ڕەقە و وەھابیەت و داعش و رفراندۆم:کۆجا مەرحەبا !؟

ڕەقە و وەھابیەت و داعش و رفراندۆم:کۆجا مەرحەبا !؟
چەند ساڵێکە ڕەقەی سووریا بە پایتەختی داعشیەکان ناسراوە و دانراوە، بەڵام کەم کەس زانیاری ھەیە کە ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەک مێژوو باس دەکاتن پاش مۆقتەدر، مۆکتەفی کۆڕی لە ساڵی (٢٨٩ک.) لەو شارە دەبێتە خەلیفەی عەباسیەکان و دواتر دەچێـتە بەغداد، و جگە لەوەش شارێکە کە دەکەوێتە سنووری خەلافەتی ئەمەویەکان، کە بەلای سۆننەکانەوە ناوچەیەکی گرنگی ئایینی دەژمێردرێتن.
بۆیە ھەمیشە داکۆکی لەوە دەکرێتن کە مێژوو بخوێندرێتن چونکە باشترین مامۆستا و وریاکەرەوەیە، بەمەرجێک دەستێکی پاک نوسیبێتن.
تەنانەت ڕەفتارە نەشرین و قێزەوەنەکانی داعشیش ھەمان میراتەکەی پێش ئەوانە کە دیسان مێژوو باسی لێوەدەکاتن، بۆیە گۆمان دەکرێتن ھەمدیسان مێژوو دووبارە ببێتەوە و ڕووخانیشیان وەک چۆن پێشتر ھەبووە دووبارە ببێتەوە.
دیارە وەک فەیلەسۆفی مەزن عەلی وەردی لە لاپەڕەی (١٩) لە بەرگی (٢) لە پەرتووکی ( لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق) بەو جۆرە باس لە یەکەم شکستی داعش، کە ئەوکات وەھابیزمی ناو بوو دەکات: دوای ئەوەی کە مەحموودی دووھەم، سۆڵتانی عۆسمانی، داوا لە مەحەمەدعەلی پاشای مسر، کە دواتر بە محمەد عەلی گەورە دەناسرێتن، کە بۆ لەنێۆبردنی وەھابیەت ھاوکاری بێ، ئەویش ئیبراھیم پاشا، وەک سەرکردەی ئەو ھێزە دەستنیشاندەکاتن کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکرابوو. ئیبراھیم پاشا بە لێھاتوویی خۆی ( دەرعیەی) پایتەختی وەھابیەکانی گەمارو دا و لە ئەیلولی (١٨١٨ز.) داگیرکرد و عەبدۆلای کۆڕی سعۆد، ئەمیرەکەیانی بەدیلگرت. ئەوە یەکەم سەرکەوتن بوو کە لە بیابانەکانی عەرەبی دا ڕووی دا و پێش ئەو کاتە ھیچ کەس و ھێزێک ئەو کارەی پێنەکرابوو، و ھەر ئەوەش یەکێک لە خاڵە کاریگەرەکانی بەھێزبوونی وەھابیەت و بەردەوامیی گەشەکردن و تاوانەکانی پێشتریان بوو لە ناوچەکە، کە ھزاران قۆربانیی لێکەوتبوو.
ڕۆژانە بە بەردەوامی ئێمە گۆبیستی ئەوە دەبین کە فەرماندەکانی سوپای بەغدا دەڵێن ئەمرۆ و بەیانی مۆژدەی سەرکەتنی یەکجاری بەسەر داعش ڕادەگەینین، بەڵام ھێشتان ھیچ دیارنیە. ئاخۆ ئەو ڕۆژە دەبێ ئەیلوولی (٢٠١٧) نەبێ، کە ھاوکاتە لەگەڵ شکستی باب و باپیرانی داعشەکانی ئەمڕۆ؟ کەس نازانێ و گرنگ نیە کەیە، گرنگ ئەوەیە ئەوان لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، تووشی شکستێک ھاتن، کە تا مرۆڤایەتی مابێ لەیادی ناکاتن.
لەسەر دەستی ئەو پێشمەرگە سەربەرزە و بە فەرماندەیی جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ ئێمەی کوردستانیان بە پیر ریفراندۆمێک دەچین، کە بە خۆشی و ناخۆشیەکانیەوە بەرەو سەرکەتنێکی تر ھەنگاو دەھاوێژرێتن و ئەویش دەوڵەتبوونە. بەڵام دەوڵەتێک کە تیایدا بەپێچەوانەی مێنتالیتە(عەقلیەت) و یاساکانی وەھابیەت و داعش ناموس و کەرامەت و پرستیژ و مافەکانی مۆسڵمان و نامۆسڵمان و یەزیدی و مەسیحی و ... ھتد، پارێزراوە و ھیچ جیاوازیێەکیان نابێ لەبەردەم یاسای شارستانی و مرۆڤی دا، و سەبارەت بە مافەکانی تری بڕوابەیەزدان ھەبوون و نەبوونیان ئەوە یەزدانی مەزن خۆی بە پێی پێوەرەکانی دەزانێ کێ ڕاستە و باوەر دارە یانە نە، و ئەوە ھیچ پەیوەندی بە مرۆڤەکان و بیروباوەر و یاسا و جۆری بیرکردنەوە و سزادان و نەدانیان نیە.
