وەرن

وەرن
بەپێی زانیاریی ورد لە ئەوساتی سیاسیی زۆنی سەوز كۆمەڵێك سیاسیی باڵای ئەم دەڤەرە بەڵێنی شەرەفیان بە یەكتر داوە كە ڕێگر بن لەبەردەم ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی. بە مەلایین دۆلاریان لە مالكی و دەرودراوسێ وەرگرتووە بۆ ئەوەی بكەنە قوڕگی ڕۆشنبیر و میدیاكانیان لەپێناو شێواندنی هزر و هۆشی هاووڵاتیان لەدژی سەربەخۆیی.
دەبا ئێمەش وەك ئەوان بكەین و هەر هەموومان لەدژی سەربەخۆیی بوەستینەوە،
با ئێمەیش لەبری بینینی دنیا گرد و گۆڕ ببینین
با بچین لەسەر كاناڵەكانی عەرەبی سووكایەتی بە پێشمەرگە و سەربەخۆیی بكەین
با هەموومان ئاوازی پاشكۆیی بچڕین
ویلایەتی فەقیه و فەتوای ئایەتوڵڵا بچەسپێنین
ڕدێنپان و شاڵواركورت بین، ناوی مناڵەكانمان بنێین ئوسامە و جەوهەر دۆدایۆف
با ببین بە مونافیق و ڕیاكار بین و خەونی درۆیین بە پەیامبەران ببینین
جاران دلێمی و ئەبو زیاب، با ئێستا نەجەفی و سەماوی بكەین بە موتەسەرف
لەبری سەربەخۆییخوازی با قوڕ بكەینە سەرمان و بەدەوری گۆڕ و جەهلی مودێرندا بسووڕێینەوە
با بە نەیار بڵێین قووتی گەلەكەمان ببڕە
با بە داگیركار بڵێین وەرن ڕزگارمان بكەن لە دەنگی ئازادیخوازی
با پشت لە شەهیدان بكەین و گاڵتە بە مێژوومان بكەین
وەرن با بترسین، وەرن با ببین بە ئیخوانی فاشیستی ئیشتیراكی
وەرن با یاریی كانتۆنی بكەین، با سەركردە بپەرستین، با ڕقمان لە یەكتر بێ
وەرن لەپێناو مەدینەی ئەفڵاتونیدا دڵی دوژمن خۆش بكەین
وەرن هەموومان ببینە فەیلەقی قودس و جەندرمە و حەشد و داعش
وەرن با نان لەسەرووی ئازادیدا بنێین و ببین بە جاش
با خەنجەر لەپشتی یەكتر بدەین
وەرن با پشت لە سەربەخۆیی بكەین و ببین بە كۆیلەی ئەبەدی
وەرن با جنێو بدەین بە یەكتر هەتا هەتا... وەرن با بچووك و بچووكتر ببین
وەرن با پشت لە سەربەخۆیی بكەین، شەرمەزاری دوژمن نەبین و شەرمەندەی نەوەكانمان بین و ببین بە پەند لە مێژووی مرۆڤایەتی.
Top