سیاسەتی رێفراندۆم میللەتی کورد بەرەو پێش دەبات

سیاسەتی رێفراندۆم میللەتی کورد بەرەو پێش دەبات
سیاسەتی رێفراندۆمى ئێستا، جیاواز لە ڕێفراندۆمی چەند ساڵ لەمەوپێش رێفراندۆمێکی ڕەسمییە و لە لایەن سەرکردایەتی کوردەوە بریاریی یەکلاکەرەوەی لەسەردراوە، بۆیە بەشێکی جددیە لە پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی کوردستانی باشور و عێراقی شکستخواردووی ژێر دەسەڵاتی ناڕەوای ئێران و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پەیوەندیشی هەیە بە سیاسەتی جیهانی تا ئەو ڕادەیەی کە باس لە پەیوەندی وان لەگەڵ ئەم ناوچەیدا بکرێت .
رێفراندۆم خاڵێکە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە پرسی شکستی دەوڵەتانی ناوچەکە بەتایبەت ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا لە چارەسەری پرسەکانی وڵاتی خۆیاندا و داهاتووی ئەو وڵاتانەوە. کورد لە شەڕی دژی تێرۆردا (کە دیارەدەیەکی ناوچەیی بەڵام بە کارتێکەریی نێودەوڵەتییەوەیە)، ڕاستەوخۆ بەشدار بووە و هاوبەشی هاوپەیمانان و ئەوانەیە کە دژی تێرۆرن، نەک هەر ئێستا بەڵکو لە داهاتووشدا وادەمێنێتەوە، بۆیە ڕێفراندۆمی کورد گرێدراوە بە داهاتووی تێرۆر یان سەقامگیریی ناوچەکەوە.
ڕێفراندۆمی کوردستان بەشێکە یان هەنگاوێکە لەم سەقامگیرییەی کە دەبێ لەم ناوچەیەدا جێگیر بکرێت. لەبەر گشت ئەم هۆکارانە پرسی رێفراندۆم پرسێکی پەراوێزخراوی دەمەتەقێی حیزبەکانی دژبەری سیاسی کوردستان نیە. پڕۆسەی رێفراندۆم هەر لە ئێستاوە هەژموونی مەعنەوی خۆی بە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان و هاوڵاتیانی دیاسپۆرادا جێگیر کردووە.
پڕۆسەی رێفراندۆم گوتارێکی یەکگرتوویی هێناوتە ناو ژیانی سیاسی و ئیداری و فیکری و تەنانەت ئابووری ئەم وڵاتەوە و خەریکە کوردستان دەکاتە خاوەن یەک گوتاری میللی مۆدێرن و ڕۆشن تاکو دنیا بە ئاسانی لە کورد و داخوازی کوردستان حاڵی ببێت و هەڵویست وەرگرن. ئەم گوتارە شکست بە گشت ئەو گوتارانەى دیکە دەهێنێت کە لە سەر بنەمای ناوچەیی، بەرژەوەندیی تەسکی ئابووریی و سیاسەتی پارچە پارچەبوون ساغ بوونەتەوە و ڕێگرن لە یەکانگیری کورد و کوردستان.
گەشەی دیمۆگرافیی کوردستان وا لە ئێمە دەکات کە لە ساڵانی ئایندەدا ببینە خاوەن هێزی کاری بەرفراوان لە بازاڕی کوردستاندا، کە ئەمە خۆی یەکێکە لە فاکتەرە هەرە کاریگەرەکانی گەشەی ئابووری بەرچاوی داهاتووی وڵاتی ئێمە، بۆیە بۆ سەرکەوتن لەم ئەرکەدا دەبێ هەلى کار، بە ئیدارەیەکی باشی ئابووری وڵاتەوە دابین بکەین. ئەمەش بە دامەزراندنی دەوڵەت دەکرێ.
لە چەند ساڵی رابردوودا بۆ جیهانمان سەلماند کە لە مەیدانی ئابووریدا گشت شانس و هەلێک تەنانەت دەرفەتی بچوکیشمان بە کارهێناوە بۆ هاوکاری لەگەڵ دونیای دەرەوە، ئێمە بناغەیەکمان دامەزراندووە کە لە سەر ئابوورییەکی کراوە بەرەو ڕووی ئابووری جیهانی ساغ بۆتەوە. بۆیە خوازیارین کە ببینە بەشێک لەو سیستەمەى پێیدەگوتری (ئابووریی جیهانی).
گۆڕانی ستراکچرال بە واتای گواستنەوەی هێزی کاری زۆری کوردستان بۆ کار و چالاکی بە بەرهەمتر، کە پێویستی بە هاوکاریی کۆمپانیا فرەڕەگەز و نێودەوڵەتییەکانە، کوردستان بوارى ڕاکێشانی سەرمایەی ڕاستەوخۆی دەرەکی لەبەردەستدا دەبێت ئەگەر سەربەخۆیی مسۆگەر بکات. ئێمە بەم هەنگاوەوە دەتوانین دامەزراندن بۆ ملیۆنان گەنجی ئەم وڵاتە بکەین، کە ببێتە هۆی گەشەی سیستەمی بانکی و گەشەی کەرتی تایبەتی کوردستان و ئابوورییەکی زیندوو.
داهاتووی ئێمە لە کۆیلایەتیدا نیە و لە گەڕانەوە بۆ ژێر ڕەحمی مالکی و کەسانی وەک ئەودا نیە. لە گەڕانەوە بۆ ژێر شکۆ و سەروەریی حکومەتی شکستخواردوو و پڕ تەنگ وچەڵەمەی وەک عێراق و سوریادا نیە، ئێستا زۆرێک لە چاودێرانی شارەزا بە زمانی ئاشکرا رایدەگەیەنن کە وڵاتانێک بە ناوی عێراق و سوریا نەماون، ئێمە بۆ کوێ بگەرێینەوە؟ هیوامان بە کام لە سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتانە هەبێت تاکو شەراکەتمان لەگەڵدا بکەن؟ کامە سەقامگیری ئەو وڵاتانە دەتوانێ ئێمەش بپارێزێت؟
ڕێفراندۆم وەک کردەوەى کۆنکرێتی، ڕێگا خۆشکەری هەنگاوێکی گەورەی مێژووییە بۆ کورد، وەک پرۆسەش، پرۆسەیەکی تەواوکاری و پێکهاتەیی میللیە بۆ کورد لە ئاستی ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا.
ئەگەر پرتەوبۆڵە هەبێت و نەیاری دژ بەو هەنگاوانەى سەربەخۆیی هەبێت یان لەبەر دوژمنایەتییە یان لەبەر نەزانی، بەڵام هیچ کامیان توانای خۆگرتنیان لەبەرانبەر پرۆسەی رێفراندۆمدا نیە. پێگەی ئەمڕۆی کورد و کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەرئەنجامی فیداکاری و گیانفیدایی سەدان ڕۆڵەی ئەم میللەتەیە، ئەم دەرفەتە لە دەستنادەین، لەبەر ئەوەی گشتمان لەم پرۆسەیەدا گەورە دەبین، کامڵ دەبین، لە ئاواتەکانمان نزیک دەبینەوە، لەبەر ئەوەیە منداڵانی ئەمڕۆ و سبەی ڕۆژێی کوردستان شایستەی ئەم هەنگاوە مێژووییەن.

حوسێن کوردنەژاد
Top