن، ئەوەتا ھزاران ھزار ساڵە ئەو پرۆپاگندە ( دیعایەیە) بۆ کات و سات و بابەتی جیاواز بەکارھێنراوە و دەھێنرێتن، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ ھەر نەھاتووە... . و ژیانیش بەردەوامە.
ھەروەھا ھەرچەند ساڵێک جارێکیان وڵاتێک و نەتەوەیەک بە دەوڵەتی خۆیان شاد دەبن، کەشی کە نۆرە کورد و کوردستانیانە دەبێ قیامەت بێتن. ئەو جۆرە قسەلۆکانە چ دەگەینن؟!
ماوەیەکە و دوای جێگیربوونی ڕۆژ و کاتی ڕیفراندۆمی مێژوویی ھەموونەتەوە و توێژ و تایفەکانی کوردستان، بەرەیەک دروستبووە، کە بە ھەموو ھێز و تواناوە ھەوڵی دژاتیکردنی ئەو بابەتە دەدەن.
جگە لەوەی کە بڵێین ئەوان و غەیری وان و ھەموو جیھان و ناوچە پێیان خۆش یان ناخۆش، کوردستانیان بڕیاری کۆتاییان داوە و وەک جەنابی سەرۆک بارزانی دەفەرموێ" گەڕانەوەی بۆ نیە"، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕۆژەش یەک کاتژێر و بەڵکۆ یەک خووڵەکیش دوای ئەو دەوڵەتە ڕووبداتن، دەبێ ئەو کیانە سیاسییە بۆ ئێمەی کوردستانیان دروست ببێ و چ باشتر ئێمە دەوڵەتمان ھەبێ و بچینە ناو پرۆسەی ( قیامەت). کامیان باشترە؟!
ئەبووڕەیحانی بیروونی، بیرمەند و فەیلسەۆفێکی گەورەی ئاریایی نەژاد، لەسەر سەکەراتی مردن بوو، یەکێک لە ھاوڕێ نزیک و فەیلەسۆفەکانی لێ دەبێتە میوان و دێتە لای. " بیروونی" پرسیاری بابەتێکی زانستیی لێدەکات کە ماوەیەک پێشتر ئەوان گفتگۆیان لەبارەیەوە دەکرد و بەیەکەوە سەرقاڵی بوون و پێیان چارەسەر نەکرا بوو. ھاوڕێیەکەشی تێی دەگەینێ کە کاکی خۆم تو نەخۆشی، کۆا کاتی ئەو پرسیارەیە دەیکەی. ئەویش پێی دەڵێ:" ڕاستە نەخۆشم و خەریکە دەمرم بەڵام ئایا کامیان باشترە: ئەو بابەتە بزانم و بمرم یان نەیزانم و ئینجا بمرم؟" دواتر دۆستەکەی بۆی ڕوونی دەکاتەوە و ھەر لە تەواوبوونی قسەکانی دا ئەو کەڵە زانایە دەمریتن، بەڵام پاش زانینی ئەو پرسیارە.
جا ئێمەی کوردستانیش وەک "بیروونی" دەبێ بیربکەینەوە. ئەگەر بڕیار وایە لەو ھەموو نەتەوەانە، تەنھا بەدەوڵەتبوونی کورد ڕۆژی قیامەت بێتن بابێتن ! شانازییە ئێمەی کوردستانی ببین بە دەوڵەت وئینجا ئاساییە با ڕۆژی پیرۆزی قیامەتیش ڕووبداتن. چی تێدایە؟!
ھەرچەندە کە ئەوەی قسەلۆکی لەو جۆرە بەو ئاسانییە بە مێشکی دا بچێ و بڕوای پێبکاتن لەوپەڕی ساویلکەیی و بەڵکۆ گەمژەیی دایە، بەڵام شانازییە کورد لەو ئاستە بێ و بگاتە مافەکانی خۆی و... ھتد، و چونکە وەک دەڵێن" ڕاست بە ھەڕە ڕێکا شێری"، و " آنکە را حساب پاک است ز محاسبە چە باک است"، و کوردستانیان بڕوایان بەخۆیە چونکە پاک و بێگەردن و لە ھیچ شتێک باکیان نیە. *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top