ڕۆژی بڕیاردان

ڕۆژی بڕیاردان
دیاریکردنی ڕۆژی گشتپرسی لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، بڕیارێکی مێژووییە، ڕۆژی بڕیارە ڕاستەکەی نەتەوەکەمانە، لەم ڕۆژەدا، خەڵکی کوردستان بریار لە چارەنووسی خوی دەدات، ریفراندۆم پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، دەتوانێت کێشەکانی کوردستان چارەسەربکات با ھەموومان دەست لە ناو دەستی یەکتر ھەنگاو بنێین، ئیتر کاتی بڕیار و خۆڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردە، تا لە داھاتوودا لەژێر سێبەری دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ھەناسە بدەین.
ڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ بڕیارە گرنگ و مێژوویەکە درا، دروستکردنی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی و دانانی یەک ھەفتە بۆ لایەنەکان تا نوێنەر دەستنیشان بکەن و نووسراوی سەرۆک بارزانی بۆ کۆمسیۆن تا ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم لە وادەی خۆیدا بکرێت نەخشەرێگای پراکتیکین بۆ سەرکەوتنی گەورەتر، لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا، بە دەنگی ھەر تاکێک مێژوویەکی جوان بۆ نیشتیمان تۆمار دەکرێت.
سەربەخۆیی، خواستی شەقامی کوردییە، بازنەی ئەم خواستە مەزنە زۆر فراوانترە لە ئارەزووی تاکە کەسێک، یان تاقمێک، یان حیزبێک، بۆیە بەرگرتن بەم خواستە، یان تەگەرە دروستکردن لەبەردەمیدا، ھیچ ئاکامێکی نابێت، جگە لە مایەپووچی نەبێت لە بەردەم مێژوودا.
ڕیفراندۆم چەتری کوردایەتییە، خوانێکە بۆ ھەموومان، گرنگە نێوماڵی کوردیمان یەکبخەینەوە و متمانە بگەڕێتەوە بۆ نێو پرۆسەی سیاسی و ئاشتەوایی نیشتیمانی بونیاد بنێینەوە.
ھەنگاونان و دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ڕیفراندۆم بووەتە ڕۆژەڤ، ‮ ‬ڕۆژ بەڕۆژ پێی‮ ‬دەنێتە قۆناخێکی‮ ‬پێشکەوتوتر لە باشووری‮ ‬کوردستان، ھاوڵاتیان بەگەرمی‮ ‬و بە جۆشەوە چاوەڕێی‮ ‬ئەو ڕۆژە دەکەن، ریفراندۆم، جگە لەوەی بابەتێکی‮ ‬یاسایی‮ ‬و سیاسییە، ھاوکات دەسکەوتێکی بەھادارە بۆ گەڵی کوردستان، چاوەڕوانی چەندان سەدە، لەم ڕۆژەدا دەبینم، چارەنووس و ھیوای میللەتی تێدا بڕیار دەدرێت، بۆیە سێ وشەی جوان ھەیە لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا، ھیچ کات لە یاد ناکرێن، ھەمیشە لەناو فیکر و دەروونی کوردستانیاندا، بە زیندوویەتی دەمێننەوە، ئەوانیش بریتین لە: پێشمەرگە، بارزانی، سەربەخۆیی.
Top