نابێ ھیچ کەس لەو ڕاونگەیەوە، تووشی ئەو نەھامەتیانە و تاوانانە ببێ کە ئێمەی کوردستانیان پێش ئێستا بەھۆیانەوە ھەڕەشەی لەنێوچوون و تێواندنەوەمان لەسەر بوو. پێوەرەکانی مرۆڤ بۆ مرۆڤە و ھی یەزدان بۆ یەزدانی گەورە.
دەبێ وەھابیەت و داعشەکان بزانن چیتر نابێ بەناوی ئایین و پیرۆزیەکانیەوە سەربڕینی مرۆڤەکان ئاسایی بێ، گرتنی ژن و کچەکانیان و فرۆشتن بە پیرۆز و ڕەوا بزاندرێ، و لە بازاڕەکان وەک کاڵایەکی نێو ماڵان و بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سێکسی چەند مرۆڤێکی سێکسی و ویژدان مردوو بفرۆشرێن و شانازیشی پێوە بکرێ. دەبێ وەھابیزمی داعش دەست لە ڕکمانەیی ( عینادی ) ئایدۆیلۆژیکی بۆگەنی خۆی ھەڵگرێ و لەجیاتی خەرجکردنی ئەو ھەموو پارەیە لە وێرانکردنی جیھان و بەتایبەت ناوچەکە، بێن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە وێران و بیابانە وشکەکانی عەرەب، و پڕکردنی زگەبرسیەکەی عەرەبەکانی وڵاتەکانیان بدەن، تا ھەم کارەساتی بەھاری عەرەبی ڕوونەداتن و ھەم ئەنفال و حەلەبچە و ... و شنگال و کوردستان، دووبارە نەبنەوە.
ئەو کاتەی کە لە مۆسکۆ قوتابی بووم جارێکیان قوتابیەکی عەرەب باسی لە قوتابیەک دەکرد کە وەک ئێمەمانان خوێندنی لە وڵاتێکی ئەورۆپی تەواوکردبوو و لە گەڕانەوە بۆ زانکۆی خۆی لە کۆبوونەوەیەکی سەدامی گۆڕ بە گۆڕ و گەورەترین مامۆستای داعشی وەھابیزمی ناسیۆنالیستی عەرەبی لەگەڵ مامۆستایان ھەڵدەستێ و ڕوو دەکاتە ئەو دیکتاتۆرە قێزەوەنە و باس لە بوونی بیرۆکە و پرۆژەیەک دەکاتن کە بەھۆیەوە دەتوانرێ بە پارەیەکی باش زۆرێک لەو بیابانە وشکانە بکرێنە جێگەی وەھا کە ببن بە ناوچەی ئاوی و کشتوکاڵی و بەرھەمێکی باشیان پێوە بێتن. سەدامی مێشک بۆگەنی وەھابیست دەست لەسەر شانی ئەو کەسە دادەنێ و پێی دەڵێ:" لە جیاتی ئەو کارە دەبێ ئێمە پارەکانمان بکەین بە گۆللە و بەسینگی دوژمنانەوە بنێین !" قوتابیەکی قوتابخانەی وەھابیەت دەبێ ھەر ئەوەی لێبوەشێتەوە و داعش و ئەلقاعیدەشی بەدوادا بێ.
جا ئەگەر ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بین تا وەھابیزمی داعشی سەدامیەت کۆتایی پێدێتن، ئینجا ڕیفراندۆم دەکەین و دەوڵەت ڕادەگەینین، ئەوە ئەو پەڕی گەمژەیی و بێ ( عەقڵ)ییە. دەبێ باش بزانین مێژوو پێمان دەڵێ ھەر ناسیۆنالیستێکی ئەو وڵاتە، بە شێعە و بە سۆننەکەیەوە، ھەر کات و ساتێک بۆی بلوێ و بڕەخسێ سەدامێکە و ( ڕبووبەکرێکی نەبەغدادی) یە، ھەمان ئەو ڕەفتارە جوانەمان لەگەڵدا دەکاتن کە ھاوکۆفەکانیان پێشتر لەگەڵیاندا کردووین. *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top