بۆ دەڵێم "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی کوردستان؟

بۆ دەڵێم
لە سەد ساڵی ڕابردوودا دەیان هەزار کورد ژیانیان لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا بەخت کرددوە، سەدان هەزاری تریش بە هۆی کوردبوونەوە جینۆساید و زیندە بەچاڵ کراون. هەزاران لاو و پیری کورد بە خەونی ئازادی و ڕزگاربوونەوە لە زیندان و کوشتارگەکانی داگیرکەراندا چوون بە پیری مەرگەوە. سەدان هەزار ماڵی کورد بۆ چەندین جار وێران کراون و شار و گوند لە گەڵ خاکدا یەکسان کراون و دانیشتوانەکانیان سەر و ماڵیان تێداچووە. ناوهێنانی نیشتمانەکەمان بۆ خۆی تۆمەتە لە لای داگیرکەران. هەر کەسێک لە سێبەری دەسەڵاتی ڕەشی داگیرکەردا ژیابێت و ئەوانەشی هێشتا ژیان بەسەر دەبەن، دەتوانن هەزاران بەڵگە لە بارەی کارەسات و چیرۆکە جەرگبڕەکانی کوردەوە بخەنە ڕوو، بۆیە پێویستم بەوە نیە لێرەدا زۆری لە سەر بڕۆم.

سەباری ئەوەی باوەڕم بەوە نیە سەربەخۆیی کوردستان پێویستی بە ڕیفیراندەم بێت، چونکە گەلی ئێمە نرخی سەربەخۆیی بەزیادەوە داوە و بایی دروستکردنی چەند دەوڵەتێک قوربانی داوە. وەك هەموو خەڵكیش دەزانم ئەم پرسە لە بارێکی زۆر سەخت و ناهەمواردا یەخەی گرتووین، کە ئەمەش هەڵەیەکی تری سەردارانی کوردە. ئامادەنەکردنی کۆڵەکە سەرەکییەکانی سەربەخۆیی لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا، باری سەختی بژێو و گوزەرانی خەڵک و قات و قڕی پاشەکەوتی موچە، من دەڵێم گەندەڵی تۆ بڵێ تاڵانی، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، دابەشبوونی هێزە سیاسییەکان بە سەر چەند بەرەیەکی ناکۆک، دژ بەیەك و گوتاری پڕ لە ڕق و کینە و دیماگۆگی، شکستی کاربەدەستانی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، شەڕی قارەمانانە و گیانفیداییانەی پێشمەرگە لە دژی داعش و بەعس و هاوبیرە نێوخۆییەکانیان، داخستنی پاڕلەمانی پڕ لە هەڵس و کەوتی کاریکاتۆری، حکومەتی ئیفلیج، کێشەی ئەزەلی ئاو و کارەبا، ناکارامەیی بەرپرس و حوکمڕانیی بێ پلان و ستراتیژی...هتد، ئەمانەو دەیان هۆکار و کێشەی دیکە کۆسپ و تەگەرەی زۆریان خستۆتە بەردەم ڕیفیراندەم و بوونەتە هۆی دابەشبوونێکی ترسناکی کۆمەڵگەی ئێمە. سەرباری هەموو ئەمانە یەك بژاردەمان هەیە لە بەرامبەر پرسیاری سەربەخۆیی کوردستاندا، ئەویش بەڵێیە، چونکە ئەلتەڕناتیڤەکە (بەدیلەکە) دەسەڵاتێکی داگیرکەر، ڕەگەزپەرست، مەزهەبی، فەرهودچی سەدەکانی ناوەڕاستە.
ئەم کاربەدەستانەی ئێمە ئەوەندە بێ ئاگان لە باری دەروونی کۆمەڵگەکەی خۆیان و تەنانەت ئەوەش نازانن کە خەڵکی ڕۆژهەڵات بە گشتی و ئەم کوردەی ئێمە بە تایبەتی زۆر جار لە بڕیارداندا بە دووی سۆز و هەست و وتی و وات دەکەوێت. زۆر لە بڕیارەکانی لە چرکەساتێکی توڕەیی یا خۆشیدا دەدات و دواتر لێی پەشیمان دەبێتەوە. کێ هەیە چەند نموونەیەکی کوردی لە بەرچاو نەبێت، کاتێک لە چرکەیەکی توڕەییدا "شۆڕشگێڕێکی" ئازا و پاڵەوان بازێکی داوە و بووەتە جاشێکی چەپەڵ؟. ئەوە جێگەی پرسیار نیە کە زۆر باشتر و گونجاوتر دەبوو ئەم ڕاپرسییە لە کەش و هەوایەکی زۆر لە بارتردا بکرابایە، ئەم بارە سەختەی ئێستا فشاری زۆری خستۆتە سەر خەڵک و ڕەنگبێت هەندێ کەس بڕیاری هەڵە بدەن. کابرا وتەنی: کورە هەر هیچ نەبوایە دەبایە ئەم ڕێفیراندەمەیان لە نەورۆز و بەهاردا بکردبایە، کاتێک خەڵک خەریکی گەشت و سەیران و گۆشت برژاندن و یاپراخ خواردندان، نەگەرمای هاوین دەیانپڕوکێنێ و نە سەرمای زستان ڕەقیان دەکاتەوە، نەك لەم گەرما پڕوکێنەرە کەم کارەبا و ئاوییەدا کە خەڵکیان لە هەموو شتێك وەڕس کردووە.
بەڵێی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی وەك بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و ئەگەر ئەم سەردارانەی ئێستاش نەتوانن، کە بە هەڵسەنگاندنی سیاسەت و هەڵس و کەوتی پەنجا ساڵی ڕابردوویان مرۆڤ ناتوانێت باوەڕی بەوە هەبێت کە بتوانن، بە ئەنجامی بگەیەنن، ئەوا ڕێگە لە بەردەم نەوەکانی داهاتوودا زۆر کراوەتر دەبێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. کاربەدەستانی ئێستاش لە گەڵ کاتدا پێگەی و سەنگی خۆیان بەتەواوی لە دەست دەدەن و ئیدی کەس باوەڕ بە دروشم و قسەکانیان ناکات و دەرفەتی ئەوە پەیدا دەبێت ڕێگە لە بەر کولتورێکی سیاسی نوێ و جیاواز لەمەی ئێستا بکرێتەوە.
سەرباری هەموو ئەمانە و زۆر شتی تریش کە لەم وتارە کورتەدا جێگەیان نابێتەوە، کاتێ ڕوو بە ڕووی پرسیاری ئەوە دەکرێمەوە: ئایە لە گەڵ سەربەخۆیی کوردستاندایت؟ تەنها یەك وەڵامم دەبێت، ئەویش بەڵێیە. ئەو هۆکارانەشی هیچ دەرفەتێک ناهێڵنەوە بیر لەوە بکەمەوە بەشێک بم لە عیراقی نەفرەت لێکراو زۆرن، لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم:

