بیانووی دەوڵەت نەویستن

بیانووی دەوڵەت نەویستن
ئەوانەی ئێستا گازی دەکەن ئازادیمان بۆچییە، کاتێک ئێمە مووچەمان نەبێت، هەر ئەوانەن کە لە حەڤدەی شوبات هاواریان دەکرد ئێمە مووچە و نان ناگۆڕین بە ئازادی، ئێمە مووچەمان بۆ چییە ئەگەر ئازادیمان نەبێت؟!!.


ئەوەی راستی بێت لە کوردستان دوو جۆرە جوڵانەوە هەیە. جوڵانەوەی ئازادیخوازی کوردستان و جوڵانەوەی ئازادنەخوازی کوردستان. ئەوەی یەکەمیان لە سەرەتای سەرهەڵانیەوە بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان لە هیچ تێکۆشان و قوربانیدانێک درێغی نەکردووە. هەرگیز نەیشاردووەتەوە کە کوردستانێکی سەربەخۆی دەوێت. ئەگەر لە قۆناغێک لەسەر مافێکی بچووکتر کەوتبێتە گفتوگۆ، ئەوە مانای ئەوە نەبووە کە ئامانجە گەورەکەی سەربەخۆیی لەبیردەکات و وازی لێدێنێت. ئەم رێککەوتنە بچووکانە واتای وردکردنی ئامانجە گەورەکە بووە بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ بە دەستی بێنێت.


هەرچی بزووتنەوەی ئازادی نەخوازی یە لە کوردستان، زووتر و باشتر لە دایگیرکەر لە دژی بزووتنەوەی تێکۆشان بۆ رزگاری کوردستان هاتووەتە دەست ئەم بزووتنەوەی ژێردەستی خوازییە بەهەموو شێوەیەک لەمپەری خستووەتە بەرچەرخی پێشکەوتنی ئازادیخوازی و سەربەخۆیی کوردستان. ئەم بزووتنەوە ئازادی نەخوازە لە رابردوودا چەکی دوژمنی کردووەتە شان و شەڕی تێکۆشەرانی ئازادیخوازی کوردستانی کردووە. ئێستا لە کراسی هزری و فەلسەفەی دا هەمان رۆڵ دەگێرێت. مرۆڤ ناتوانێت باوەڕ بکات کە لەناو کوردستانیاندا کەسانی وا هەن کە بێ شەرم و سڵەمیینەوە لە دژی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان رادەوەستن.


ئێمە ئێستا لە سەر دووریانی دەوڵەت ویستن و دەوڵەت نەویستنین. ئەوانەی دەوڵەتیان ناوێت بیانووی سەیر دێنن. پێیان وایە ئەمە رێسکێکی مەترسیدارە و خەڵکی کوردستان تووشی کارەسات دەبێت. لەبیریان چووە ریسکی گەورەتر مانەوەیە لەژێر دەستی و ئێمە نرخەکەمان داوە بە کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و هەژاری و شکاندنی کەسایەتی کوردستانی. واتە مەترسی مانەوە لەژێر دەستی کەمتر نییە لە مەترسییەکانی راگەیاندنی سەربەخۆیی.


بەرەی سەربەخۆیی نەخوازی هەموو هەوڵێک دەدات تا کوردستانیان بترسێنن و بەۆیر پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەچن. وایان نیشانداوە کە لەلایەن داگیرکەرانەوە ئابلوقە دەخرێتە سەر کوردستان و خەڵک ئیمتیازات و پارە و ئەرزاق لە دەست دەدات و و پەلاماری کوردستان دەدەن و ..تاد. بەڵام پێیان دەڵێین: ئەوەی کە کوردستان زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە بەشیوەی نیمچە سەربەخۆ بەڕێوە چووە و هەیە، لەبەر دلۆڤانی و بەزەیی ئەم چوار وڵاتە داگیرکەرە نەبووە. ئەم وڵاتانە ئەوەی لە دەستیان هاتبێت لە دژایەتیکردنی کوردستان کۆتاییان نەکردووە. هەر لە بۆردومانی گوند و سنوورەکان تا ئابلوقەی ئابووری و تا ناردنی تیرۆریست و تا جاسوسی کردن لەسەر تێکۆشەرانی کوردستانو..تاد.


ئێستاش حکومەتی عێراق بودجەی کوردستانی بڕیوە، چەکی نەداوە بە پێشمەرگە و خۆیان ناتوانن پەلامارمان بدەن بە رێگای داعشەوە ئەوەی پییان کرا کردیان لە دژی کوردستان. باری ژیانی خەڵکی کوردستان لەوەی هەیە خراپتر نابێت. بۆ بازرگانی سنور لەگەڵ تورکیا وئێران بە هەموو جۆرەکانیەوە بە هی نەوتیشەوە، ئەوان لە ئێمە زیاتر پێویستیان پێی هەیە، ئەگینا دەمێک بوو سنوریان داخستبوو.


گەلی کوردستان هەرگیز دەرفەتێکی وا گونجاوی دەست ناکەوێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی. چونکە هەر چوار ولاتە داگیرکەرەکەی کوردستان تووشی گرفتی گەورە هاتوون. عێراق و سووریا لەبەر هەڵوەشانەوەن و تورکیا تووشی سەرلێشێوانی گەورەبووە لە سیاسەت و هاوپەیمانییە هەرێمی نێودەوڵەتییەکاندا و زێدەباری رەوشی خراپی ئابووری. ئێران دەچێت کە تووشی گۆشەگیری زیاتر و قەیرانی زیاتر ببێت، ئەگەر شەڕەکان بۆ نەنێرنە ناو ماڵی خۆی. جاکاتێک ئەمە حاڵی دوژمنانمان بێت بۆچی ئێمە ئەم دەرفەتە نەقۆزینەوە ؟! شایانی باسەکە ئێمە حکومەتێکمان هەیە سەرەرای هەموو خراپە و تێبینیەکانمان، توانیویەتی ئیدارەی بارودۆخەکە بکات بەرگەی شەڕ و گوشارە ناوخۆییەکان بگرێت.


پرسی ڕیفراندۆم چیتر پەیوەندی بە پەرلەمان و کاراکردنەوەو کارانەکردنەوەی نییە. چونکە لە پەرلەمان بە یاسا بووەتە ئەرکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان.


ئەوانەی پێیان وایە ناوماڵی کوردستان یەک نییە و سوپامان یەک نییە و ئابووریمان باش نییە و بارودۆخ گونجاو نییە و . هەزاران بیانووی دیکە، باشە بزانن ناوماڵی ئەمریکا و ئیسرائیل و یەک نەبوو کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی، ئەمریکا بۆ زیاتر لە سەد ساڵ دوو سوپای هەبوو. و ئێستاش هیچ وڵاتێک بێ کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی نییە تەنانەت سویسراش.


بۆیە هیچ بیانوویەک جێگای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ناگرێت.
Top