یا دجلە الخیر جبل الاشم دراوسێ تازەکە تە

یا دجلە الخیر  جبل الاشم دراوسێ تازەکە تە
بەغدا بەدرێژایی مێژوویی دامەزراندنی لە شارێکی رۆمانسیی و ئیرۆتیکی مێژوویی ‌بترازێ گرفتی ئەوندەنەبووە ، وەڵێ ژیانی زانستی و حکومرانیەتییەکەی مایەی ئازارو ئێش و ژان بووە بۆ عێراقییەکان بەگشتی و بۆ کوردو کوردستانیانیش بەتایبەتی ھەر چەوسانەوە و تواندنەوەو رەمزی دیکتاتۆریەت و تۆتاریەت بووە . بەکورتی بەغدا بەدرێژایی ‌قۆناغەکانی ھەر لە( ئەمین و مە ئموونەوە تا سەدام و سەردەمی ئەمرۆ) ترۆپکی ، خیانەتی برا لە برا ، کودەتای خوێناوێ ، ھاتنە سەر حوکم بەھۆی لوولەی چەک و تانکەکانی سەر شەقام ، لێدان لە ھزری ئازادو بیری نیشتیمانی و نەتەوەیی و دیموکراتی .. لێدان و ڕاوەدونانی شوعیەکان و علمانیەکان و پیاوانی بیر مەندو کەڵە رۆشبیران ، بەرادەی ئەوەی سەدان حەلاج سەریان پەڕێندراو و سەریان پێھەلگیرا یا سەرگوم کران و ڕاوەدوونران وکەسیش گوێی لە (انا الحق ) یان نەبوو .
ئێستای بەغدا ،لە نێوان ملمانێی شیعەو سونە دا ، لە چاوتێبڕنی رۆژھەڵات و رۆژئاوای دا بەتایبەتیش گەرانەوەی ئێرانییەکان بۆ ناو باخ و باغاتە کەی ( باخی داد ) ی سەر رووباری دیجلە ، و چاویان لە بەستنەوەی تارانە بەھۆی دیجلە وە بە دەریای سپی ناوەراست لەلایەک و مسۆگەرکردنی بەستنەوەی ئێران لە سەرووی روباری دیجلەوە بە سوریاوە لەلایەکی تردا .لەوساو ئێستاوەش بەغدا ی دیجلە تولخەیر ەکەی جەواھیری کە لە شەڕ زیاتر ھێچ خێرو بێری بۆ کورد نەبووە و
کوردستانییانی (جبل و ئەشەم ) یش ، لەوە دڵنیان کە بەغدا ھەمیشە بە چاوی پلە دوو سەیریان دەکا و ئەوەی ناوی ھاوڵاتیی بوون بێ ،مافی ھاونیشتیمانی بوون بێ پێ یانی ڕەوا نابینێ .بۆ ئەمەش
دووسەدە لە حکومرانیەتی بەغدا ،سەد ساڵ بەر لە سایکس پیکۆ ، سەدساڵ لە دوایی سایکس پیکۆ وە باشترین بەڵگەی زیندوی دیکۆمێنتارە بۆ ئەو جۆرە حکومداریەتییە تۆتارییەی بەغدا،
سیفەتێکی دیکەی سەیری بەغدا بەدرێژایی مێژوو ،بریتی بووە لەوەی کاتێ بێھێزو لەڕو لاواز و باری سیاسی و سەربازی لار بێ ، بەکونفەیەکونێک دەبێ بە دیموکراتخوازو مرۆڤدۆستی ئاشتیخواز ، بانگەشەی دەوڵەتی ھاوونیشتیمانی بوون بۆ ھەموان دەکات و لە شوعییەکان مارکسی تر و لە مەلیک مەلیکتر ، لە دیموکراتیان دیمەکراتخوازتر ، لە کوردیش کوردتر دەبێ .
بە پێچەوانەوەش ھەر کاتێ دەسەڵاتتەکەی ، پڕ ھێزو چەک و تفاقی جەنگی بووبێ ، بێباک لە پرەنسیبەکانی ماڤەکانی مرۆڤ و ھاولاتی بوون و ھاونیشتیمانی بوونی کۆمەڵگای عێراقی بەزۆر پێکەوە لکاو ، بەدەھا مانۆر و سینارۆیی ئامادەکراو ، دڕندە ئاسا ھەڵمەتی قڕکردن ، لە ناوبردن ، برسیی کردن ، کۆیلە بون ، بە جارییە کردنی کچان و ژنان ، کیما باران و راگوێزان ، ئەنفال و سوتماکردنی خاک پیادەدەکا ، بەرادەیێک مرۆڤ بەتایبەتیش کورد لە تاقیگاکانی بەغدا دا ( ڕێغر من ڕلحشرە قاتلە ) یە !!! .