1. بۆ ئەوەی جارێکی تر نەوەکانمان لە بیابانەکاندا زیندە بەچاڵ نەکرێن و شار و گوندەکانمان بەر کیمیابارانی داگیرکەران نەکەون.
2. بۆ ئەوەی تەعریب لەوە زیاتر تەنگمان پێ هەڵنەچنێ و خۆمان لە ئەشکەوت و کێوەکاندا نەبینینەوە.
3. بۆ ئەوەی گەنجەکانمان لە ژێر ئەشکەنجەی مرۆڤخۆرانی بەعس و دەعوە و عەسایبی حەق...تاد گیان لە دەست نەدەن.
4. بۆ ئەوەی مولازم موحسنێکی فلەستینی ژیان لە دانیشتوانی شارێکی چەند سەد هەزار کەسی و ناوەندێکی گرنگی کوردایەتی تاڵ نەکات.
5. بۆ ئەوەی نائیب عەریفێکی کوێرە دێی عۆجە بە نوکە قەڵەمێك بڕیاڕ لە سەر چارەنووسی چەند ملیۆنێکمان نەدات.
6. بۆ ئەوەی خوشک و دایک و کج و هاوژینەکانمان لە ئەمنە سوورەکە و مەنزومەی شیمالی ...تاد ئەتک نەکرێن.
7. بۆ ئەوەی پێنج هەزار گوند و ئاواییمان وێران نەکرێن و دانیشتوانیان لە ئۆردوگاکانی مەرگدا بە بێ ئیش و کار و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان کۆیلە نەکرێن.
8. بۆ ئەوەی لە دوای هێڕش و پەلامارەکانی گاردی کۆماری، سوپای میللی " الجیش الشعبي" بەعس، ئەمجارەیان نەبین بە نێچیری عەسایبی ناحەق، هێزی بەدر، سوپای مەهدی و حەشدی تورکمانی ...تاد.
9. بۆ ئەوەی بازاڕی خۆفرۆشی بەیەکجاری لە وڵاتی خۆمان دابخەین، ئەندامانی خێل و هۆزەکانمان نەکرێن بە جاش و چەتەی کرێگرتە لەم بەر و ئەو بەری سنوور و لە لای ئەم داگیرکەر و ئەو داگیرکەر.
10. بۆ ئەوەی گەنجەکانمان لە شەڕ و شوڕێکدا نەکوژرێن کە هیچ پەیوەندییەکان بە خەون و بەرژەوەندییەکانی کورد
Top