خۆراگری و رٍەتكردنەوەی ژێر دەستی میللەتی كوردی گەیاندە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان

خۆراگری و رٍەتكردنەوەی ژێر دەستی میللەتی كوردی گەیاندە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان
دوای ئەو هەموو خەبات و كارەساتەی كەوا رژێمە یەك لە دوای یەكانی عێراق بە سەر میللەتی كوردیان هێناوە بە دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی لە ئاست خەبات، قوربانیدان، تڕاژیدیا، جینۆساید و چەوسانەوەی بێ هەژماری حەشیمەتی كوردستان نییە و قەرەبووی ئەم ستەمە ناكات كە بە درێژایی مێژووی دوور و نزیك، وڵاتانی داگیركەر دەرهەق بە كورد كردوویانە، بەڵام دەرفەتێكە بۆ ئەوەی هەوڵ و كۆڵنەدانی بەفیڕۆ نەچێت و بە سادەترین و ئاسایترین مافی خۆی بگات.دەبێ‌ بە بێ‌ دووڵی و لە ژێر هیچ كاریگەرییەك و دوور لە هەموو بەرژوەندییەك هەمووان لە 25ی ئەیلوولی 2017دا، بە بەڵێ دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەین، ئەو "بەڵێ"یەی كە لە ڕابردوودا كورد هەزاران هەزاران شەهید و قوربانی لە پێناو داوە، دانانی وادەیەك بۆ ڕیفراندۆم كە كەمتر لە سه د ڕۆژی ماوە، بە واتای نزیكبوونەوەیە لە دەوڵەت، دەنگی هەر یەكێك لە ئێمە، دەتوانێت ببێتە بڕیارێكی چارەنووسسازی وەها كە چیتر لەژێر سێبەری عێراقدا نەمێنینەوە و بگەین بەو ڕۆژەی كە ئاواتی هەموومانە و سەدەیەكە خەباتی بۆ دەكەین.
سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەبێتە رووداوێكی گرنگ بۆ یەكڕیزی و دەبێتە یارمەتیدەری نەهێشتنی پەرتەوازەیی لەنێوان گرووپەكاندا، هەروەها سەربەخۆیی رووداوێكی گرنگە و دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە یەكڕیزی لە ناو كوردی ناوچەكە بێنێتەئاراوە.ئەمریكا لەم پرۆسەیەدا دوورەپەرێز راناوەستێت، لەمبارەوە پەندێكی كوردی هەیە كە دەڵێت: "كورد بێجگە لە چیاكان دۆستی دیكەی نییە"، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبیشدا، ئەمریكا دۆستێكی باشتری لە كوردەكان نییە. راگەیاندنی بەرواری ریفراندۆم هەنگاوێكی گەورەیە لەسەر رێگەی سەربەخۆیی، لە ئایندەشدا دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان دانوستاندنێكی ئارام لەگەڵ بەغدا بكات، بەڵام ئەم دانوستاندنە نابێت كراوە بێت و كۆتایی نەبێت. دوای 12 مانگ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم (واتە لە ئەیلوولی 2018) حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنێت، ئەوجا لەگەڵ بەغدا گەیشتبێتنە رێككەوتن، یان نەگەیشتبن.ئەم ماوەیە كاتێكی نموونەیی نییە بۆ ئەوەی یەكێك بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاكامێكی حەتمی بەغدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەو كاتەدا كورد هەندێك لە ئومێدە نەتەوەییەكانی هاتەخوارەوە و داوای سەربەخۆییان دواخست و پشتگیری دەستووری 2005ی عێراقیان كرد، كە بەپێی ئەو دەستوورە عێراق وەك دەوڵەتێكی كۆماری و فیدڕاڵی و دیموكراتی راگەیەندرا. وێڕای ئەوەی لێدوانی برایانە سەبارەت بە (برایەتی عێراقییەكان) بوونی هەیە، بەڵام كورد هیچ متمانەیەكی بە بەغدا نەماوە.ماددەی 140ی دەستووری عێراق كە داوادەكات لەكۆتایی 2007 ریفراندۆم لەسەر چارەسەركردنی بارودۆخی كەركووك ئەنجام بدرێت، بەڵام بەغدا چەندین جار بەرواری ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمەی لەبیرخۆی بردەوە، هەر بۆیە شكستهێنان لەچارەسەركردنی كێشەی كەركووك بووە هۆكاری ئەوەی مەترسییەكانی كورد لەسەر پرسەكانی دیكەش وەك خاوەنداریەتی سەرچاوە سرووشتییەكان و كۆنتڕۆڵكردنی داهاتی نەوت و پێشمەرگەش بەسەر یەكدا كەڵەكە بن.ئێستا عێراق تەنیا بەناو بوونی هەیە، هەرێمی كوردستان هەموو مافەكانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ پیادە دەكات.
Top