ئایا کەس ھەیە ئەم دەستەواژەیەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرشی رژێمی سەدامی لەبیر چووبێ ( آێغر من الحشرە قاتلە ) ؟ .. کە دوایی پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفال چ کارێکی بەد ڕەوشتینەما بەکوردی نەکا و بە ئاشکراش لە بەغداوە لە بەردەم دارو دەستەکەی بەدەستەواژەی سەیرو سەمەرەی بەکاردەھێنا وەک(حەرام کردنی خواردنەوەی ئاوی دجلەی لە کوردو قەدەغە کردنی لەسەرکردایەتی سیاسی کورد و...تد )، خۆ خودی سەدام دەیزانی
کە سەرچاوە پاکەکەی ئاوی دیجلە لە خاکی بەپیت و ، لە چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە ، جەواھیری گوتەنی لە (جبل الاشم ) ەوە ھەڵدەقوڵێ. ئەو کە بەمەبەست و ماناوە وای گوت ،لە ڕوانگەی ئەو بەرنامەیە دا بوو، لە دوای نسکۆی شۆرشی ئەیلول لە ١٩٧٤ بەرەو سەرەوەتا ١٩٨٨ پرۆسەی تواندنەوەی کوردستانی دەست پێکردبوو ، لە ھەندێ ناوچەی پێدەشتەکانی کوردستانیش دا خەریک بوو دھگەییە ترۆپکی مەبەست .
ئای لەو سیاسەتە بەد ئەمەکی و بێمۆراڵ و ناجێگیری
حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی بەغدا.
ھەر دەرفەتیان بووبێ مارئاسا ژەھری کوشندەی تەعریب و تەبعیس و سوتماک و قڕکردن و جینۆسایدیان ڕشتووە .
وەلێ ئێستا کوردی مارانگەستە ، چیتر ئامادەنییە ببێتە قوربانی بێمۆڕاڵی سیاسەتی ناجێگیر و بێئامانی بەغدای جلەو بەدەستی ئەم و ئەو .
ئێستا کوردستانیان پرۆسەی مافی سروشتی خۆیان پیادەدەکەن و بە بەڵێ بە رەو پیری ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەچن و نایانەوێت لە دوای نەمانی تیرۆرستانی داعش ئایندەی نیشتیمانەکەیان نادیارو پر لەمەترسیی دا بێ ،
ئێستا کوردستانیانی موچەبراو لەلایەن بەغداوە ، بەسکێ تێرو دەیانی برسی ، بەسەری بەرزی باوەڕ بەئایندە بوون بۆ بەڵێ .. بۆ سەر بەخۆ بوون .. بۆ ریفراندۆم دەنگ دەداو .. دەڵێ :
ئەوە دەنگی ئەو گەلەیە کە ..
شعب دعائمە الجماجم والدم تتحگم الدنیا ، ولا یتحگم ... ئەو ە دەنگی ملیۆنان دەنگدەری کپکراوە ، بۆ سەربەخۆیی ڕابووە .. ئەوە دەنگی نیشتیمانیانی :
یا (موگن الابگال ) ە .. و (باسم الڕمین المێگفی من آمتە )....
لە ڕابوون و ھەڵسانەوەدایە بەرەی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی فرەوانتر دەکات و ھەموو کێشە و گرفتە ناوخۆییەکان وەلادەنێ و دەڵێ :
بەغدا .. وڵاتی تازەی کوردستان - الجبل الاشم –دراوسێتە .ھەڵسە .سڵاوی دراوسێی تازەی لێبکەو بەخێری بێنە ، گەر دراوسێیەکی باشت دەوێ . ئەوە ئەم دراوسێی تازەیەت ، ناوی کوردستان – جبل الاشم –ە ، ئەو نیشتیمانە کە ‌ ( موگن الابگال ) بە ناوی ( الڕمین المێگفی من امتە ) لە مێژوودا تۆمار کراوە .



Top