ریفراندۆم و پەروەردە

ریفراندۆم و پەروەردە
چاکەخوازی کۆمەڵایەتی و چاڵاکوانی ئەمریکی سوزان ئەنتۆنی دەلێ" سەربەخۆییمان دەبێتە سەرچاوەی خۆشییەکانمان"
گومانی تێدا نییە ھەر سەربەخۆیی بوونێک لەسەر ڕووی زەوی خاوەندارێتی ڕەھایی خۆی ھەیە بە سەر شتەکانتدا، کوردستانیان کەوا بەرەوو ڕیفراندۆم وگشتپرسی ھەنگاو دەنێن سات لە دوای سات لە رێکەوتی ٢٥/٩ نزیک دەبینەوە کە ئەو رۆژە رۆژێکی مێژووی دەبێت بۆ ھەموو کوردێک بۆ ھەموو کوردستانییەک ، چونکە لەو رۆژە دا خۆت بڕیار دەدەی لە سەر چارەنووسی خۆت و میللەتەکەت کەوا چەندین ساڵە بە ئاگر و بە ئاسن دەکوژریێ ودەر بەدەر دەکرێ ئەنفاڵ دەکرێ و خاکی خۆتت پێ ڕەوا نابینرێ و ھەزاران شەھیدت داوە بۆ مانەوەت لە کوردستانت بۆ ژیانت بۆ دەستە بەرکردنی مافە ڕەواکانت کەچی ئێستا چارەنووسی خۆت لە دەستی خۆت دایە، ئایا دەتەوێت ھەر بە ژێردەستەیی و لەگەڵ عێراقێک بژی کە خۆی سەر بەخۆنییە ، یانیش دەتەوێ وەکو کوردستان سەربەخۆ بژیت بێگومان خۆت بڕیاردەدری و گلەیش لە کەس ناکرێ ئەو گشتپرسییە دەبێتە بەڵگەی دیکۆمێنتاری بۆ سەدان ساڵی تریش بۆ مێژوو و خەباتی کورد.
ئەوەی گرنگە و من دەمەوێ لێرەدا باسی بکەم پەیوەندی گشت پرسی بە پەروەردە وە چۆن قوتابی ساڵانی چوونە قوتابخانەی بە ھەر نمرەیەک دەرچووبێت ئاساییە لە نێوان (٥٠-١٠٠) ، بەڵام پۆڵی دوازدەی ئامادەیی ھەر نمرەی دەرچوون بەس نییە ، بەڵکو بە پێی نمرەکەت کۆلێژەکان داوات دەکەن، گەر نمرەکەت لە (٩٠) ە وە سەرووتر بێت بە ئارەزووی خۆت لە کام زانکۆ و کۆلێژ بتەوێ لەوێ وەردەگیرێ بە شانازییەوە ، بەڵام گەر نمرەکەت لە دەوروبەری (٦٠)ە وە ئەوا ھەلی وەرگرتنت لە زۆربەی زانکۆ و کۆلێژەکان دەفەوتێت وەر ناگیرێ ئەو نمرەیەی قوتابی پۆڵی دوازدە دوا نمرەی قوتابخانە و پەروەردەیە لە ھەمان کاتیشدا نمرەی وەرگرتنیەتی لە زانکۆ و خوێندنی باڵا.
بەھەمان شێوە ئەنجامی گشت پرسی ئەنجامی یەکلا کەرەوەیە بۆ مانەوەت لەگەڵ عێراق یان ھەنگاونانت بەرەوو دەوڵەتی کوردستان، کوردستانی سەربەخۆ لە ھەموو ڕوویەک و باوەڕپێکردنێکەوە و خاوەن ھەموودەستکەوتێک ، وە ئەنجامی گشتپرسی وەکو بەڵگەنامەی مێژووی دەمێنێتەوە کە مایەی شانازی ھەموو کوردێکە لە پێش ھەموویان خوێنی شەھیدان و منداڵ و کەسوکاری شەھیدان پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکان ئەوانن قوربانیان داوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ھەر ئەوانیشن زیاتر مافیان ھەیە لە سەر کوردستان .
ئەلێرەوە گرنگە وەزارەتی پەروەردە لەم دوو مانگەی ماوە بە چڕ و پڕی ھەنگاوی بوێرانە و نیشتیمانیانە دەرفەتی پەروەردەیی و فێرکردن و ووشیارکردنەوەی تاکەکان زیاتر بڕەخسێنێ ، ھەڵمەتی ووشیارکردنەوەی تاکەکان لە ئەستۆ بگرێ ، چونکە تەنھا ھەڵبژاردنێک نییە بۆ دیاری کردنی لایەنە سیاسیەکان و پێکھێنانی پەرلەمان و حکومەت، بەڵکو دیاری کردنی چارەنووسی میللەتێکی خاوەن زۆرترین شەھیدە بۆ ئەوەی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان نادیدە نەگرین نیشتیمانیانە و نەتەوەییانە بێنینە گۆڕەپان دوور لە خۆ ھەڵکێشان و خۆبادان و قسەی باق و بریق و ڕستەی ڕەنگاو ڕەنگ.
پەروەردە کە تێکەل بە ھەناوی ھەموو خێزان و کۆمەڵگا بووە لە رێگای پەروەردە وە بە پێی بەرنامەیەکی دارێژراو بەردەوام و ھەست کردن بە بەرپرسیاریەتی قۆناخەکە و خۆ بەخاوەن زانینی پرۆسەکە ھەڵمەتی ووشیارکردنەوە و گرنگی و بایەخی بەشداری کردن لە گشت پرسی و دەنگدان بە بەلێ بکرێتە پرۆژەیەکی ئیش کردنی بەردەوام لەمیدیاکان لە قوتابخانەکان و مامۆستا و قوتابیان کە بەشداری کردن لە رۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ وەچەرخانێکی مێژوویی و نەتەوەیی میللەتی کورد دەبێت لە ھەمان کاتیشدا نەخشەدانان دەبێت بۆ درووستکردن و بیناتنانی دەوڵەتێک بۆ قوتابییە خۆشەویستەکانمان و منداڵانی شەھیدەکانمان کە ئەوان چاوەڕیێ ئێمە دەکەن پایەکانی دەوڵەتی کوردی بۆیان درووست بکەین، ئەگینا دەکەوینە بەر نەفرەت لێکردنی ئەوان کە مافیان بەسەر ئێمەوە ھەیە، چونکە ئەوان ئایندەن و بەڵام ناتوانن بەشداربن لەم گشتپرسییە و ھاوکات ئێمەین ئەمانەت پارێز و خاوەن ئیرادە ، بۆیە دەبێ بەئیرادەی خۆمان ئەمانەتەکەیان بۆ بپارێزین کە ئەوان چاوەڕیێ دەکەن.
بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top