شیكردنەوەیەكی یاسایی لە بارەی مافی یاساییی بوونی پرسی ریفراندۆم وسەربەخۆییی

شیكردنەوەیەكی یاسایی لە بارەی مافی یاساییی بوونی پرسی ریفراندۆم وسەربەخۆییی
لە كاتی ئێستادا كە بریار دراوە لە رێكەوتی 25-9-2017 راپرسی لە هەرێمی كوردستان بەرێوە بچیت، زۆر رای جیاواز لە دەرەوەی كوردستان و لە ناوەوە لە سەر مافی ئەنجامدان و ئەنجام نەدانی ریفراندۆم دروست بووە ،هەر بۆیەش بۆ دوو بەرەی جیاواز دابەشبوون لێرەدا مەبەست شیكردنەوەیەكی یاساییە لە بارەی ئەو بابەتەیە نەوەك بیركردنەوەیەكی تەسكی حیزبی وەكوو ئەوەی لە لایەن چەند لایەنەكی دیاریكراوی كوردستاندا هەیە.
هەندەك لە عێراقییەكان لە بەغدا پێیان وایە كە دەستووری عێراق ڕێگا بەوە نادات بۆ ئەوەی گەڵی كورد بە ریفراندۆم بریار لە چارەنووسی خۆی بدات ، چوون بابەتی لەو جۆرە لە دەستوری هەمیشەی عێراقدا ئاماژەی پێ نەكراوە، و پێیان وایە ئەوەی كە لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هاتووە، مەبەست بریاری چارەی خۆنوسین بۆ ئەو ووڵاتانە دەگەرێتەوە كە لە لایەن ووڵاتەكی تر داگیر كرابیت و یان بە واتایەكی تر مستعمرەی ووڵاتەكی تر بیت.
و مافی راپرسی و جیابونەوە بەوە دەبەستنەوە كە لە دەنگدانەكی گشتی دەنگ بە مادددەی 126ی دەستور بدرێت.كە تیادا هاتووە:" سەرۆك كۆمارو ئەنجومەنی وەزیران پێكەوە یان پێنج یەكی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران مافی پێشنیاركردنی هەمواركردنی دەستووریان هەیە".
لە لایەكی ترەوە دژ بەرانی راپرسی و ریفراندۆم پێیان وایە كە:یاساكانی نێودەوڵەتی رێگا بە ئەنجامدانی گشتپرسی و جیابونەوە نادەن لە بەر ئەوەی عێراق دەوڵەتێكی ئەندامە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەكپارچەیی و سەروەرییەكەی پارێزراوە بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەستووری عێراقیش ڕێگا بە جیابوونەوە نادات لەبەرئەوەی لە دەستووری عێراقدا حوكمێك نییە، بۆیە خۆی دەبێت رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی ناوەندی بەغداو هەرێمدا بكرێت.
و هەندێكی تریش رایان وایە كە دەبیت لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە پرۆژە یاسایەك پێشكەش بە پارڵمانی عێراقەوە بكرێت بۆ ئەوەی وەكوو ووڵاتی سودان جیابونەوە ئەنجام بدرێت.
ئەوەی كە باس لە مادەی 126ی دەستوری هەمیشەی عێراقدا هاتووە بە هیچ شێوەیەك باسی لە جیابونەوە یان ریفراندۆم نییە تەنیاباس لە هەموار كردنەوەی دەستور دەكات ئەویش دوو برگەی دووەم و سێیەمی لەو مادەیە كە بە مادەی جامد داناوە لە سەر ئەو بناغەیەی كە دەستوری عێراق لە سەر بناغەی شەریعەتی ئیسلام دانراوە و لە هیچ كاتەك هەموار كردنەوەی تیدا نییە،
بەڵام ئەوەی كە دەبیت هەڵوێستەی لە سەر بكرێت ئەوەیە كە دەستووری عێراقی سەرەرای ئەوەی كە لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی حوكمەوە دانراوە و لە سەر دەستوری حاكمی مەدەنی ئەو كات (پۆڵبریمەر)بناغەی بۆ دانرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵكی عێراق شیعەن لە ژێر كاریگەری شیعەدا ئەو دەستورە نوسراوە هەرچەندە كە مافەكانی كورد لەو دەستورەدا جێگیر كران ،بەڵام لەهەندەك برگەو بابەتەكانی بنەرەتی لەژێر كاریگەری مەرجەعییەتی شیعەدا جێگیر كران ،هەر بۆیەش دەپرسین كە كام بیر و بۆچوونی شیعی ئەومەجاڵە دەدات بەوەی كە دەستوور هەموار بكرێتەوە و تیدا برگەیەك جێگیر بكرێت كە كورد جیا ببیتەوە بە زانینی ئەو بابەتەی كە شیعە لە پارڵمانی عێراقیش زۆرینەیەو لە ژێر هەژمونی راستەوخۆی ئێراندایە كە هەر خۆشی كێشەی چەوساندنەوەی نەتەوەی كوردی هەیە.
لە لایەكی ترەوە دەستەڵاتدارانی عێراقی ئەو گرێبەستەیان شكاندووە كە لە بەشێكی دیباجەی دەستوردا باسی لێوەدەكات (چوون دەستوور ئەو گرێبەستە كۆمەڵایەتییەیە كە پەیوەندی نێوان دەستەڵات و گەل و سەرجەم دەستەڵاتەكان دیاریدەكات).
" هەوڵماندا بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ‌، عێراقی ئایندە بەبێ‌ دەمارگیری مەزهەبیو لایەنگیری ڕەگەزپەرستانەو گرێی ناوچەیی و جیاخوازیو دوورخستنەوەی هیچ لایەك تەكفیر و تیرۆریش نەبووە ڕێگر لەبەردەمماندا بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا،"
لە راستیدا پاش زیاتر 12 ساڵ لە جێگیر بوونی دەستوری هەمیشەیی عێراقی فدراڵ كە بە گشتپرسی دەنگی پێدرا،هیچ یەك لە برگەو بابەتەكانی وەكوو خۆی جێبەجی نەكرا تەنانەت بە پێچەوانەكەیەوە جێبەجێ‌ كران، هەروەكوو لە دیباجەدا هاتووە.تەنانەت ئەندامەكی لە كوتڵەی دەوڵەتی یاسا بە ناوی حەنان فەتڵاوی، بە ئاشكرا لە سەر شاشەی تی ڤییەكان بەشانازییەوە و باس لە جێبەجێ‌ نەكردن و پێشەڵكردنی مادەی 140ی دەستور سەبارەت بە گەراندنەوەی ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكات.
هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن چۆن لە دیباجەی دەستوردا هاتووە:
"ئێمەی گەلی عێراق بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە بە تەواوی ویستی خۆمان بە ئازادانەو ئارەزوومەندانە بڕیاری یەكگرتنی ئارەزوومەندانەمان داوەو دەرس وەردەگرین لە ڕابردومان بۆ داهاتوومان، وە لە بەها باڵاكانی پەیامە ئاسمانیەكان و دۆزینەوە نوێكانی زانست و شارستانیەتی مرۆڤەوە ئەم دەستورەمان دانا. پابەندبوون بەم دەستورەش یەكێتی ئازادانەی گەل و خاك و سەروەری عێراق دەپارێزێ"
هەر ئاواش دەتوانیین بریار لە سەر چارەنووسی خۆمان بدەین.
Top