وانەیەک لە مێژوو بۆ نەیارانی ریفراندۆم

وانەیەک لە مێژوو بۆ نەیارانی ریفراندۆم
مرۆڤ لە ڕووی دەروون و سایکۆلۆژیاوە زۆر ئالۆزە و بەراوردی لەگەڵ گیانەوەرانی تر زەحمە بەڵکۆ ئەستەمە. سادەترین نموونەش کاتێک وڵاخ یان سەگێک بیەوێ لە پردێکی بەردی یان دروستکراو لە دار دەرباز و ئاودیو ببێ و لەناکاو تووشی کەوتن یان شکەستنی یەکێک لە دارەکانی ئەو پردە دەبێ و ئازاری پێبگاتن، ھەرگیزاو و ھەرگیز بەسەر ئەم پردە ناکەوێ و وانەیەکی ھەمیشەیی وەردەگرێ.
دکتۆر سەدیق بوورەکەیی، مێژووناسی کوردستانی ڕۆژھەڵات، لە نێو پەرتووکە بەنرخەکەی خۆی لەبارەی مێژووی ئاریاییەکان، ئاماژە بە چیڕۆکێک دەکاتن کە خۆزگە بۆ مرۆڤایەتی و بە تایبەت کورد وانەیەکی گەورە دەبوو، چونکە کەس بە ئەندازەی ئەوان ئازاریان لە ناحەزان نەچێشتووە بەڵام ھەر ئەو کوردانە چەندین جار و ئەم جارەش وا ھەر ئەو ھەڵەیە دووبارە و ھزار بارە دەکەنەوە.
دکتۆر دەڵێ کاتێک شاھپووری یەکەم کۆڕی ئەرتەخشێری بابەکان و دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی گەورەی ساسانیان، کە بە ڕەچەڵەک کوردی ڕەسەن و لە ھۆزەکانی شوانکارەی وڵاتی ئێرانن، لە ساڵی (٢٤١-٢٧٢ ز. ) دەستھەڵات دەگرێتە دەست خۆی، بەھۆی ئەوەی کە شاھێکی ئاوەدانکەر بووە و سوودی لەو دیلانە وەرگرتووە کە سەر بە شارستانیەتەکانی وەک ڕووم بوون و ھۆستا و ئەندازیاری لێھاتووی ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی باڵاخانەکان بوون، وەردەگرێ. لە یەکێک لە قۆناغەکانی دەستھەڵاتی خۆیدا، عەرەبەکانی کۆچەری ( بەدەوی ) قەڵای ھاترا (Hatra)، لە خواروی بیابانی نەینەوا، کە بەشێک بووە لە سنووری وڵاتی ئاریاییەکان، بە ڕابەراتیی پاشایەکیان بەناوی زیزەن، لە دژی حکومەت ڕاپەرین دەکەن. شاھی ئاریایی بۆ سەرکووتکرنیان دوو ساڵ ئەو شارە ئابڵۆقە دەداتن. پاشای عەرەب کچێکی زۆر جوان و ناسکی ھەبووە بەناوی نەزیرا، کە جارێکیان لەسەر دیواری قەڵایەکە چاوی بە شاھپوور دەکەوێ و شیفتە و شەیدای دەبێ. نەزیرا بە شاە دەڵێ ئەگەر بەڵێنم پێبدەی کە لە خۆتم مارە بکەی و ببم ژنت، شەو دەرگای قەڵاتان بۆ دەکەومەوە. شاھپوور بەڵێنی دا و کچەکەش باوک و فەرماندە لەشکەرییەکانی سەرخۆش دەکاتن و دەرگای قەڵایان بۆ سووپاری ساسانیەکان دەکاتەوە. شاھی دوای داگیرکردنی شار و تاوانی گەوری دژی خەڵکەکەی، بەڵێنەکەی بەجێ دێنێ و نەزیرا لە خۆی مارە دەکاتن. یەکەم شەوی بووکێنی کژەکە لەتاو ژان و ئازاری جێگە و پێخەفەکانی خەوی لێناکەوێ. بەیانی سەیریان کرد لە ژێر بالیفەکەی بن سەری پەلکە دارێکی وشک ھەبووە و ئەو ئازارەی شەوی ڕابردوو ھی ئەو پەلکەدارە بووە. شاھپوور سەری سووڕ دەمینێ و لەو ھەستیارییەی کچە دەپێچێتەوە. پرسیاری لێ دەکاتن: " ئەرێ باوکت چی دەرخواردی دەدای؟" نەزیراش، بێ ئەوەی لە مەبەستی شاە تێبگات، بە ڕاشکاوانە وەڵام دەداتن:" گۆێز و زەردێنەی ھێلکە و سەرشیر (قەیماغ) و ھەنگوێن و خۆشترین و بەتامترین خوارنەوە و مەی". شاھپوور ڕووی تێدەکاتن:" ئەگەر بۆ چاکەی کەسێک کە ئەو ھەموو ماندیبوونی بۆ پەروەردەکردنی تو دیتبێ و وەھا نازدار پەروەردەی کردووی و ئەو ھەموو نەعمەتەی بۆ دابینکردووی و توی خۆشویستووە، وەھا وڵام و پاداشت دابێ، دەبێ بترسم کە ھەمان چارەنووس چاوەڕێی منیش بکاتن". بۆیە فرمانی دا کە زۆلفەکانی نەزیرا بە ھەسپەکانەوە ببەسترێتن تا لەو بیابانە پڕ لە دڕکە ڕابکیشرێتن. ئەسپەکە ئەوەندە بەردەوام بوو تاوەکو نەزیرا گیانی لەدەستدا !
جابۆیە ئەوانەی بەنیازن، بە خەیاڵی خاوی خۆیان، خزمەت کەسانێکی بێگانە بکەن، دەبێ ئەوە باش بزانن کە چارەنووسی باشتر لە نەزیرایان دەست ناکەوێ، ھەروەک چۆن ئەو شتەمان لە ساڵانی پێشتر لە نێو ئەو کوردستانە دیتووە، کە کەسانێک ئەو کارەیان کرد و ڕژێمەکانی نەیاری کورد ھەمان ئەوەیان پێکردن. نموونە ئەوەندە زۆرن کە ناوھێنانیان زۆری دەوێ بەڵاَم تەنھا ئێستاکە کە ئەم گۆتارەم دەنووسی نامەی د. فاخر حەسەن گۆلی، مامۆستایەکی زانکۆ کە لەبارەی سمکۆی شکاک نووسراوە، لەبەردەستم بوو و لە خوێندنی ناوەڕۆکی ناوێکی وەک خالو قۆربان و ... ھتد، بەرچاوم کەوت و بە ھەمان دەرد چووە.
بۆیە داوا لە نەیارانی ریفراندۆمی کوردستان دەکەین نەک بۆ ئێمە بەڵام لەبەر خاتری خۆیان دەست لەو کارە ھەڵگرن تا چارەنووسی بەدبەختێکی وەک نەزیرایان تووش نەبێ.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top